فاو: کاریگەرییەکانی قەیرانی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی زیادبوونی برسێتی

ئۆلیگ کۆبیاکۆڤ بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕێکخراوەکە بۆ کاروباری پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەگەر سەیری ئامارەکانی برسێتی و گۆڕانکارییەکانی بکەین دەبینین لە ساڵی ۲۰۱۹دا واتە ساڵێک بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ۶۹۰ ملیۆن کەس بەدەست برسێتییەوە دەیانناڵاند.
ساڵی دواتر ژمارەکە بۆ ۸۱۱ ملیۆن بەرز بوویەوە.وتیشی، “بەو جۆرە هێڵی سووری تێپەڕاندووە لە دۆخی ئاسایشی خۆراکە بۆ دۆخی برسێتی (بەکۆمەڵ)، ئەمساڵیش، بەپێی پێشبینییەکانمان بارودۆخی ئۆکراینا ۱۳-۱۵ ملیۆن کەسی دیکە زیاد دەکات”.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی فاو قەیرانی ئۆکراینا هۆکاری برسێتی نییە لە سەر هەسارەکە، بەڵام قەیرانەکە بووەتە هۆی زیادبوونی برسێتی.لە ۲۴ی شوباتی ڕابردووەوە شەڕی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستی پێ کردووە، شەڕەکە بووەتە هۆی گرانبوونی سووتەمەنی، خۆراک و شمەک بە نزیکەیی لە سەر ئاستی جیهان، دوای ئەوەی ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا سزای ئابووری و داراییان بە سەر ڕووسیادا سەپاند.