هێمن هەورامی: هەندێ فەرماندەى یەکێتى فەرمانیان بە هێزەکانیان کردووە لە تەلوەرد بکشێنەوە

هێمن هەورامی راوێژکارى سیاسیى بارزانى رایگەیاند”هەندێ فەرماندەى یەکێتى فەرمانیان بە هێزەکانیان کردووە لە تەلوەرد بکشێنەوەو تەنها هێزەکەى کۆسرەت ڕەسوڵ شەڕ دەکات و فەرماندەکانى دیکە هێزەکانیان کشاندووەتەوە”.
پێشتر وەستا ڕەسوڵ فەرماندەى هێزەکانى پێشمەرگە بە ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاند، چاوەڕێ هێزە عێراقییەکان دەکەن و بەرەنگاریان دەبنەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی ٣ ڕۆژە هێزێکى زۆرى سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى لە ناوچەکانى باشوور و ڕۆژئاواى کەرکوک جێگیرکران. لەو کاتەوە هێزەکانى پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان و فەرماندەکانیان ڕایانگەیاندووە، بەرەنگارى هەر هێرشێک دەبنەوە کە بکرێتە سەر کەرکوک.
لەلایەکی دیکەوە بە وتەی فەرماندەکانی پێشمەرگە، شەوی هەینی ڕابردوو ١٣ی تشرینی یەکەم، هێزە عێراقییەکان دوو کاتژمێریان بۆ پێشمەرگە دانابوو تاوەکو کەرکوکیان ڕادەستبکەن. هەر هەمان شەو لەناو دوزخورماتوودا شەڕ و پێکادان لەنێوان پاسەوانی بارەگاکانی یەکێتی و حەشدی شەعبی ڕوویدا، بەڵام سەنگەرەکانی پێشەوە دوێنێ شەممەیان بە بێدەنگی بەڕێکرد.
فەرماندەکانی پێشمەرگە دەڵێن، ئەو دەنگۆیانەی بڵاوبوونەتەوە کە گوایە پێشمەرگە سەنگەرەکانی خۆی جێهێشتووە دوورە لەڕاستییەوە.
ڕۆژی ٢۵ی ئەیلولی ٢٠١٧، هەرێمی کوردستان سەرەڕای ناڕەزاییەکان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و ئەوەش وایکرد کە بەغدا لە دژی هەرێم چەند بڕیارێک دەربکات، یەکێک لەو بڕیارانە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بوو لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم.



