عەبادی: گفتوگۆ کاتێک دەکرێت ئەنجامی ریفراندۆم هەڵوەشێتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە سورن لەسەر بڕیاریەکانیان لەدژی هەرێمی کوردستانو رایگەیاند هەڵوێستیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم وەکو خۆیەتی.
ئەمشەو نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا رایگەیاندوە کە حەیدەر عەبادی پێشوازی لەهاوپەیمانێتی هێزە عیراقییەکان کردوە گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێک کردوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا عەبادی باسی لە بڕیارو رێوشێنە یاسایی و دەستورییەکانی حکومەتی ناوەند کردوە لەدژی هەرێمی کوردستان کە بەوتەی خۆی دەبێت ناوەند دەسەڵاتی بەسەر هەرێمو ناوچە جێناکۆکەکان تەواوی عێراقدا هەبێت.
حەیدەر عەبادی لەکۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردوە حکومەت سورە لەسەر ئەو بڕیارانەی لەدژی هەرێم داویەتیو گفتوگۆش کاتێک دەکرێت کە ئەنجامی ریفراندۆم هەڵوەشێنرێتەوە.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق دوپاتیکردوەتەوە کە دەبێت نەوتو خاکو سنورەکان بکەونە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندو دوپاتیکردوەتەوە کە هەڵوێستیان بەرانبەر ئەو بڕیارانە ناگۆڕێت کە دژی هەرێم دەریکردون.
بەپێی راگەیەنراوەکە هاوپەیمانێتی هێزە عەرەبییەکان پشتیوانیان لەحکومەتەکەی عەبادی کردوە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارو رێوشوێنانەی لەدژی هەرێمی کوردستان دەرکراون.