بین المللسیاسیمهمترین های هەواڵ

ساڵێک بەسەر دەستگیرکردن و زیندانیکردنى سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانیدا تێپەڕی

پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) ماوەى ۵ ساڵە دامەزراوە و لەو ماوەیەدا لە گۆڕەپانى سیاسیى باکووری کوردستان و تورکیا و ناوچەکە و ئەوروپادا وەک هێزێکى کاریگەر دەرکەوتووە.

 

پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە ١۵ى تشرینى یەکەمی ساڵى ٢٠١٢ دامەزراوە و هەر یەک لە ئەرتوغرول کورکچو و سەباحەت تونجەل بە هاوسەرۆکانى هەڵبژێردران و لە دووەم کۆنگرەى ئەو حزبەدا لە ٢٢ى حوزەیرانى ٢٠١۴دا هەر یەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بۆ هاوسەرۆکانى هەدەپە هەڵبژێردران.

 

پرۆژەى هەدەپە

 

هەدەپە لە دواى دامەزراندنى پرۆژەى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیک خستەڕوو و پێداگریى لەسەر بەشداریى ژنان، پێکهاتە ئایینى و نەتەوەیەکانى کۆمەڵگا، ڕێکخراوەکانى مەدەنى بوارە جۆراجۆرەکان و ئەنجوومەن و سەندیکاکان دەرکردوە بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى کۆمەڵگا بە بەشدارى هەمووان بە جیاوازییەکانیانەوە.

 

هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆمار

 

دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بەشێوەیەکى چالاکانە کارەکانى هەدەپەیان بۆ گۆڕانکارى لە تورکیا بەشێوەى دیموکراتیانە و ئاشتیانە بەڕێوە دەبرد و بۆ ئەوەش دەمیرتاش لە ١٠ى ئابی ٢٠١۴ لەلایەن هەدەپەوە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا پاڵێورا. سەربارى نایەکسانیى دۆخى بانگەشەى هەڵبژاردن، دەمیرتاش توانیى سەرنجى کۆمەڵگاى کوردستان و تورکیا بۆ لاى خۆى ڕابکێشێت و نزیکەى ۶ ملیۆن دەنگى بە دەستهێنا، کە دەیکردە ڕێژەى ٩.٧۶%ی کۆى دەنگى دەنگدەرانى تورکیا.

 

هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیران

 

هەدەپە لەبەردەوامیى کارەکانیدا بەشداریى لە هەڵبژاردنى ٢۵هەمین خولى پەرلەمانى تورکیا لە ڕۆژى ٧ى حوزەیرانی ٢٠١۵دا کرد و ڕێژەى ١٣.١٢% ى دەنگى دەنگدەرانى تورکیاى بە دەستهێنا و لە کۆی ۵۵٠ کورسیى پەرلەمانى تورکیا بووە خاوەنى ٨٠ کورسیى پەرلەمان.

 

لەو هەڵبژاردنەدا ئاکەپە ۶٩ کورسیى پەرلەمانى لە دەستدا و ژمارەى کورسییەکانى بوو بە ٢۵٨ کورسی و لە دواى ١١ ساڵ لە حکومڕانیى تاکە حزبى نەیتوانی حکومەت لە تورکیا پێکبهێنێت، چونکە هەر لایەنێک بۆ ئەوەى بتوانێت حکومەت لە تورکیا پێکبهێنێت پێویستى بە ٢٧۶ کورسى دەبوو و ئاکەپەش ئەو ژمارە کورسییەی لە هەڵبژاردندا بە دەست نەهێنابوو.

 

دەستپێکردنەوەى شەڕ و هەڵبژاردنى پێشوەختە

 

ئەو قەیرانە سیاسییەى کە لە تورکیا دروستبوو بوو بە کۆتایهێنان بە پرۆسەى ئاشتى کە لە ساڵى ٢٠١٣ەوە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتى تورکیادا بەڕێوە دەچوو، چووە قۆناغێکى ترەوە و کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا شەوی ٢۴ى تەمووزی ٢٠١۵ و هاوکات لەگەڵ ساڵیادى ڕێککەوتنى لۆزاندا دەستیان کرد بە بۆردومانکردنى بنکە و بارەگاکانى پەکەکە و بەوەش شەڕ لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتى تورکیا دەستى پێکردەوە، حکومەتى تورکیا هێرشى کردە سەر ناوچەى سوورى ئامەد، نسێبین، شرنەخ، جۆلەمێرگ، سلۆپى، جزیرە و قەدەغەى هاتووچۆى لە زۆربەى ناوچەکانى باکوورى کوردستان دەستپێکرد و زیاتر لە ٢ ملیۆن هاووڵاتى ئاوارەبوون، کە زۆربەى هەرە زۆریان دەنگدەرانى هەدەپە بوون.

 

لە دواى ئەوەى ئاکەپە نەیتوانى حکومەتى تاکە حزبی پێبکهێنێت لەگەڵ حزبى توندەڕەوى مەهەپە هاوپەیمانیى ئەنجامدا و شەڕیش لەگەڵ کورد دەستیپێکردبووە. لەو کاتەدا ئەردۆغان بڕیاریدا ڕۆژى ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١۵ هەڵبژاردنى پێشوەختە بەڕێوەبچێت. لە کاتى بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا لە زۆربەى ناوچەکانى کوردستان کار بە یاساى قەدەغەى هاتووچۆکرا و ئاوارەبوونى ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتان لە شوێنى دەنگدانیان ئومێدى ئەوەى بۆ ئاکەپە دروستکردبوو، کە دەنگى زیاتر لە هەڵبژاردنى ٧ى حوەزیران بەدەستبهێنێت و چەند بەرپرسێکى ئاکەپە ڕایانگەیاندبوو، کاریان بۆ ئەوە کردووە کە هەدەپە دەنگى پێویست بە دەست نەهێنێت و ڕێگا نەدەن بچێتەوە پەرلەمانى تورکیا.

 

لە هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەرلەماندا ئاکەپە توانیى ٣١۶ کورسیى بە دەستبهێنێت و سەربارى هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە بانگەشەى هەدەپە و ئەنجامدانى چەند تەقینەوەیەک لە کەمپینەکانى هەدەپە و ئاوارەبوونى زیاتر لە ٢ ملیۆن هاووڵاتیى لە باکوورى کوردستان، هەدەپە ڕێژەى ١٠.٧۵%ی دەنگى دەنگدەرانى سەرتاسەرى تورکیای بەدەستهێنا و توانیى بە ۵٩ کورسییەوە بچێتەوە پەرلەمانى تورکیا.

 

هەوڵى تیرۆرکردنى دەمیرتاش

 

لە بەردەوامیى ئەو پێشهاتانەدا ڕۆژى ٢٢ى تشرینى دووەمی ٢٠١۵ لە شارى ئامەدى باکوورى کوردستان بە چەکى جۆرى قەناس تەقە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش کرا و هەوڵى “تیرۆرکردنى” درابوو، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئۆتۆمبێلەکەى دەمیرتاش گولـلە نەبڕ بوو، گولـلەکە لە ئاستى سەرى دەمیرتاشدا بەر جامى سەیارەکە کەوتبوو و نەیتوانیبوو جامى سەیارەکە ببڕێت. تا ئێستا هیچ کەس لەسەر ئەو هەوڵى “تیرۆرکردنەى” دەمیرتاش دەستگیر نەکراوە.

 

لێسەندنەوەى پارێزبەندی

 

لە بەردەوامیى هەوڵەکانى دەوڵەت و پەرلەمانى تورکیا بۆ نەهێشتنى هەدەپە لە گۆڕەپانى سیاسى و بەردەوامیدان بە کارە پەرلەمانییەکانى ڕۆژى ٢٠ى ئایاری ٢٠١۶ پەرلەمانى تورکیا پرۆژە یاساى لێسەندنەوەى پارێزبەندى لە پەرلەمانتاران، بە دەنگى پەرلەمانتارانی ئاکەپە و مەهەپە و بەشێک لە پەرلەمانتارانى جەهەپە پەسەندکرد. بەوەش پارێزبەندى لە پەرلەمانتارانى هەدەپە و هاوسەرۆکانى ئەو حزبە سەندرایەوە.

 

لە دواى لێسەندنەوەى پارێزبەندى لە پەرلەمانتارانى هەدەپە ڕۆژی ١٨ى حوەزیرانى ٢٠١۶ داوکارى گشتیی تورکیا ڕایگەیاند، ۵١٠ سکاڵای لە دژى پەرلەمانتارانى هەدەپە تۆمار کردووە. داواکاری گشتیى تورکیا لە کۆى ۵٩ پەرلەمانتارى هەدەپە سکاڵای لە دژی ۵٠ پەرلەمانتاریان تۆمار کردبووە. هەروەها لە کۆى ئەو سکاڵایانەى لە دژى پەرلەمانتارانى هەدەپە تۆمار کراوە، بە تەنها ٩٣ سکاڵایان لە دژى سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپەیە و داواى دوو جار زیندانى هەتاهەتایى و ۴٨۶ ساڵ زیندانى بۆ دەمیرتاش کراوە و بە پێى ئەو سکاڵایانە زۆبەى پەرلەمانتارانى هەدەپە ڕووبەڕووى سزاى جۆراوجۆر دەبنەوە.

 

دەستگیرکردن و زیندانیکردنى پەرلەمانتارانى هەدەپە

 

نزیکەى ۵ مانگ لە دواى لێسەندنەوەى مافى پارێزبەندى لە پەرلەمانتارانى هەدەپە، بەرەبەیانى ڕۆژى ۴ی تشرینی دووەمی ٢٠١۶، هەر یەکە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکى ئەو کاتی هەدەپە و ١١ پەرلەمانتاری تری هەدەپە، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکران.

 

لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ۴٠ پەرلەمانتارى هەدەپە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و بەشێکى زۆریان لە دواى وتە لێوەرگرتنیان بە مەرجى مانەوە لە ژێر چاودێرى دادگادا ئازاد کراون، بەڵام لە ئێستادا ١٠ پەرلەمانتارى هەدەپە بە ناوەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، فەرهاد ئەنجو، گوڵسەر یەڵدرم،  نورسەل ئایدۆغان، سەلما ئیرماق، عەبدوڵا زیائەدین، نیهاد ئاکدۆغان، چاغڵار دەمیرەڵ، بەسیمە کونجا و بورجو چەلیک لە زیندانى حکومەتى تورکیادان.

 

هەروەها پەرلەمانى تورکیا مافى پەرلەمانتاریى لە ۴ پەرلەمانتارى هەدەپە بە ناوەکانی فیگەن یوکسەکداغ، توبا هەزەر، فەیسەڵ سارى یەڵدز و بەسیمە کۆنجا سەندووەتەوە. بەوەش ژمارەى پەرلەمانتارانى هەدەپە لە ۵٩ پەرلەمانتارەوە بووە بە ۵۵ پەرلەمانتار.

 

قۆناغەکانى ژیانى سیاسیى دەمیرتاش

 

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ١٠ى نیسانى ١٩٧٣ لە شارۆچکەى پالۆى سەر بە شارى خارپێت (ئەلازیغ) لە کوردستانی  تورکیا لە دایکبووە. لە ساڵى ٢٠٠٢ هاوسەرگیریى لەگەڵ کچێکى هاوڕێى منداڵیى بە ناوى باشاک کردووە، کە پیشەکەى مامۆستایە. سەڵاحەدین و باشاک دوو کچیان بە ناوەکانى دەلال و دلدا هەیە.

 

دەمیرتاش کۆلێژى یاساى لە زانکۆى ئەنقەرە تەواو کردووە و بووە بە پارێزەر. لە ساڵى ٢٠٠۶ دەبێتە سەرۆکى نووسینگەى کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهادە) لە ئامەد. لە ساڵى ٢٠٠٧ لەلایەن دەتەپەوە وەک پاڵێوراوى سەربەخۆ لە شارى ئامەدەوە بەشداریى لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا کرد وسەرکەوتنى بەدەستهێنا.

 

لە دواى ئەوەى لە ساڵى ٢٠٠٩ بە بڕیارى دادگاى حکومەتى تورکیا دەتەپە داخرا سەڵاحەدین دەمیرتاش بەردەوامیى کارە سیاسییەکانی گواستەوە بۆ ناو حزبى ئاشتى دیموکراسى (بەدەپە). لە دووەمین کۆنگرەى بەدەپە و لە ساڵى ٢٠١٠ بۆ پۆستى هاوسەرۆکایەتیى ئەو حزبە هەڵبژێردرا.

 

لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى تورکیا لە ساڵى ٢٠١١ لە جۆڵەمێرگەوە وەک پاڵێوراوى سەربەخۆ بەشداریى لە هەڵبژاردندا کرد و لەو خولەشدا سەرکەوتنى بەدەستهێنا و بوو بە نوێنەرى خەڵکى جۆڵەمێرگ لە پەرلەمانى تورکیا.

 

لە دواى ئەوە لە ساڵى ٢٠١٢ پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) دامەزرێنرا، لە ساڵى ٢٠١۴ەوە بوو بە هاوسەرۆکى هەدەپە و تاوەکو ئێستا لە ناو هەدەپە بەردەوامە لە کارە سیاسییەکانی.

 

زیندانیکردنى دەمیرتاش و بەشێک لە کاردانەوەکان

 

لە ڕۆژی ۴ى تشرینى دووەمی ٢٠١۵ هێزە ئەمنییەکانى تورکیا سەڵاحەدین دەمیرتاش و ١١ پەرلەمانتارى تری هەدەپەیان دەستگیرکرد و هەر ئێوارەى ئەو ڕۆژە دەمیرتاش دوورخرایەوە بۆ زیندانى جۆرى ئێف لە شارى ئەدرنەى باکوورى ڕۆژئاواى تورکیا.

 

دەستگیرکردن و زیندانیکردنى پەرلەمانتارانى هەدەپە کاردانەوەى جۆراجۆرى لێکەوتووەتەوە و زۆربەى لایەنەکانى کوردان ئەوروپا، ژاپۆن، بەرپرسانى وڵاتانى ئەوروپى، یەکێتیى ئەوروپا و ئەمەریکى دەستگیرکردن و زیندانیکردنى دەمیرتاش و هاوڕێکانیان ئیدانەکردووە.

 

ڕۆژی ٢١ى تشرینى دووەمى ٢٠١۶ شاندێک لە پەرلەمانتارانى حزبە سۆسیال دیموکراتەکانى ئەوروپا (PES) لە وڵاتانى سوید، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، نەمسا و ئیتاڵیا چوونە شارى ئەدرنەى تورکیا بۆ ئەوەى سەردانى سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپە لە زیندانى ئەو شارەدا بکەن، بەڵام پارێزگارى ئەدرنە ڕێگاى نەدا ئەو شاندەى پەرلەمانتارانى ئەوروپا لە زیندان چاویان بە دەمیرتاش بکەوێت.

 

نەخۆشکەوتنى دەمیرتاش

 

ڕۆژى ١٠ى کانوونى یەکەمى ٢٠١۶  سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانى ئەدرنە تووشى گرژیى ماسولکەى دڵ بوو، بەڵام لە دواى چوار ڕۆژ لە دروستبوونى گرژى لە ماسولەکانى دڵیدا ڕەوانەى نەخۆشخانەى پزیشکیى زانکۆى تراکیا کرا و ماوەى ۴٠ خولەک لە نەخۆشخانەکەدا بووە و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە گواسترایەوە بۆ زیندانەکەى لە شارى ئەدرنە.

 

داواى ١۴٢ ساڵ زیندانیکردن بۆ دەمیرتاش

 

داواکارى گشتیى حکومەتى تورکیا لە شارى ئامەد ڕۆژی ١٧ى کانوونی دووەمی ٢٠١٧ لە سکاڵاکەیدا لەسەر دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانى هەدەپە داوایکردبووە بە تۆمەتەکانی “بەڕیوەبەری پەکەکە و کەجەکە” و “لە ئاستى سیاسیدا بەرپرسی سیاسەتەکانى ڕێکخستن” و جوڵانەوە چالاکییەکانیان لە چوارچێوەى کۆنگرەى جڤاکى دیموکراتى (کەجەدە) و “ئەندامبوون لە ڕێکخستن” و “پڕوپاگەندەکردن” و “گەل بەرەو توڕەبوونى دوژمنکارانە هاندان” و “بەپێچەوانەى یاساى خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکان جوڵاوەتەوە” و “ستایشى تاوان و تاوانبارى کردووە” و بەهۆى بڕیارەکانى ڕۆژانى ۶ بۆ ٨ى تشرینى دووەمی ٢٠١۵ بۆ پشتیوانیکردن لە کۆبانێ، پێویستە سەڵاحەدین دەمیرتاش ١۴٢ ساڵ زیندانى و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکەکەى ترى هەدەپە، ٨٣ ساڵ زیندانى بکرێن.

 

ڕۆژى ٢١ى شوباتی ٢٠١٧ لەلایەن دادگاى حکومەتى تورکیا لەسەر یەکێک لە سکاڵاکانى داواکارى گشتیى تورکیا و بە تۆمەتى “سوکایەتیکردن بە نەتەوەى تورک” سزاى پێنج مانگ زیندانیکردن بەسەر دەمیرتاشدا سەپێنرا.

 

ڕۆژى ٢۴ى شوباتی ٢٠١٧ ڕێکخراوى پێنى نێودەوڵەتى چیرۆکێکى سەڵاحەدین دەمیرتاش بە ناوى کفتەى حەڵەب کە لە زینداندا نووسیبووى، بڵاوکردەوە.

 

ئەردۆغان و دەمیرتاش و پشتیوانیکردن لە کۆبانێ

 

ڕۆژى ٨ى تەمووزی ٢٠١٧ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تور کیا لە کۆبوونەوەى لوتکەى گروپى ٢٠ لە شارى هامبۆرگى ئەڵمانیا، لەبارەى دەمیرتاش و پەرلەمانتارە کوردە زیندانیکراوەکانەوە وتبووى “ئازادکردنى تیرۆریستان لە دەستى ئێمەدا نییە. تورکیا وڵاتى یاسایە. ئەو کەسەى ئێوە باسى دەکەن تیرۆریستێکە. تیرۆریستێکى وایە، کە هەموو خوشک و برا کوردەکانمى هێنایە سەر شەقامەکان و دواتر ۵٣ براى کوردى منیان بە کورد دا بە کوشت. ئەوە تەنها تاوانێکە لە تاوانەکانى. تاوانى زۆرى لەو شێوەیەى هەیە. ئەو کەسەى کە دەڵێت، پەکەکە، پەیەدە و یەپەگەمان لە پشتە، ئێستا دادگایى دەکرێت. دادگا چ بڕیارێکى لەسەر بدات ئەو بڕیارە دەخەینە سەر سەر و چاومان”.

 

ئەو قسانەى ئەردۆغان کاردانەوى هەدەپە و دەمیرتاشى لێکەوتەوە و هەدەپە ڕۆژی ٨ى تەمووزی ٢٠١٧ ڕایگەیاند “دەمیرتاش تیرۆریست نییە و مێژوو دەیسەلمێنێت کێ تیرۆریستە و ئێمە حسابى ئەو قسە بێ سنوور و بێ حسابانە لە ڕێگەى سیاسى و یاساى نێودەوڵەتییەوە، لە سەرۆکى گشتى ئاکەپە دەپرسینەوە”.

 

دوابەدواى ئەوەش دەمیرتاش لە ڕۆژی ١٠ی تەمووزی ٢٠١٧ دا ڕایگەیاند، ئەو وتانەى ئەردۆغان دەستێوەردانە لەکاروبارى دادگا و بەو قسانە دادگا ئاڕاستە دەکات کە چ بڕیارێک بەرامبەر بە من دەربکەن، چونکە دادگا لە ژێر کۆنتڕۆڵى ئەردۆغاندایە و بەپێى داوا و قسە و لێدوانەکانى ئەردۆغان بڕیار دەردەکەن.

 

 

دەمیرتاش ڕاشیگەیاندبوو “درەنگ یان زوو دەردەکەوێت کێ تیرۆریستە. لە خۆپیشاندانەکانى ڕۆژانى ۶ بۆ ٨ى تشرینى یەکەمی ٢٠١۵ بۆ پشتیوانیکردن لە کۆبانێ ۵۴ کەس کوژران کە ۴۴ کەسیان ئەندامى هەدەپە بوون، بەڵام ئەردۆغان ڕێگا نادات لێکۆڵینەوەى دروست لەو ڕووداوانە بکرێن و پشت بەو زانیاری و بەڵگانە دەبەستێت، کە لەلایەن ژمارەیەک پارێزگار، قائیمقام، بەڕێوەبەرانى ئاسایش، دادوەر و داواکارانى گشتى لە دژى ئێمە دروستکراون، کە لە ئێستادا زۆربەى هەرە زۆریان تۆمەتبارن بە ئەنجامدانى کودەتاى ١۵ى تەمووزی ٢٠١۶ى تورکیا”.

 

دوێنێش لە بەردەوامیى گوشارەکان لەسەر پەرلەمانتارانى هەدەپە دادگاى تورکیا سزاى ٢ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیى بۆ مەراڵ دانش بێشتاش پەرلەمانتارى هەدەپەی شارى ئەدەنە و سزاى ١٠ ساڵ زیندانیکردنى بۆ سەلما ئیرماق پەرلەمانتارێکى ترى هەدەپە دەرکرد.

سه رچاوه: NRT

نمایش بیشتر

هـه‌ژار رحـیـمـی

علاقه مند به ترجمه و نوشتن در حوزه های تخصصی IT ، سیاست ، اقتصادی و اجتماعی

دیدگاهتان را بنویسید

نوشته های مشابه

دکمه بازگشت به بالا