هێرشی توندی بارزانی بۆ بەغدا و حکومەتی عێراق

بارزانی: ئیرادەی میللەتی کورد بە پەرلەمانی عێراق ناشکێت
مەسعود بارزانی لە کەمپەینی سەربەخۆیی کوردستان لە یاریگای ئاکرێ گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: “بڕیاری گشتپرسی، بڕیاری هەموو حیزبە کوردستانییەکانە. هەموو هەوڵێکمان لەگەڵ عێراق شکستی هێنا و دەبێ بەرپرسانی عێراق لە خۆیان بپرسن بۆچی هەموو شەراکەتێک لەگەڵ ئەوان شکستی هێنا”.
بارزانی بە ئاماژەدان بەوەیکە تاوەکو ئێستا ئەوانەی داوای دواخستنی گشتپرسی دەکەن هیچ بەدیلێکیان پێنەبووە، گوتی: “ئەگەر بەدیلێک بۆ گشتپرسی هەبێت و هەمان ئامانج جێبەجێ بکات، قبوڵی دەکەین”. لە هەمانکاتدا گوتی: “هەموو باجێک بۆ سەربەخۆیی دەدەین.” گوتیشی: “دوای گشتپرسی دەرگای گفتوگۆ لەسەر زۆر بابەت دەکەینەوە، ئەوانەی داوای دواخستنی گشتپرسی دەکەن، با لە دوای بەڕێوەچوونی گفتوگۆمان لەگەڵ بکەن”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: “ئەوانەی دەیانەوێت ئیرادەی گەلی کورد تاقی بکەنەوە، ئەوە مەیدان کراوەیە ، ئیرادەی میللەتی کورد بە پەرلەمانی عێراق ناشکێت، پەرلەمانی عێراق کار لەسەر زۆرینەی سیاسی دەکات. خزمەتکاری قبوڵناکەین و دەبێ گلەیی لە خۆیان بکەن”.