ڕوسیا دەیەوێت هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کەمبکاتەوە

ڕوسیا ڕۆڵی هەبووە لەهێورکردنەوەی هەڵوێستی تورکیا لەبەرانبەر هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای سەردانەکەی ڤلادیمر پوتین سەرۆکی ڕوسیا بۆ تورکیاو دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتای تورکی خۆی.
پێگەی ئەلمۆنیتەر راپۆرتێکی لەسەر ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوویو ئێستای هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوەو پێیوایە بەرژەوەندیی ئابووری ڕوسیا لەهەرێمی کوردستان ڕێگە نادات تورکیا سنوور لەسەر کوردستان دابخات.
لەبەشیکی ڕاپۆرتەکەدا، باسی سەردانەکەی ڤیلادیمر پوتین سەرۆکی ڕوسیا کراوە بۆ تورکیا، کە تەنیا سێ ڕۆژ دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بوو، کە توانی کاریگەری لەسەر هێوربوونەوەی سیاسەتی تورکیا هەبێت.
پێگەکە هەروەها سەبارەت بەڕۆڵی مۆسکۆ لەوەستاندنی سزاکانی سەر هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانو ڕوسیا ڕێگر بوون لەبەردەم سەرۆکی تورکیاو ناتوانێت هەڕەشەکانی لەدژی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان جێبەجێبکات.
بەهۆی ڕێککەوتنی ئەمساڵی نێوان هەرێمی کوردستانو ڕوسیا لەپەراوێزی کۆنفرانسی ئابووری سەن پترۆسبۆرگ، کە بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، ڕوسیا بە بەهای ۴ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لەکەرتی نەوتو گازی هەرێمی کوردستاندا کردووەو بەپێی دوایین ڕێککەوتنی نێوان هەردوولاش، کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕوسیا پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆری گازی سروشتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیاو وڵاتانی ئەوروپای خستووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
لەو بارەیەوە، ئەلمۆنیتۆر، لێدوانێکی وۆگین کۆغان شارەزای بواری بەرگریو ئاسایش لەجۆرجیای بڵاوکردەوە، دەڵێت: “ڕوسیا بەوەبەرهێنانی ۴ ملیار دۆلاری لەهەرێمی کوردستان لەبواری پیشەسازی نەوتو گاز”.
ئەو شارەزایە راشیگەیاندووە، کە روسیا بەو هەنگاوەی پێشی وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان لەناوچەکە کەوتووەو ئەوەش هۆکارێک بووە لەبەردەم سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ پاشگەزبوونەوەی لەجێبەجێکردنی هەڕەشەکانی لە هەرێمی کوردستان.
پێگەکە ئەوەشی راگەیاندووە، ڕوسیا زەرەرمەند دەبێت بەداخستنی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان لەناو تورکیا، کە خاوەنی هاوپەیمانییە لەکۆمەڵگەی بازرگانی تورکیاو بەگرتنەبەری هەر هەنگاوێکی ئەنقەرە لەدژی هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ لەناوچەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.
ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان رۆژی ۲۵ی مانگی رابردوو بەرێوەچوو، کە ئەوە کاردانەوەی تورکیاو چەند وڵاتێکی لێکەوتەوەو ئەو وڵاتانەش هەڕەشەی سەربازیو سزای ئابوورییان لەهەرێمی کوردستان کرد.