دادگای فیدراڵی: تا گوێ لە رای هەرێمی کوردستان نەگرین ناتوانین بڵێین ریفراندۆم نادەستوورییە

دادگاى باڵای فیدراڵی عیراق رایدەگەیەنێت کە ناتوانن بڵێن ریفراندۆمەکەى هەرێمی کوردستان نادەستوورییە تا گوێ لە رای لایەنی بەرامبەر (هەرێمی کوردستان) نەگرن.
ئەو هەڵوێستەى دادگای فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا هاتووە کە پێنجشەممە ۲-۱۱ بڵاوکراوەتەوە دوابەدوای کۆبوونەوەیەکی ئاسایی خۆیان.
ئەیاس ساموک، وتەبێژى دادگاى باڵاى فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا جەختیکردۆتەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا دادگای باڵا لەبارەى تانەى حکومەتى عیراق لە نا دەستووری بوونى ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان کە لە ۲۵ى ئەیلولی رابردوو ئەنجامدرا، وەڵامى داوەتەوە کە پێویست دەکات دادگا گوێ لە راى هەرێمى کوردستانیش بگرێت.
حکومەتى عیراق پێشتر سکاڵای دژى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان تۆمارکرد لە دادگای فیدراڵی.
ساموک وتی “دادگا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە یەکلاییکردنەوەى ئەو دۆسیەیە پێویستە گوێ لە راى بەرامبەریش بگیردرێت و ئاگاداریان بکرێتەوە”.
دادگای فیدراڵی دواینجار لە ۱۸ی تشرینی یەکەم ئاگادارکردنەوەى بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نادرووە و تائێستا وەڵامیان وەرنەگرتووە.
ساموک ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە دادگا ناتوانێت راى خۆى لە بارەى وەها پرسێکى دەستووری دەرببڕێت بە تایبەت پرسی ریفراندۆم، “تەنیا دەبێت لە رێگەى سکاڵاوە بێت، لەمکاتەشدا ناتوانێت بڕیاری خۆی بدات تا گوێبیستى وەڵامى لایەنى بەرامبەر نەبێت ئەمەش بنەمایەکى رەچاوکراوی یاساییە بە پێى ماددەى (۹۱/۵) لە یاسای شارستانى و لەگەڵ بنەمای دادگاش یەکانگیر دەبێتەوە کە نابێت دادگا بڕیاری پێشوەختە بدات بێ گوێگرتن لە راى لایەنى بەرمبەر”.
مەسعود بارزانی و بەشێک لە سەرکردەى حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ۲۵ی ئەیلولی رابردوو ریفراندۆمیان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی جێناکۆک ئەنجامداو سەدا ۹۲ی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیاندا.