سیاسیمهمترین های هەواڵ

کۆسره‌ت ره‌سوڵ په‌یامێک بڵاوده‌کاته‌وه‌

کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی‌، جێگری‌ یه‌که‌می‌ سکرتێری‌ گشتی‌ یه‌کێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستان په‌یامێک له‌باره‌ی‌ هێرشی‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان بۆ که‌رکوک بڵاوده‌کاته‌وه‌.

ده‌قی‌ په‌یامه‌که‌:-

جەماوەری دڵسۆز و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە ئازا و گیان لەسەردەستی کوردایەتی

لای هەمووان ئاشکرایە کە کوانووی خەباتی گەلەکەمان لە مێژووی دەیان ساڵەی تەمەنیدا لەپێناوی دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد و شەرەفمەندانە بە بەردەوامی بڵێسەی سەندووە و نەوە لە دوای نەوە پەیامی پیرۆزی خۆی گەیاندووە , هەتا ئەمڕۆ کە گەیەندراوەتە دەستی ئێمە لەو پێناوەشدا چەندین سەرکردەی جوامێر و دەیان هەزار لاو و مێرخاسی خۆی کردۆتە قوربانی و بە سەربەرزی یەوە لاپەڕەکانی مێژووی پێ نەخشاندووە .

تا ئەو ئاستەی ئەوە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە گەلی کوردستان لەجیاتی هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی دونیا لە بەرامبەر دڕندەترین گروپی تیرۆریستی وەستایەوە و هەرەسی بەو پلانە گڵاوەیان هێنا کە دەتوانن ڕەوڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بوەستێنن و بمانگێڕنەوە بۆ چاخی بەردین وسەردەمانی جاهیلیەت .ئێستا لە کاتێکداکە ناو و ناوبانگی جوامێرانەی پێشمەرگەی کوردستان بە جوانی لە گوێ ی تەواوی مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانی دونیا دەزرنگێتەوە و کەسانێک نەماوە لە م جیهانە بەرینەدا ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لەسەر زار نەبێت , لە پاداشتی ئەوەدا گەلی کوردستان لە چاوەڕوانی ئەوەدابوو کە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و دۆست و هاوپەیمانەکانمان لە جیهان و ناوچەکە بۆ بونیادنانی ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان , گوێمان لێبگرن و ڕێز لە ئیرادەی میللەتەکەمان بگرن , بەڵام مەخابن لە بری ئەوە ڕووبەڕووی گەلەکۆمەیەکی هەمەلایەنەیان کردینەوە و جارێکی تریش ئەو ڕاستیەیان سەلماندەوە کە ( نەتەوەی کورد بێجگە لە چیاکانی خۆی هیچ دۆستێکی تری نیە ) , بە جێهێشتنی گەلەکەمان بە تەنها لەبەردەم هێرش و پەلاماردانەکانی میلیشیا ی حەشدی شەعبی و یەکەکانی سوپای عێراق و ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابووردوو لەکەرکوک وناوچە کوردستانیەکانی تر و قەتلوعامکردنی هاوڵاتیانی کورد لە شاری دوزخورماتوو و جێگاکانی تر و دەرکردنیان و سوتاندنی ماڵوحالیانو بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانیان بێجگە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەنفالێکی تری کورد لەسەر زێدی بابو باپیری خۆی هیچ خوێندنەوەیەکی تر هەڵناگرێت .

بەڵام ئەوەی زیاتر برینەکە بە سوێ دەکات ئەوەیە کە چەند کەسێکی لادەر لە ڕێبازی یەکێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی حیزبەکەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستکەوتێکی کاتی شەخسی دەبنە هاوکار و دەستکێشی داگیرکەران و بەم کارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی گەلەکەمانەوە .

دڵسۆزانو غەمخۆرانی کوردایەتی
ئێمە وەک خۆمان بە شاهیدی هەموو لایەک لەوەی هێزمان بەسەریدا شکا و لەدەستمانهات بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و خاکی پیرۆزی کوردستان لە کەرکوک و جێگاکانی تر و بە ئامانجی لەدەستنەدانی دەستکەوتە ستراتیژیەکانی گەلەکەمان ئەنجاممان داو درێغیمان نەکرد , بەڵام دیارە سەرەڕای گەلەکۆمەکێ ی دەوروبەر , نابەرابەری لە هێز و دڕندەیی شێوازی لەشکرکێشیەکە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەکانی ناوخۆ کە بوو بە هۆکاری چۆڵکردنی بەشێکی کاریگەر لە سەنگەرەکان و چۆڵکردنی پشتی هێزەکان بە قازانجی دوژمن کارێکی وایکرد کە ئەمجارەش ڕووداوەکان بە قازانجی گەلەکەمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە کانمان نەشکێتەوە و بەشێکی گرنگ لە دەستکەوتە بەدیهاتووەکانی گەلی کورد لەدەست بچێت .

سەرباری هەموو ئەوانەش ئەگەرچی زیانەکان لەڕووی لەدەستدانی دەستکەوتی نەتەوەییەوە لە ئێستادا زۆر گەورەن و ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و دوز و هەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی, بەڵام پێمان وایە کە ئەمە کۆتایی ڕێگا نیە و ئیرادەی ئازادیخوازانەی کورد لەگەڵ ئەم جۆرە کەوتنانە دەست و پەنجەی نەرمبووە بۆیە هەڵسانەوە وچوونەوە پێش کارێکی زەحمەت نیە , ئێمەش بۆ ئەو ئامانجە هەمیشە پێشمەرگەی بەوەفای ڕێبازی شەهیدانین و وورەمان وورەی ڕۆژگارەسەختەکانی خەباتە و لەهەر کاتێکی تر جەسوورانەتر و دڵسۆزانە تر و بە بیر و هۆشێکی کراوەترەوە شان دەدەینە بەر ئەو ئەرکە مێژووییەی کە خەباتی گەلەکەمان و خوێنی بەناهەق ڕژاوی شەهیدەکانمان پێیان سپاردووین .

لێرەشەوە بانگەشەی تەواوی هێزو لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان دەکەم هەرچی زووە هیممەت بکەین و ناوماڵی خۆمان ڕێکبخەینەوەو عیبرەت لە ڕووداوەکان وەربگرین , یەکڕیزی گەلەکەمان بپارێزین و تۆکمەی بکەین , چونکە تەنها و تەنها ئەوە تاکەڕێگای هێزدانەبەری خەبات و کوردایەتی یە .

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان
بژی کورد، بژی کوردستان

کۆسرەت رەسول عەلی
جێگری سکرتێری گشتی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
۱۸/۱۰/۲۰۱۷

نمایش بیشتر

هـه‌ژار رحـیـمـی

علاقه مند به ترجمه و نوشتن در حوزه های تخصصی IT ، سیاست ، اقتصادی و اجتماعی

دیدگاهتان را بنویسید

نوشته های مشابه

دکمه بازگشت به بالا