چەند قسەیەک دەگەڵ شارەدار و شۆرای شار

ڕۆژی پێنج شەممە ۷ی ڕێبەندانی ۱۴۰۰ لە وڵامی بانگھێشتی شوڕای شاری مەهاباد لە کۆمێسیونی فەرهەنگی ئیجتماعی بەشداریمان کرد، بەڕێز موهەندیس ڕۆستەم پور شاردەاری مەهاباد و ئەندامانی شوڕای شار، بەشێک لە چالاکوانانی کۆمەڵایەتی لەم دانیشتنەدا بەشدار بوون، بەڕێز خزری، ئاماژەیان کرد کە بەهۆی پەتای کڕۆنا، دانیشتنەکە لە دو دانیشتنی جیاواز بڕێوە دەبردرێ. جێی خۆیەتی دەست خۆشی لێ شارەدار وبەرپرسی بەشی فەرهەنگی دوکتۆر شەهابی بکرێ بۆ پێک هێنان و زیاتر وەگەڕ خستنی بەشی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی شوڕا شار.
وێڕای ئەوە کە خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە بەشداری کۆڕی شوڕای فەرهەنگی کۆمەڵایەتی شارەکەمان بووم، بەداخەوە بە هۆی نەبونی دەرفەت وە لەبەر هاتنە پێشی گرفت نەمتوانی تا کۆتایی دانیشتنەکە بەشداربم، نەگونجا بۆچوونی خۆم عەرزی بەڕێزان بکەم. بەو هیوایە کە ئەوە هەوەڵین و کوتایی ئەم دانیشتنە نەبێت، بە پێویستم زانی بێدرێژدادڕی و بە کورتی، لە چوارچێوەی نوسراوەدا بیدەمە خزمەتتان؛ هیوادارم شیاوی کەڵک وەرگرتن بێ:
بە ناوی بەرزە ناوی دەهەندە و دلۆڤان
سڵاو و ڕێزم هەیە لە خزمەت ئەندامانی شوڕای شار و بەرپرسانی لقی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی شوڕای شاری مەهاباد
وێڕای ئەوە کە خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە بەشداری کۆڕی شوڕای فەرهەنگی کۆمەڵایەتی شارەکەمان بووم، بەداخەوە بە هۆی نەبونی دەرفەت نەگونجا بۆچوونی خۆم عەرزی بەڕێزان بکەم. بەو هیوایە کە ئەوە ئەوەڵین و ئاخرین دانیشتن نەبێ، بە پێویستم زانی بێدرێژدادڕی و بە کورتی، لە چوارچێوەی نوسراوەدا بیدەمە خزمەتتان؛ هیوادارم شیاوی کەڵک وەرگرتن بێ:
۱ـ نێو نانی گۆڕەپان و شەقامەکانی شاری مەهاباد بە نێوی گەورە پیاوانی کورد و بە تایبەتی ئەم شارە، کە هەڵگڕی باری زانستی و فەرەهەنگی ئەو شارەیە.
۲ـ هێندێک شوێنەواری مێژوویی ئەو شارە ئێستاکە ماون کە رابردووی بەشێک لەو شارە دەنوێنن. بۆ نمونە لە نێوان شارەداری و چواڕای ئازادی، چەند بینا و دیوار، ئێستاش هەر ماون کە نۆژەن کردنەوە و پاراستنیان بە هاوکاری هاوبەشی ئیدارەی کەلەپوری فەرهەنگیی، دیمەنێکی دی بە شار و ئەو شەقامە سەرەکییەی شار دەبەخشن.
۳ ـ تا ئێستا بۆ رێزگرتن لە کەسایەتییە هەڵکەوتەکانی شاری چەند یاد و بۆنەیەک بەڕێوە چووە. هیوادارین ئەو شێوە هەر وا بەردەوام بێ و کەسایەتیگەلێک وەک مامۆستایان وەفایی، سەیفولقوزات، حەریق و زۆری تر لە بیر نەکرێن.
۴ ـ ئەندامانی شوڕا زمانحاڵی خەڵکن، هەوڵ بدەن وتووێژیان دەگەڵ دەنگ و ڕەنگ و تۆڕە کۆمەڵایەتێکان زیاتر بێ و هەوڵ بدرێ بە زبانی پاراوی کوردی بێ نە کوردی فارسی، جاری وایە لە دە وشە حەوتیان فارسین.
۵ ـ هەوڵ بدەن لە گەڵ بەرپرسان و بڕواپێکراوانی مزگەوتەکان لە بیری سازکردنی مەنارەی مزگەوتەکان دابن، کە ئەمە هەم دەبێتە جوان کاری مزگەوتەکان هەم ئادرەسێکی ڕێکه بۆ دیتنەوەی شوێنەکان.
۶ ـ شوڕا گۆڤارێکی مانگانەیان هەبێ بۆ دەربڕینی کار و ڕوەتی کار.
۷ ـ حەول بدرێ لە پەراوێزی شار سازکردنی پارک و شوێنی حەسانەوەی خەڵک زیاتر بێ و بە هاوکاری لەگەڵ بەرپرسی ئیدارەی وەرزیش و لاوەکان باشگاکانی وەرزشی دابندرێ.
۸ ـ بەداخەوە جیا لە موعتادان، کارتۆنخەویش لە ناو شار دەبینرێ، هەوڵ بدرێ شوێنیک بۆ ئەوانه دابین بکرێ.
۹ ـ سەبارەت بە حەوزخانەی مزگەوتەکانی، سور، شادەرویش، ڕۆستەم بەگ و عەباس ئاغا کە ئی سەردەمی سەفەوییهکان و قاجارەکانە، کەمتەرخەم نەبین. لانی کەم لەگەڵ بەر پرسانی کەلەپوری فەرهەنگی و کلتوری هەوڵێک بۆ پاراستنی ئەو ئاسەوارە مێژوییانە بدرێ، کە بەداخەوە وەک خانووهکانی شەقامی کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕوخان نەچن، کە ئەمانە بەشێک لە فەرهەنگ و کەلە پوری ئەو شارەن.
لە کۆتاییدا سەرکەوتنتان لە خودای میری مەزن بە ئاوات دەخوازم.
✍ سەید محەممەدئەمین واژی
پێشنوێژی مزگەوتی عەباسئاغا