بافێڵ تاڵەبانیو مەسرور بارزانی.. بازەکە لەسەر شانی کامیان زووتر دەنیشێتەوە؟

ئەوەی لەهەرێمی کوردستان ڕویداو ڕوودەدات، هەندێک بەململانێی ناوخۆی دادەنێن، هەندێکیش بەململانێی هەرێمیی، کەسانێک هەن بۆچونیان وایە ئەوەی ڕوودەدات دەرەنجامی سیاسەتی هەڵەی سەرکردە سیاسییەکانە، بەڵام لەپشت هەموو ئەمانەوە شتێکی دیکە خۆی مەڵاسداوە، ئەویش ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی باوکەکانە بۆ کوڕەکانیان.
بافێڵ تاڵەبانی کێیە؟
بافێڵ تاڵەبانی، کە دوو ساڵ بەر لەدامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانو هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی کورد لەدایک بووە، ئیستا تەمەنی ۴۴ ساڵە، بافێڵ کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردوی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە، تاڵەبانی باوک لەخۆشەویستی بۆ تاڤگەی (بافێڵ،) کە لەچەمی ڕێزانە لەسنووری پارێزگای سلێمانی، کوڕەکەی ناو ناوە بافێڵ.
بافێڵ لەو ساڵانەدا لەدایک بوو، کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەزانکۆی (موستەنسرییە) لە بەغدا، سەرقاڵی خوێندنی دەروونناسی بووە.
تا ساڵانێکی زۆر پاش ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱-ی گەلی کورد، بافێڵ تاڵەبانی لەسەر شانۆی سیاسەتی حزبەکەی کارەکتەرێکی ون بوو، هەندێک دەڵێن، کوڕە گەورەکەی تاڵەبانی ساڵانی دوای ڕاپەڕین لەزانکۆی ئۆکسفۆرد سەرقاڵی خوێندن بووە، بۆیە بواری نەبووە وەک کارەکتەرێکی سیاسی دیار لەحیزبەکەیدا دەربکەوێت، هەندێک کەسی دیکە پێیان وایە بۆ بافێڵ تاڵەبانی ئەستەم بوو لەئامادەبوونی تاڵەبانی باوکدا ڕۆڵێکی کاریگەر بگێرێت، چونکە ئەو ساڵانە تاڵەبانی باوک لەگەرمەی ململانێکانی خۆیدا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەژیا.
یەکەم دەرکەوتنی ڕاستەقینەی تاڵەبانی کوڕ لەسەر گۆڕەپانی حزبەکەی بەپۆستێکی هەواڵگریو سەربازی بوو، کاتێک لەساڵی ۲۰۰۲ دەزگای دژەتیرۆری لەناو یەکێتیدا دروستکرد، دەزگایەک لەو ساڵانەو ساڵانی دواتریش ڕۆڵی دەبێت لەسەرکوتکردنی توندڕەوە ئیسلامییەکانو چەکدارانی ئەنسارئیسلام.
تاڵەبانی کوڕ، لەدەزگایەکی ئەمنییەوە بۆ بڕیاردان لەیەکێتیدا
بافێڵ تاڵەبانی، کە پۆستە فەرمییەکەی لەناو یەکێتیدا بەرپرسی دەزگای دژایەتی تیرۆرە، ئەوەش بەوتەی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی ئەو حیزبە، بەڵام لەماوەی ڕابردوودا بافێڵ تاڵەبانی وەک نوێنەری سکرتارییەتی تاڵەبانی باوک دەچووە کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسیو سەرکردایەتی ئەو حزبە.
بافێڵ تاڵەبانی، کە بەوتەی کەسە نزیکەکانی “خاوەن دەرونێکی گەرمەو کەمێک توڕەیە”، ئامادەبوونی لەکۆبوونەوە باڵاکانی ئەو حیزبەدا، “سەرەتا وەک نێوەندگیرێک لەنێوان دوو باڵە ناکۆکەکەی ئەو حیزبە لێکدرایەوە”، ئەوەش بەوتەی چەند بەرپرسێکی ئەو حیزبە، بەڵام دواتر تاڵەبانی کوڕ لەنێوەندگیرێکەوە بووە بڕیاردەر لەچەندین پرسی هەستیاردا، بەتایبەت لەپرسی ڕیفراندۆمو لێکەوتەکانی پاش ڕیفراندۆم.
بەڵام دەرکەوتنی ڕاستەقینەی بافێڵ تاڵەبانی ڕۆژێک بەر لەئەنجامدانی ڕیفراندۆمی (۲۵/۱۰)ی هەرێمی کوردستان بوو، کاتێک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، “سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیاریاندا بەقبوڵکردنی پێشنیازەکانی وڵاتانی هاوپەیمان، بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم لەئێستادا”.
ئەو ڕاگەیەندراوە ئەگەرچی دواتر خودی بافێڵ تاڵەبانی بەدرۆیخستەوەو ڕایگەیاند، “هەڵەکە لەلایەن کارمەندێکی نوسینگەکە”یەوە ئەنجامدراوە، بەڵام هەرخودی شێوازی نووسینو ئەو زانیاریانەی لەو ڕاگەیەندراوەدا هەبوون، دەیسەلمێنێت هەڵەیەک نەبووە بەسەر ناوبراودا تێپەڕ ببێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی شارپرێس لەچەند سەرچاوەیەکی جیاوازی ناو یەکێتی “سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیاری دواخستنی ڕیفراندۆمیان دابوو، بەڵام بافێڵ تاڵەبانی لەڕاگەیاندنی ئەو هەواڵەدا پەلەی کرد، چونکە پارتی دەیویست بە بەرنامەیەک ئەو ڕیفراندۆمە دوا بخات، بەڵام بافێڵ سەرجەم هەوڵەکانی پارتی پوچەڵکردەوە”.
لەگەڵ پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی پارتی بۆ دواخستنی بە بەرنامەی ڕیفراندۆم، یاخود وەک ئەو پەندە کوردییەی دەڵێت “ڕیسەکەی لێکردەوە بەخوری” زانیارییەکی دیکە هەیە، کە دەست شارپرێس کەوتووە، ئەویش هاتنە سەرخەتی مەسرور بارزانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەکاتی خۆیدا.
پاش ئەوەی بافێڵ تاڵەبانی بەر لەئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەرێمی کوردستانی بەرەو شاری ئەڵمانیا جێهێشت، لەپەیامێکدا ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە ڕایگەیاند “بۆ کارێک لەئەڵمانیامو لەڕۆژانی داهاتوودا ڕوونکردنەوەی زیاترم دەبێت”.
ئەگەرچی روِونکردنەوەکانی ڕۆژانی دواتری بافێڵ تاڵەبانی سەرەتا ڕوونکردنەوەی سیاسی نەبوون، چونکە پاش ماوەیەکی کەم هەواڵی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی ڕاگەیەندرا، بەڵام دوای پرسەی تاڵەبانی، بافێڵ دوبارە گەڕایەوە گۆڕەپان، بەڵام ئەمجارە بەکارێک گەڕایەوە، کە پێدەچێت پارتی هەرگیز بیری لێنەکردبێتەوە، ئەویش ڕێککەوتن بوو لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی سوپا جارێکی دیکە بگەڕێتەوە کەرکوک.
بافێڵ تاڵەبانی، ئەندازیاری ڕێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ حکومەتی ناوەند
ڕۆژی کۆبوونەوەکەی یەکێتیو پارتی لەدووکان، بافێڵ تاڵەبانی بەکۆمەڵێک فایلەوە، کە سەرەتا وەک وەرەقەی ئاسایی تەماشا دەکرا، بە بەردەم میدیاکارانو کامێرای کەناڵەئاسمانییە نێوخۆیو بیانییەکاندا ڕەتبوو، سەرەتا کەس نەیدەزانی ئەو فایلانە واژووی ڕەزامەندی ژمارەیەک لەئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە، بۆ ئەوەی بەبێ شەڕ، بەبێ تەقە، سوپا بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی کەرکوک، کە لەناو خودی ئەو فایلانەدا شوێنەکان ڕونکرابووەوە.
گەرچی مەسعود بارزانی لەکۆبوونەوەکەدا ئەو ڕێککەوتنەی بافێڵ تاڵەبانی لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕەتدەکاتەوە، بەڵام کار لەکار ترازابوو، چونکە بەهەموو شێوەیەک سوپای عێراق ئامادەبوو بچێتە کەرکوکەوە، هەر چەند کاتژمێرێک پاش ئەو کۆبوونەوەیەش، سوپا هێرشەکانی بۆسەر کەرکوک دەستپیکرد.
تاڵەبانی کوڕ چاوی لەکورسییەکەی تاڵەبانی باوکە
هەرچەندە بەرپرسانی یەکێتی نایانەوێت قسە لەبارەی ئەو کەسەوە بکەن، کە لەداهاتوودا دەچێتە سەر کورسییەکەی جەلال تاڵەبانی، بەڵام نایشارنەوە ئێستا لەناو یەکێتیدا نیمچە کۆدەنگییەک بۆ شوێنگرتنەوی جەلال تاڵەبانی لەلایەن بافێڵ تاڵەبانییەوە دروستبووە، تەنانەت لەگرتە ڤیدیۆییەی، کە تاڵەبانی تێیدا بەزمانی ئینگلیزی پەیامێکی بۆ عێراقو جیهان نارد، لەڕووی فۆڕمی دانیشتنو شوێنەکەیەوە، هاوشێوەی تاڵەبانی باوک بوو.
مەسرور بارزانی، ئەو کەسەی پارتییەکان پێیدەڵێن برا گەورە
مەسرور بارزانی، کە خاوەنی نازناوی براگەورەیە، ئێستا تەمەنی ۴۸ ساڵە، لەکاتی شۆڕشی ئەیلول لەدایک بووەو کوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەگوێرەی بەدواداچوونێکی شارپرێس، مەسرور بارزانی یەکەم کەس دادەنرێت، کە مەسعود بارزانی بەردەوام ڕاوێژی پێدەکات.
مەسرور بارزانی، کە زانستە سیاسییەکانی لەئەمریکا خوێندوە، ئێستا یەکێکە لەو سەرکردانەی ناو پارتی، کە شوێنەکەوتەو سەرکردەیەکی زۆری حیزبەکەی لەگەڵدیە، “تەنانەت ئێستا لەناو پارتیدا باڵێک هەیە بەناوی هەڵۆکان، کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات لەبەرانبەر باڵەکەی نێچیرڤان بارزانی”. ئەوەش بەوتەی چاودێرانی سیاسی.
مەسرور بارزانی چووە شوێنی پۆستەکەی باوکی
دەزگای پاراستن، کە بەبڕبڕەی پشتی ئەو حیزبە دادەنرێت، ئێستا لەلایەن مەسرور بارزانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە لەڕابردوودا ئەو دەزگایە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە سەرۆکایەتی دەکرا، بۆیە لەیەکەم هەنگاودا بارزانی کوڕ ئەو پۆستەی وەرگرت، کە پێشتر باوکی سەرپەرشتیکارو فراوانکەری بوو.
ئەوەی وایکرد کێرڤی مەسرور بارزانی لەناو پارتیدا بەرزببێتە، دەرکەوتنە بەردەوامەکانی بوو لەپاڵ باوکیدا لەشەڕەکانی پێشمەرگە دژ بەچەکدارانی داعش، تەنانەت هەندێک کەس پێیان وابوو پلانی شەڕکردنی پێشمەرگەکانی ژێردەستی پارتی، لەلایەن مەسرور بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
بەڵام دەبێت ئاماژە بەخاڵێکی دیکەی گرنگ بدەین، کە وایکرد مەسرور بارزانی بەخێراییەکی بێوێنە بچێتە سەر گۆڕەپانی سیاسیەتی حیزبەکەی، بریاری یەکلاکەرەوە بداتو چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێت ئایندەی ئەو حیزبە بەڕێوە ببات، ئەویش دروستکردنی ئەنجوومەنی ئاسایش بوو لەلایەن ناوبراوەوە لەساڵی ۲۰۰۲ دا، هەروەها دانانی مەسرور بارزانی بەڕاوێژکاری ئەو ئەنجوومەنە.
ئەنجوومەنەکە نە پەرلەمان نە حکومەت توانای لێپرسینەوەیان نییە لێی، بەڵکو ئەو دەزگایە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەسەرۆکایەتی هەرێمەوەو مەسعود بارزانی لێی بەرپرسە
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی شارپرێس، “مەسرور بارزانی یەکێک بووە لەبەرهەڵستکارە سەرسەختەکانی ئەو ئاڕاستەیەی داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان کردووە، تەنانەت باسی لەوە کردووە نابێت بەرانبەر بە ئەو، بافێڵ تاڵەبانی خاوەنی ڕۆڵێکی کاریگەرتر بێت لەپرسی ڕیفراندۆمدا”
پارتیو یەکێتی کۆنگرەیەکی یەکلاکەرەوەیان لەبەردەمدایە، پارتی بەهۆی شەڕی داعشو یەکێتی بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانییەوە، چەند ساڵێکە کۆنگرەیان دواخستووە، بۆیە تا ئێستا ڕوون نییە کە باز-ی سەرکردایەتی داهاتووی حیزبەکانیان، لەسەر شانی کام لەم دوو کوڕە گەورەیە تاڵەبانی و بارزانی دەنێشێتەوە.