سیستەمی دەستدرێژیکەر و پەیهاتە ڕووخێنەرەکانی

چیرۆکی گلگامێش دەستپێکی دەربازبوون بە تەکووزییەکە کە پەیهاتە نەرێنی و کاریگەردانێرەکانی تاکوو ئەمڕۆکەش لە سەر کۆمەڵگاکان بە شێوە جیاوازەکان درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. بیرۆکەی پیاوسالاری کە توندوتیژی، بە چۆک داهێنانی ئیرادەی ئازادی ژنان و کۆیلایەتی ئەوانی لە سەردەمە میژوویییەکان ڕێوەبەرایەتی کردووە لە ئێستادا لە نێو زلکاودا گیری خواردووە. سەرەتا، جڤاکی سوومێری بە شێوەیەکی سیستماتیک پەرەیان بە ڕێبازێکی لەم چەشنە لەئاست بە ڕەگەزیی مێنە دەدا و ئێستاکە، سیستەمی دەستدرێژیکەر لە ماوەی چەند سەدەی رابردوو وێڕای خێراییەکی زۆرتر لە ژێر دەمامکە جۆراجۆرەکان خۆی پێناسە دەکاتەوە. لە ڕاستیدا، ژن بە بەردەوامی وەک ئۆبژەیەکی کۆیلە چاوی لێکراوە کە هەردەم، جێی سەرنج ئەم سیستەمە بووە.
پێگەی ژنان لە ڕژێمی دەوڵەت ـ نەتەوە بە مەبەستی داڕمان و تەنانەت داڕووخانی جڤاتە مرۆڤییەکان و کۆیلەکردنی هەمەلایەنە بۆ ئۆبژەیەکی سێکسی گۆڕدراوە کە قەحبەیەکی جیهانی لێ ساز کراوە. کەرەستەیی بوون، لەش فرۆشی بە مەبەستی داهاتی زۆرتر و هەر وەها، کوشتنی نامووسی، شەیدایی و … بەشێک لە نەموونە ئاماژەپێکراوەکانن کە پەرەی بە لادانە ڕەگەزیییەکانی لەم جۆرە داوە. سەرەڕای ئەوانە، سیستەمێکی پێنج هەزار ساڵە پێگەی مەزنی ژنانی بە ئامانج گرتووە بەڵام لەم قۆناغە مێژوویی و هەستیارەدا ژنان لەڕووی نەزانی یا بە دڵخوازی خۆیان یارمەتی بیرۆکەیەک دەکەن کە بە کۆیلایەتی مۆدێڕن کۆتایی هاتووە.
ئەم بابەتە کە هەڵگری بنەچە مێژوویی ـ کۆمەڵایەتییەکانە لە هەموو کۆمەڵگاکان و بەتایبەت کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕەهەندی نوێ تری بە خۆیەوە گرتووە و ناڕێکی زۆری بەدوادا هاتووە. ژنان، لەم سیستەمە زاڵەدا بەڕادەیەکی زۆر دەچەوسێنەوە و دەستدرێژییان بۆ سەر دەکرێ. سنووردانانەکان لە ئاستە جۆراوجۆرەکان چەوساندنەوەی ڕەگەزیی بۆ مەبەستە دیاریکراوەکانی لێ کەوتووەتەوە کە بەبەردەوامی نەموونەکانی لەم چەشنە مێزە دەکەین. بەدڵنیایی، کوشتنی ” سادق . ب ” و چەندین منداڵی کەم تەمەن لە شارەکانی دیکە، دەستدرێژییەکانی داعش لەدژی کوردانی ئیزیدی و هەر وەها، دەستدرێژیییەکانی کە لە دامودەزگا ئیدارییەکان بۆ پاراستن یا بەرزبوونەوەی پێگەی کاری لە کۆمەڵگا مۆدێڕنەکان ڕوو دەدات هەر هەموویان باس لەوە دەکەن کە پێداویستە لایەنە مێژوویی، کۆمەڵایەتی، چاندی، سیاسی و مەزهەبییەکانی بیرۆکەی زاڵی پیاوسالاری بەباشی شی بکرێتەوە و خوێندنەوەیەکی بەربڵاوی لە سەر پێک بێ تاکوو لە ڕێژەی ڕووداوەکانی لەم شێوە یا دەستدرێژییەکانی سەر ڕەگەزیی مێنە کەم ببێتەوە.
هەر چەند، تەنانەت بیر کردنەوە لە کردەوەیەکی هۆڤانەی لەم جۆرە ڕاچڵەکینەرە بەڵام جێی شۆپی ئەو لە نێو کۆمەڵگا و جڤاتەکانی ئێمەدا وەبەرچاو دەکەوێ. کێشەی ئابووری و بێکاری ڕەها و هاوکات، مەودای چینایەتی بەرچاو لە نێوان هەژار و دەوڵەمەند لە ئاستی وڵات بە لووتکەی خۆی گەیشتووە کە پەیهاتەکانی سەرچاوەگرتوو لەم قەیرانە سامناکە. لە لایەکی دیکەوە، بیری پیاوسالاری لەم بارودۆخەدا نەک تەنیا ژنانی بەتەواوی پشت گوێ خستووە بەڵکوو لە ڕووی ئەخلاقی خەریکی داڕووخانی یەکجارەکیە. کەواتە، گرینگە هەر هەموومان سەر لە بەفر دەرهێنین و حەقیقەتەکانی نێو کۆمەڵگا هەست پێ بکەین و چارەسەرییەکی گونجاو و درێژخایەن بۆ ئەوان بدۆزینەوە.
لەم نووسراوەیەدا، ئاماژە بە هیندێک دەستدرێژی و لادان دەکەێن کە وردە وردە لە نێو کۆمەڵگاکەمان بۆ بابەتێکی ئاسایی دەگۆڕدرێن. هاوکات، ئەگەر چاوپۆشی لە کوشتنە دڵتەزێنەکانی وەک کوژرانی ” سادق ” بکەین لە ڕاستیدا، دەستدرێژییەک زۆر لە ژێر دەمامکی هاوڕێیەتی یا پێک هێنانی ژیانی هاوبەش ڕوو دەدات کە دەربازی قۆناغێکی مەترسیدارتر بووە. ئەم بابەتە، جەستە و ڕەوانی ژنان ( بەتایبەتی بێوەژنان ) و کچانی بە ئامانج گرتووە کە نیشانەکانی دەبینین. ڕێگا ناسەرەکییەکان مەهاباد؛ مەهاباد ـ قازیاوا، مەهاباد ـ کەرێزەی شێخان، مەهاباد ـ شیلان ئاوا و … جیا لە نێو شار، زۆر بە ڕوونی ئەم ئیدیعایە دەسەلمێنن. ئەم ڕووداوانە ئاماژەیەک بۆ کارەساتێکی داڕووخێنەرتر لە دەستدرێژی سیستماتیک دەکەن. جیاواز لە ئەمە، ئێمە شایەتی هاتنی کچانی هەڵاتوو بە مەبەستی چەوساندنەوە و کەڵکی سێکسی لە شارەکانی دیکە بۆ مەهاباد و بەپێچەوانەین.
پرسی ژنان و بەدڵنیایی دەستدرێژییەکانی سەرچاوەگرتوو لە ئەو ڕەهەندێکی جیهانی هەیە بەڵام چاکسازی و لەناوبردنی ئەم سیستەمە مەحاڵ نییە. ئەمڕۆکە، پرسی ژنان لە لایەن چینە جیاوازەکان وێڕای کەموکووڕییەکانی کەوتووەتە بەر سەرنجی ڕای گشتی جیهانەوە کە گرینگە بە دوور لە هەر چەشنە توندڕەوییەکی ڕەگەزیی ـ بە دوور لە فێمێنیزمی ڕووت و پەتی جیهانی ڕۆژئاوایی و کار کردن لە سەر پەروەردەکردنی ژنی خاوەن ئیرادە و ئازاد ـ کاری لە سەر بکرێ. ئەم دەرفەتە خاوەن گرینگایەتییەکی زۆرە کە دەتوانێ گۆڕانکاری بەرچاو لەم بەستێنە و تەواوی بەستێنەکانی دیکەش ساز بکات.
ئەرسەلان بورنا*