هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی وڵات؛ ” نەبوونی دەرفەتی کار یان بێکاری “! / ئەرسەلان بورنا*

بارستای ئابووری وڵات لە ئێستادا کە سیاسەتمەدارانی ئێران بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراوە بەبەردەوامی خۆیان لە دەرەوەی بازرگانی جیهانی پێناسە دەکەن وەڵامدەر نییە و هەڵگری کەموکووڕی یەکجار زۆرە. لە ڕاستیدا، پرسی ” کار ” یا دەرفەتە پیشەیییە نویەکان و تەنانەت بابەتی بێکاری بۆ قەیران گۆڕدراوە کە لانیکەم دەوڵەتە بەدەسەڵات گەیشتووەکان لە زەمەنێکی مامناوەندیدا گەڵاڵەیەکی ڕێکوپێکیان بۆ دەربازبوون لە ئەو پێشکەش نەکردووە. لە لایەکی دیکەوە، گەڵاڵەکانی پەرەسەندن وەک ” گەڵاڵەی پەرەسەندنی پێنجەم و شەشەم ” لە ئاکامی دەوڵەتە ناکارامە و بەرژەوەندیخوازەکان دەرنجامێکی ئەوتۆی نەبووە و تووشی ڕاوەستان هاتوونەوە. ڕێکخراوە ئابوورییەکانی وڵات کە بەتەواوی بە ڕێکخراوە سیاسییەکان گرێدراون کاریگەرییەکی نەرێنییان لە سەر ژیان و بژێوی خەڵک داناوە.
وادیارە، ستراتیژییەتی دەسەڵاتی ناوەندی، دەوڵەتەکان و هەتا ڕادەیەک سیاسەتە ئابوورییەکانی ئێمە تەنیا لە بەستێنی دەرەکیدا ڕوون و دیارە. سیاسەتە تێکشکاوەکانی نێوخۆیی لە تەنیشت نەبوونی دەرفەتی کار بۆ لاوان و چینەکانی دیکەی کۆمەڵگا و هەر وەها، بێکاری لەغاوپچڕاو؛ سەرچاوەی زۆرێک لە ناڕێکییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و چاندییەکان لە ئاستی ئێرانن. ئەم بابەتە، پەیهاتی ڕووخێنەری زۆری لێ کەتووەتەوە کە لە بنەڕەتدا، گشتییەتی کۆمەڵگا و هەبوونی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقمەندی بە ئامانج گرتووە. ژمێرکۆ فەرمی و نافەرمییەکان کە لە لایەن دامودەزگا دەوڵەتی و سەربەخۆیەکان بڵاو دەبنەوە نیشاندەری ئەم حەقیقەتەنە کە، هەموو دەوڵەتەکان لانیکەم لە ماوەی نزیک بە چوار دەیەی ڕابردوو پێناسەیەکی دەقاودەق و درووستیان لە هێڵی هەژاری و دەستکورتی، بێکاری، گەشەسەندنی ئابووری و یان بژێوی خەڵک نەکردووە و لەهەمبەر ئەمە؛ بە شێوەیەکی کەموێنە لە سەر پەیڕەوکردنی سیاسەتە ناوچەیییەکانی خۆیان سوورن.
قەیرانی بێکاری یا نەبوونی دەرفەتە پیشەییەکان هاوشێوەی قەیرانە ژینگەیییەکان پشت گوێ خراون کە جێی تێڕامانە. جیا لە ئەمە، بێکاری لەئاستی ئێران گشتگیرە بەڵام لە پارێزگا سنوورییەکان بە هۆی دواکەوتوویی بەشی کشتوکاڵ و پیشەسازیی یان نەبوونی کارگە و کۆمپانیایەکان بە دوا لووتکەی خۆی گەیشتووە. پارێزگا سنوورییەکان لە ئاکامی هەڵکەوتەی جوگرافیایی خۆیان دەتوانن دەرفەتە گونجاوەکان بۆ ڕەخساندنی کار یان دابەزینی بێکاری بەدەستەوە بدەن کە تەنانەت پانتایی ئەو بە پارێزگا ناوەندییەکانیش بگات. کەواتە، دەوڵەتی ڕووحانی پێداویستە بوودجەیەکی زۆرتر بۆ ناوچە ئاماژەپێکراوەکان تەرخان بکات و دامەزراندنی ” بازارچە سنوورییەکان یا ناوچە ئازادە بازارگانییەکان ” کردەوەیی بکات. بەدڵنیایی، بازارچە سنوورییەکان گەشەسەندنی ئابووری لێ دەکەوێتەوە و شایەتی ڕووداوە دڵتەزێنەکانی وەک کوشتنی کۆڵبەران و ئاڵۆزییەکانی هاوشێوەی ئەوان نابین. کەواتە، چاککردنی دۆخی بژێوی خەڵک بە کەمکردنەوە و دابەزینی کێشەکان و ناڕێکییەکان لە ئاستی کۆمەڵگا کۆتایی دێ. لەم ڕوانگەوە، بزۆزی و زیندوویی ئابووریی دۆخی زاڵ لە سەر دەوڵەت و کۆمەڵگا تووشی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان دەکات.
ئێران، لە ڕووی بوونی سەرچاوە سرووشتییەکان یەکجار دەوڵەمەندە بەڵام بێکاری و کێشەکانی سەرچاوەگرتوو لە ئەو ئێستاکەش یەکێک لە کۆسپەکانی کۆمەڵگانە. ئەمڕۆکە، بێکاری پەرەی بە قەیرانەکان داوە کە کاریگەرییە ڕەوانییەکانی ئەو لە سەر جڤاتەکانی ئێمە بەباشی دەردەکەوێ و ئەمە مەترسیدارە. لەم ڕوویەوە، کەمترخەمی دەوڵەتەکان بۆ پێشخستنی بەشی پیشەسازیی و گرینگتر لە هەمووان ” کەرتی کشتوکاڵ ” کە قورسایی پێداویستی بۆ بووژاندنەوە و پەرەسەندنی ئابووری وڵات هەیە بۆ هۆکاری بێکاری و کۆچبەری گۆڕدراون. ئەم بابەتە بووەتە هۆی ئەمەی کە، بنەماڵەکان و تاک لە نێوخۆوە تووشی داڕمان ببن و لە ئاستی کۆمەڵگا شایەتی داڕووخانی بایەخەکان و ئەخلاقی گشتی ببین کە ناکرێ داهاتوویەکی دڵخۆشکەر وێنا بکەین.
ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی )