وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: لۆبی زۆرمان لەدژی ریفراندۆم کردووە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوەستێنن و ریفراندۆم ئەنجامنەدەن

بۆریس جۆنسۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، بێئومێدبوون دوای ئەوەی ریفراندۆم لەهەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، لۆبی زۆریان لەدژی ریفراندۆم کردووە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوەستێنن و ریفراندۆم ئەنجامنەدەن، “ئێمە لەگەڵ کوردەکانین بۆ ئەوەی وا لەبەغدا بکەین دانبەخۆدا بگرن و بگەنە رێککەوتن لەگەڵیاندا”.
بۆریس جۆنسۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وەڵامی دەستەیەک لەپەرلەمانتارانی وڵاتەکەی دەداتەوەو دەڵێت، “ئێمە بێئومێدبووین دوای ئەوەی ریفراندۆم لەهەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، هەوڵی زۆرماندا و لۆبیمان لەدژی ریفراندۆم کرد بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوەستێنین، چەندینجار پەیوەندیم بە بەرێز مەسعود بارزانی کرد و داوام لێکرد ریفراندۆم ئەنجامنەدات و رایبگرێت، بەڵام بەردەوام بوون و ئەنجامیاندا”.
سەبارەت بەوەی ئایا کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانێکی سەربەخۆیە، بۆریس جۆنسۆن ئاماژەی بەوەشکرد، “وەڵامی من نەخێرە، ئەوەی من دەمەوێت بیبینم ئەوەیە، من زۆر موعجیب و سەرسامم بە گەلی کورد و تموحاتەکانیان و رێزیان لێدەگرم، ئەوان نەتەوەیەکن لە خۆبنیادنان و درروستکردنی سیاسەتی خۆیانن”.
۲۵ی مانگی (ئەیلول/۹) ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان بەڕێوەچوو، دوای مانگێکیش لە ئەنجامدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی ریفراندۆمی سڕکرد.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەوەشی خستەڕوو، “پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کورد چۆن سیاسەتی خۆی بنیاد دەنێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عێراقدا، لەبەر چەندین هۆکار ئێمە پێمان زۆرباشترە کورد پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عێراق رێکبخاتەوە لە ئێستادا، بۆئەوەی عێراق پێکەوە بمێنێتەوە، ئەوەش پەیامی ئێمەیە بۆ هاوڕێ و دۆستە کوردەکانمان و هەروەها حکومەتی بەغدا، زۆر گرنگە بەرێز عەبادی و نێچیرڤان بارزانی دەست بەگفتوگۆکان بکەن”.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەرۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی داعش وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وتی، “ئێمە دۆستایەتی دێرینمان لەگەڵ کورد هەیە، ستایشی رۆڵیان دەکەین لە رووبەرووبونەوەی داعشدا، قارەمانێتی و قوربانیدانیان بەرزدەنرخێنین ئەوان لەبری هەمووان شەڕیانکرد، بۆیە ئێمە پشتیوانی گەلی کوردو ئامانجەکانیانمان کردووە، ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمەیە چی روودەدا ئەگەر کوردستان لە عێراق جیابوایەتەوە رووبەڕووی مەترسی زۆر دەبووەوە، بەبڕوای ئێمە سونەکانیشی دەهێنایە نێو گۆڕەپان و مشتومڕەکانەوە لەبارەی سنورەکان و کاریگەری ئێرانی زیاتر دەکرد، ئەوەش مایەی نیگەرانیمان دەبێت و لەبەرژەوەندی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە نیە”.
“زۆر زۆر باشترە و لەبەرژەوەندی نێچیرڤان بارزانی-یە کە تێروانینی تایبەتی خۆی هەیە بۆ وڵاتەکەی، بەڵام نایەوێت لە شەو رۆژێکدا ئەنجامی بدات و جیا نەبێتەوە لەعێراق، ئێمەش پشتگیری ئەو هەنگاوە دەکەین، داوا دەکەین عەبادی و نێچیرڤان بارزانی پێکەوە کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەوەش بەریتانیا پشتیوانی لێدەکات”، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وایوت.
لەوەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارێکدا دەربارەی پێدانی مافی خۆبەڕێوەبەری زیاتر بە کوردەکان و دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆیان ئایا لەبەرژەوەندی رۆژئاوا نییە؟،وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، “بەبڕوای ئێمە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان لەئێستادا زۆر مایەی نیگەرانییە بۆ ئێران و دروستکردنی کاریگەری خراپ لەسەر ئاسایشی عێراق وناوچەکە”.
سەبارەی بەوەی کە کوردەکان رایدەگەیەنن کە لەلایەن بەغداوە هەڕەشەیان لێدەکرێت یاخود سوپای عێراق هێرشیاندەکاتەسەر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وتی، “ئێمە لەگەڵیانین بۆ ئەوەی وا لەبەغدا بکەین دانبەخۆدا بگرن و بگەنە رێککەوتن لەگەڵیاندا و من لەو رووەوە گەشبینم، لەئێستادا ئێمە داوا لەحکومەتی بەغداو هەولێردەکەین لەسەر مێزی گفتوگۆدابنیشن و کێشەکان چارەسەربکەن”.