اجتماعیمهمترین های هەواڵ

قەیرانی کۆڵبەری و مافەکانی هاووڵاتی ـ بوون/ ئەرسەلان بورنا*

قەیرانی کۆڵبەری و مافەکانی هاووڵاتی ـ بوون

 

ئەرسەلان بورنا*

سیاسەتە نێوخۆیییەکانی سەرکۆماری یاساناس لە خولی یەکەمی سەرکۆماریدا وێڕای چەقبەستوویی لە سەر نووسینی مانیفێستی مافەکانی هاووڵاتی ـ بوون؛ بەشی سێیەمی ” مافەکانی گەل ” لە یاسای بنچینەیی کە دەستکەوتێکی مێژوویی بەهەژمار دێ کردەوەیی کردووە! هاوکات، ” ڕنوو ” یەکێک لە دیارییە خۆزایییەکانی خوداوەند بوو کە بۆ یەکەم جار یەکگرتوویی نوێنەرانی کورد بۆ پشتیوانی کردن لە هەژارترین چینی کۆمەڵگا کە کۆڵبەرانن لێ کەوتەوە. کەواتە، ڕووداوە سرووشتییەکان کە بە ئیرادەی مرۆڤەکان ڕوو نادەن هەستەکانی ئێمە دەورووژێنن کە نەکا ” مافی خەڵک ” لە لایەن ئێمەوە پێشێل بکرێ یا بچەوسێتەوە.

سەرەڕای ئەوانە، بەشی چوارەمی یاسای بنچینەیی ڕاشکاوانە ئاماژە بە ” ئابووری و کاروباری ماڵی ” دەدات کە باس لە وەدی هێنانی سەربەخۆیی ئابووری کۆمەڵگا و نهێشتنی دەستکورتی و هەژاری دەکات. هەر وەها، خاڵی ۴٣ یاسای بنچینەیی پێداگری لە سەر وەدی هێنانی پێداویستییە مرۆڤییەکان لە کاتی گەشەسەندنی ئابووری کردووە کە وێڕای سەرنجدان بە سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاستی گەشەسەندنی ئابووری لە ئاستی ئێران؛ ئەم بابەتە لە پارێزگا کوردنشینەکان لە گەڵ پەرەسەندنی هەمەلایەنەی وڵات ناکۆکە. لە لایەکی دیکەوە، خاڵی ۴٨ یاسای بنچینەیی دەست نیشانی کردووە کە: ” لە بەهرەوەری لە سەرچاوە سرووشتییەکان و کەڵک وەرگرتن لە داهاتە نەتەوەیییەکان لە ئاستی پارێزگاکان و دابەشکردنی چالاکییە ئابووریییەکان لە نێوان پارێزگاکان و ناوچە جیاوازەکانی وڵات نابێ هیچ چەشنە هەڵاواردنێک ڕوو بدات. بە شێوەیەک کە، هەر ناوچەیەک لەگۆڕی پێداویستییەکان و هێزی گەشەسەندنی خۆیان، سەرمایە و کەرەستە پیداویستەکانیان لە بەردەست ببێ “.

بەدڵنیایی، زۆر خاڵی دیکە لە یاسای بنچینەیی دیاری کراوە هەتا ڕێگە لە بەردەم هەر چەشنە هەڵاواردن یا پێشێلکارییەک لەهەمبەر مافەکانی گەل بگرێ. بەڕێز سەرکۆمار، بەهۆی ئەوەی کە ئێوە و نوێنەرانی خەڵک لە بەردەم قورئانی پیرۆز و نەتەوەکانی ئێران لە ماف، دادپەروەری، ڕێزگرتن لە مرۆڤەکان و مافەکانی نەتەوە کە لە یاسای بنچینەیی ئاماژەیان پێ دراوە سوێندتان خواردووە کەواتە، پشتیوانی لە کەرامەتی هاووڵاتییان بکەن. جێی دوودڵی نییە کە، بەرپرسانی ئێمە سەردەرچوویی باشیان سەبارەت بە ” مافی ژیان، سڵامەت و چۆنیەتی ژیان ” هەیە و گرینگە ئەم دۆخە گونجاوە بۆ تەواوی چینەکانی کۆمەڵگا بە دوور لە هەرچەشنە هەڵاواردنێک پێک بهێنن.

لە ڕاستیدا، پارێزگا سنووریییەکان هەردەم یەکێک لە پێناسە سەرەکییەکان گەشەسەندنی ئابووری پێناسە کراون کە پێداویستە گرینگایەتی زۆرتریان پێ بدرێ. ئەمڕۆکە، دان و ستانە بازرگانییەکان لە دەروازە سنووریییەکان یا ناوچە ئازادە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی یاسایی و فەرمی دەتوانێ بەر لە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بگرێ. ئەم سیاسەتە، بەباشی کاریگەردانێری خۆی لە سەر ئابووری ناوچە نیشان دەدات و ڕێگە لە بەردەم زۆر دیاردەی نەخوازراو دەگرێ. ڕێکارەکانی لەم چەشنە کە ئێستاکە پەیڕەو دەبن، پەیهاتە نەرێنییەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لێ دەکەوێتەوە کە دەبێ دەوڵەت و پارڵەمان هەوڵێکی یاسایی و جیددی بۆ بدەن.

قەیرانی کۆڵبەری، لە ئاستی ئێران بە هۆی چەقبەستوویی سیاسەتەکانەوە پەیهاتی نالەبار و نەرێنی لە سەر ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگای ئێمە داناوە. کێشە ئابووریییەکان و بایەخ نەدان بە پەیهاتە کۆمەڵایەتییەکانی نەک تەنیا هۆکاری دواکەوتوویی ژێرخانە ئابووریییەکان بووە بەڵکوو پەرەی بە دەرکەوتنی مەودای چینایەتی و تەشەنەی دیاردە نەشیاوەکانیش داوە. لەم ڕوانگەوە، حەز بە کاری کۆڵبەری وەک تەنیا سەرچاوەی داهاتی بنەماڵەکان ڕووی لە بەرزبوونەوەیە کە بەداخەوە، زۆربەی ئەم کەسانەی کە خەریکی کاری کۆڵبەرینە لە ژنانی بێ سەرپەرشت، لاوانی خوێندەوار کە کەڵکەڵەی داهات و داهاتوویان هەیە و منداڵانی بنەماڵە هەژار و دەستکورتەکان پێک هاتوونە.

دەوڵەت، ئاوڕدانەوەیەکی باش و ئەوتۆی لە سەر بەشەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی نەداوەتەوە و ناکارامەیی خۆی لەم بەستێنانەدا نیشان داوە. ئەمە، دۆخی هەبووی هەستیارتر و ناسکتر کردووە و پەرەی بە کاری کۆڵبەری داوە. کەواتە، بەهرەوەری کەمی جووتیاران و دانیشتووانی گوندەکان لە ئاکامی پشتیوانی نەکردنی دەوڵەت و کۆچبەرییان بەرەو شارەکان، نەبوونی دەرفەتە پیشەیییەکان، دواکەوتوویی، بێکاری بەربڵاو، دۆخی ئاسایشی و … خێرایی پەیهاتەکانی سەرچاوەگرتوو لە کۆڵبەری لە ڕەهەندە جۆراجۆرەکان پەرە پێ داوە. ” ئابووری کۆڵبەری ” لە ئێستادا بەرەو قەیران ڕۆیشتووە کە ئاکامەکانی ئەو کاولکارانە و مەترسیدارە. جیاواز لە ئەمە، تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران بەبێ ڕەچاوکردنی ” مافی بەکارهێنانی چەک ” لە لایەن هێزی ئینتزامی دۆخەکەی شپرزتر کردووە کە پێداویستە ڕێکارە درێژخایەنەکان بۆ چاککردنەوەی بژێوی خەڵک و گەشەسەندنی ئابووری ناوچە ئاماژە پێ کراوەکان لەبەرچاو بگیردرێ. لەم ڕوانگەوە، چاوەڕوانی ئێمە لە دەوڵەتی ” تەدبیر و ئومید ” ئەوەیە کە، وێڕای هاوکاری پارڵەمان و دەزگای داد گەڵاڵەیەکی هەمەلایەنە بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەسەندنی پارێزگا سنووریییەکان جێبەجێ بکات تاکوو شایەتی ڕووداوە دڵتەزێنەکانی وەک گیان لە دەستدانی کۆڵبەران لە شارەکانی سەردەشت، بانە، مەریوان، ماکۆ و … نەبین.

 

 

ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی )

نمایش بیشتر

هـه‌ژار رحـیـمـی

علاقه مند به ترجمه و نوشتن در حوزه های تخصصی IT ، سیاست ، اقتصادی و اجتماعی

دیدگاهتان را بنویسید

نوشته های مشابه

دکمه بازگشت به بالا