بۆچی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرەی میسر دەرچوو ؟

ڕەنگە بتوانین هۆکارگەلێکی تایبەت دەستنیشان بکەین کە بۆچی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە ناوچەیەکی کوردی دەرنەچوو بەڵکو لە پایتەختی وڵاتی میسر لە چاپ دراوە؟ هۆکارگەلی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتووری، سیاسی، تکنیکی و …. لەو بابەتهدا بەرچاون که لەم یادداشتەدا تەنیا ئاوڕ لە دوو بابەتی تکنیکی و سیاسی دەدرێتەوە چونکە بە ڕای نووسەری ئەم یادداشتە ئەم دوو بابەتە کاریگەرتر و بەرچاوتر دیارن، هەروەها ئامانجی ئەم یادداشتە ئەوەیە کە تەنیا فوکوس بکاتە سەر ئەم پرسیارە کە “بۆچی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرە دەرچوو”
سەرەتا پێویستە ئاماژە بکەین که لەم سەردەمەی کە ڕۆژنامەی کوردی لە دایک دەبێت، چالاکی و تێکۆشانی ڕوناکبیرە کوردەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە ئاستێکی باڵا دابووه و ڕۆڵی تایبەتیان گێڕاوە و پێشەنگی مۆدێرنیزاسیۆن لە دەستهەڵاتی عوسمانییەکاندا بوون، ههروەها بەشێکیشیان لە کومیتەی ئیتیحاد و تەڕەقیدا ئەندام بوون که کومیتەیەکی پێشەنگخواز بوو و حەولی دەدا ئاڵوگۆڕی لە سیستمی بەڕێوەبەری حکومەتی عوسمانیدا پێک بێنێت. بۆیە دەکرێت بگووترێ ڕووناکبیرانی کورد کە لە دەستهەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانیدا پێشەنگی مۆدێڕنیزاسۆن بوون هەستیان بەوە کردبوو که بۆ ئاگاکردنەوەی تاکی کورد پێویستیان بە ڕاگەیاندنێک هەیە تا بتوانن لەم سۆنگەوە پێوەندی نێوان ڕووناکبیران و کۆمەڵانی خەڵک پێک بێنن. بەڵام بۆچی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی کە ڕۆڵی پردی پێوەندی نێوان نوخبەی کورد و کۆمەڵانی خەڵک بوو لە قاهیرە لە دایک بوو ؟
یەک: هۆکاری تکنیکی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاهیرەی میسر.
وەک یەکەم هۆکار کە بۆچی ڕۆژنامەی کوردستان لە وڵاتی میسر لە دایک بوو پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی تکنیکی بکرێت کە بە کەمی ئاوڕی لێ دەدرێتەوە.
پیشەی چاپ بە شێوەی مۆدێڕن کە سەرەتا بە چاپی سوربی لە وڵاتی ئاڵمان دەرکەوت و دواتر بە شێوەی پێشکەوتووتر واتە چاپی بەردی ( سنگی ) جێگیر بوو توانی ئاڵوگۆڕێکی جیددی لە چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبدا پێک بێنێت. هەر لە سەرەتاوە ئەم ئامێرە نوێیە بۆ وڵاتانی ئیسلامیش گواسترایەوە، سەرەتا وڵاتی عوسمانی و دواتر دەوڵەتی سەفەوی لە ئێران ئەم ئامێرانەیان بەتاقی کردەوە، بەڵام لە هەر دووک وڵات بە هۆی فتوای زانایانی ئایینی و هەروەها بە هۆی دژایەتی حکومەت پێشوازی لەم پێشەیە نەکراوە و چاپبوونی هەر جۆرە مەتنێکی ئایینی بە ئامێری نوێی چاپ حەرام و قەدەغە کرا. لە ژێر دەسهەڵاتی سوڵتان بایەزید لە ساڵی ۱۴۸۵ بڕیاری قەدەغەبوونی کتێبی چاپی دەرکرا، هەروەها فەرمان درا کە هەر کەسێک چاپخانە دامەزرێنێت ڕووبەڕووی سزای ئێعدام دەبێتەوە، ئەم فەرمانە تەنیا بۆ چاپی کتێب بە زمانی عەڕەبی و تورکی [ بە پیتی ئارامی ] بوو، یەهودەکان توانیان ئیجازەی دامەزراندنی چاپخانە لە ئیمپڕاتۆری عووسمانی وەربگرن بە مەرجێک کتێبی عەڕەبی و تورکی لە چاپ نەدەن.
ساڵی ۱۷۲۷ ئەم فەرمانە ( قەدەغەبوونی چاپی کتێب به زمانی عەڕەبی و تورکی ) لە لایەن ئیبڕاهیم پاشاوە هەڵگیرا و ئیزنی چاپی کتێب بە زمانی عەڕەبی و تورکی درا، بەو مەرجەی هیچ کتێبێک و دەقێکی دینی و ئایینی چاپ نەکرێت. بەکارهێنانی ئامێری چاپ بۆ چاپکردنی کتێب تا سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم زۆر بە کەمی کەڵکی لێ وەردەگیرا. و یەکەم ڕۆژنامەی تورکی لە ساڵی ۱۸۳۲ لە چاپ درا. هەروەها لە ساڵی ۱۸۵۷ یاسایەک لە لایەن حکومەتی عوسمانییەوە پەسەند کرا که چاپخانەکان دەبێت پڕۆگرامی خۆیان پێشکەشی مەجلیسی زەبتییه بکەن و ئیجازەنامەی نووسراوە [ کتبی ] لە سەدریئەعزەم وەربگرن.
ڕەوتی شکڵگرتنی پیشەی چاپ لە وڵاتانی تری ئیسلامیش زۆر بە کزی چووەتە پێش، ئەو سەردەمە زۆرتری وڵاتە عەڕەبەکان بەشێک بوون لە ئیمپڕاتۆری عوسمانی، لە سوریه و لوبنانیش چاپخانەی نوێ دامەزرا بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت کاری پێ نەکردرا، لە یەمەن ساڵی ۱۸۷۷ یەکەم چاپخانە دامەزرا و یەکەم ڕۆژنامەش لە ساڵی ۱۸۷۸ لە چاپ درا، ئەم چاپخانەیەی یەمەنێ لە ژێر دەستهەڵاتی حاکمی ناوچەکەدا بوو.
لە وڵاتی ئێرانیش ڕەوتی دامەزراندنی چاپخانە هەوراز و نشێوی زۆری هەبووه، سەرەتا لە دەورانی سەفەوییەکاندا یەکەم ئامێری چاپ لە لایەن ئەرمەنییەکانەوە دێت بۆ ئیسفەهان و لە گەڕەکی ئەرمەنینشینی جولفا دادەمەزرێت، بەڵام هەروەک باسی لێکرا ئەم ئامێرە بە هەر هۆکارێک بێت کاری پێ ناکرێت. دواتر لە سەدەی نۆزدەهەم چاپخانەی ئیسفەهان دەست بەکار دەبێتەوە و چاپخانەیەکیش لە سەردەمی عەباسمیرزادا لە تەورێز دەست بەکار دەبێت و دواتر چاپخانەیەکیش لە تاران دادەمەزرێت، چاپخانەکەی تەورێز بە هۆی دژایەتی کەسانێک کە دیارە بەشی زۆری کەسانی ئایینی بوون، کۆسپی بۆ درووست دەبێت و لە ڕەوتی کارکردنیدا خەلەل ساز دەکرێت، چاپخانەکەی تاران لە ژێر دەسهەڵاتی حکومەتی قاجاردا دەبێت و یەکەم ڕۆژنامەکانی ئێرانی لەوێڕا چاپ دەکرێن. پیشەی چاپ لە ئێران سەرەت ا لە لایەن ئەرمەنییەکانەوە گرینگی پێدرا و دواتر حکومەتی ناوەندیش کەڵکی لێ وەرگرت.
لە وڵاتی میسر یەکەم جار لەگەڵ هێرشەکەی ناپلێۆنی فەڕانسەوی لە ساڵی ۱۷۹۸ چاپخانەیەکیش دادەمەزرێت، ئەو چاپخانەیە کاری ئەوە بوو کە لە ڕێگای چاپکردنی پڕۆپاگەندەدا ڕەخنە بکاتە ناو بیرومێشکی شارومەندانی میسری، دوای کشانەوەی ناپلیۆن چاپخانەکەشیان لە میسرێ گواستەوە، بەڵام لە ساڵی ۱۸۲۰ حاکمی میسرێ محەممەدعەلی پاشا یەکەم چاپخانە لە قاهیرە دادەمەزرێنێت. ڕەوتی شکلگرتنی پیشەی چاپ لە وڵاتی میسر بە پشتیوانی حاکمانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی بووه و چەندین چاپخانە دادەمەزرێن و کاریان پێدەکرێت، سەدان کتێب لەم چاپخانانە لە چاپ دەدرێن و بڵاو دەکرێنەوە.
دوای ئەم کورتە ئاوڕەی لە مێژووی پیشەی چاپ لە وڵاتانی ئیسلامیدا، دەردەکەوێت کە لەم سەردەمەدا چاپخانەکان زۆر کەم بوون و ئەوەی هەشبوون یا لە ژێر دەستهەڵاتی حاکم، یا لە ژێر چاوەدێرانی ئەواندا بوون. بۆیە کاتێک کەسێکی وەک مێقداد مەدحەت بەدرخان بڕیاری دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی دەدات ڕووبەڕووی ئەم گرفتەش دەبێتەوە کە بە ئاسانی ناتوانێت دەستی بە چاپخانە ڕابگات! بۆیە یەکێک لە هۆکارەکانی لە چاپدانی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ژێرخانی گونجاو و نەبوونی چاپخانە لە ناوچە کوردستانییەکان. هەروەها حکومەتی عوسمانی ئیزنی دەستپێڕاگەیشتنی بە کوردەکان نەداوە تا لە چاپخانەکانی ئیستامبول کەڵک وەربگرن. جێگای ئاماژەیە لە وڵاتی ئێرانیش چاپخانەی تەورێز و ئیسفەهان زۆر لەوە لاوازتر بوون کە کەسێکی وەک مێقداد بەدرخان بە ئەرخەیانی بتوانێت پشتی پێ ببەستێت و لە ئەژماری سێهەزار دەنکیدا ڕۆژنامە لە چاپ بدات، ئەحمەدی کەسرەوی لە نووسراوەیەکی خۆیدا باس لە گرفتەکانی چاپخانەی تەورێز دەکات و لە جێگایەک ئاماژە دەکات کە پیتە سوربێکان لە لایەن کەسانێکەوە دەدزران و دەتوێندرانەوە و لە ناو دەبردران. بەڵام وڵاتی میسر لە پیشەی چاپ و هەبوونی چاپخانەدا دەستێکی باڵای هەبوو.
جگە لە بواری تکنیکییەوە که میسر شوێنێکی گونجاو بووه بۆ چاپی ڕۆژنامە هۆکاری سیاسیش ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
دوو: هۆکاری سیاسی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاهیرەی میسر.
میربەدرخانی پاشا یەکێک لە بەهێزترین میرەکانی میرنشینی بۆتان لە ناوچەی جزیرە بووه، میربەدرخان لە ساڵی ۱۸۴۳ حەول دەدات دژ بە دەستهەڵاتی ئیمپڕاتۆری عوسمانییەکان شۆڕشێک بکات و ناوچەیەکی سەربەخۆ پێک بهێنێت، بەڵام لە ساڵی ۱۸۴۷ شۆڕشی بەدرخانییەکان لە لایەن حکومەتی عوسمانییەوە تێک دەشکێت و ئەمەش دەبێتە هۆکار کە حکومەتی عوسمانی بنەماڵەی بەدرخانی تەبعید کات بۆ ناوچەکانی لوبنان، ئیستەمبوڵ، میسر و چەند شوێنی تر،ئەو سەردەمە لە میسر و قاهیرە حکومەت لە ژێر فەرمانی محەممەدعەلی پاشادا بووه، محەممەد عەلی پاشا یەک لەم حاکمە پێشەنگخوازانە بووه کە لەگەڵ ئیمپڕاتۆری عوسمانی کێشەی هەبووه و دژ بەم دەسهەڵاتە وەستاوەتەوە و تەنانەت بەشێک لە خاکی عوسمانییەکانی هێناوەتە ژێر ڕکێفی فەرمانی خۆی، لە سەردەمی میرمحەممەد میری میرنشینی سۆران پێوەندی کوردەکانی ئەم میرنشینە لەگەڵ حاکمانی میسر شکڵ دەگرێت و حەول دەدرێت کە بە هاوبەشی دژ بە دەستهەڵاتی ئەم ئیمپڕاتۆرییە بوەستنەوە، بۆیە پێوەندی کوردەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی لەگەل حاکمانی میسر پێش لە بەدرخانییەکان شکڵی گرت و ئەمەش لە سەر پێوەندی بەدرخانییەکان و قاهیرە کاریگەری ئەرێنی هەبوو، دژایەتی حاکمییەتی میسر لەگەل ئیمپڕاتۆری عوسمانی وای کردبوو کە میسر و قاهیرە ببێتە پەناگەیەک بۆ دژبەرانی دەستهەڵاتی عوسمانییەکان، بۆیه محەممەدعەلی پێشوازی لە حزووری بەدرخانییەکان لە قاهیرە کرد، مێقداد مەدحەت بەدرخان کە یەکەم سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستان بوو، ساڵی ۱۸۹۱ دەچێتە قاهیرە و ساڵی ۱۸۹۸ یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ئەژماری سێهەزار دەنک لەم وڵاتە دەردەچێت کە دوو هەزار دەنکی بە قاچاخ دەگەڕێندرێتەوە بۆ ناوچە کوردنشینەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە ناو خەڵکدا بە خۆڕایی بڵاو دەکرێتەوە.
هەر چەند تەنیا پێنج ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاهیرە لە چاپ دەدرێت و دواتر بە چەندین هۆکار کە سەرەکیترینیان گوشاری ئیمپڕاتۆری عوسمانی بۆ سەر محەممەدعەلی پاشا و کوڕەکەی بوو تا پێش لە چاپبوونی ئەم ڕۆژنامە بگرن، (جێگای ئاماژە لەو سەردەمەی که مێقداد مەدحەت لە قاهیرە ڕۆژنامەی کوردستانی دەردەکرد، میسر لە بواری هێز و توانای نیزامییەوە لاواز ببوو و توانای نەبوو لەگەڵ دەستهەڵاتی عوسمانییەکان ڕووبەڕوو ببێتەوە) ڕۆژنامەی کوردستان دەگواسترێتەوە بۆ ژێنێڤ، لەندەن، فۆکستۆن و تەنیا ژمارەکانی ۲۰ تا ۲۳ دیسان لە قاهیرە دەردەچێت، بەڵام قاهیرە هەم لە بواری تکنیکییەوە ئەم مەجالەی پێک هێنابوو کە ڕۆژنامەیەکی کوردی لە ئەژماری سێهەزار دەنکدا ئیمکانی لە چاپدانی هەبێت، هەم دەسهەڵاتی محەممەدعەلی پاشا پێشوازی و پشتیوانی بکات لەم جەریانانەی کە دژ بە دەستهە
ڵاتی ئیمپڕاتۆری عوسمانی وەستابوونەوە و چالاکیان دەکرد و نە تەنیا پێشی بەم چالاکیانەی نەگرت بەڵکوو بارودۆخێکی گونجاویشی بۆ پێک هێنابوو.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بکرێت کە بنەماڵەی بەدرخانییەکان ژێرخانەکانی بیری نەتەوەیی لە کوردستان پێک دێنن، ئەم بناغەیە سەرەتا بە شۆڕش دەست پێدەکات و دوای سەرکووتی شۆڕشەکەیان بە شێوازگەلی جۆراوجۆری تر خۆ دەنوێنێ، ڕۆژنامەی کوردستانیش بەرهەمی ئەم بیرە نەتەوەیییەی میرنشینی بۆتان و بنەماڵەی بەدرخانییەکانە که بە هیمەتی میقداد مەدحەت عەمەلی دەکرێت و دواتر هەر بە حەول و تێکۆشانی ئەم بنەماڵەیە تا ژمارەی ۳۱ی لێ چاپ و بڵاو دەکرێتەوە و بەم جۆرە بناغەی ڕۆژنامەوانی لە کوردستان دادەمەزرێت
چالاک کورده



