خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠١٧ دەبەخشرێتە هونەرمەندی گەورەی کورد “مەزهەری خاڵقی”

خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠١٧ دەبەخشرێتە هونەرمەندی گەورەی کورد “مەزهەری خاڵقی”
ساڵانە له یادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد “محەمەدی ماملێ” لە بۆنەیەکی تایبەتدا لەلایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێ کە لە چەند کەسایەتییەکی شارەزاو بەئەزموون لە بوارە جیاوازەکانی هونەری و ئەدەبیدا پێکهاتوون، خەڵاتێکی تایبەت بەناوی خەڵاتی (ماملێ) بە یەکێک لەو هونەرمەندانە دەبەخشرێت کە کاریگەری زۆری لەسەر هونەری کوردی هەیە.
هەروەک خۆیان ئاشکراى دهکهن بۆ ئەمساڵ لە چەند مانگی داهاتوودا لە بۆنەیەکی تایبەتدا خەڵاتەکەیان پێشکەش بە “پادشای هونەریی گۆرانیی کوردی” {مەزهەری خاڵقی} دەکەن.
مەڵبەندی ماملێ، ئاماژەیان بۆ ئهوه بۆ کردووە، بەرهەمەکانی “خاڵقی” ئەو بەرهەمانەن کە بە مۆسیقایەکی زانستی و سەردەمییانە و تیکستی جوان وەک تابلۆییەکی ڕەنگین بوونەتە ناسنامەی میژوویی هونەری کوردی.
هەروەها هونەرمەند مەزهەری خاڵقی بۆ گەشەپێدانی کەلتوور و هونەری کوردی بێوچان لە تێکۆشاندا بووە، هەروەک لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دامەزراندنی سەنتەری (ئەنستیتیوتی کەلەپووری کورد) هەوڵیدا بەشێوەیەکی زانستییانه و سهربهستانه درێژە بەخەباتی بەردەوامی کەلتووری و هونەریی بدات و دەیان پەرتووکیشی بڵاوکردۆتەوە کە بۆ داهاتوو دەبنە سەرچاوەییەکی گرنگ لەبواری هونەری و ئەدەبی کوردیدا.
بۆ ئەمەش لە ناوچە جیا جیاکانی کوردستان هەوڵی کۆکردنەوەی ئەو بەرهەمە هونەرییانەی داوە کە مەترسی لەناوچوونیان هەبووەو لە ئەلبومێکدا بەناوی (یادگارییەکان) و پێشکەشى ئەویندارانی هونەری کوردی، کردووە.
مەلبەندی هونەری ئهوهش دهخهنهڕوو، که بەخشینی ئەم خەڵاتە وەکو ڕێزگرتن و ئاوڕدانەوەیەکە لە خەباتی هونەریی هونەرمەندانی بێنازی کورد کە بەدەستی بەتاڵ و لهگهڵ بوونى جۆرەها کیشە و گرفت لە ژیانی هونەری و تاکە کەسی خۆیاندا ، برەویان بەهونەری کوردی داوە.



