تیرۆری ژینگەیی / ئەرسەلان بورنا*

تیرۆری ژینگەیی
ئەرسەلان بورنا*
ئەمڕۆکە کێشەی کەم ئاوی و بێ ئاوی یەکێک لە بەرچاوترین دیاردەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. گرێدراو بەم پرسە هاوسەنگییەکی ناڕێک لە وڵاتانی بەرەو پێشکەوتن لە نێوان پەرەسەندن و قەوارەکانی بەرەو لە ناوچوون بەدی دەکرێ. ئاوێکی بەرچاو بە هۆی ڕێکارە کۆنەکانەوە بە فیڕۆ دەچێ و دەست پێوەڕاگرتنێکی ئەوتۆش بەدی ناکرێ. گەرم بوونی گۆی زەوی لە تەنیشت کەم بوونەوەی بارینەکان و گۆڕانی بارین لە بەفرەوە بۆ باران دابەزینی سەرچاوە ئاویییەکانی ژێر زەوی و هاوکات تەشەنەسەندنی ویشکەساڵی لە پانتایییەکانی نێوەڕاستی گۆی زەوی؛ ئەم قەیرانەی قووڵتر کردووە.
وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هۆی جێی گرتنیان لە پانتایی وشک و نیوەوشک گرێدراوییەکی زۆریان بە بارین و سەرچاوە ئاویییەکانی وەک ڕووبار یا ئاوەکانی ژێر زەوی هەیە. هەر بۆیە، وڵاتانی ئەم هەرێمە بۆ دابین کردنی ئاوی پێداویستی بەشی پیشەسازیی، کشتوکاڵ، شارەکان و … پێداگرییەکی زۆر لە سەر لێدانی بەنداو دەکەن. بە پێی ڕاگەیاندنەکان داواکاری بۆ بە کارهێنانی ئاوی شیرین لە ماوەی دوو دەیەی پێشەڕۆژ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ڕێژەی ۶٠٪ بەرز دەبێتەوە. جیا لە ئەمە، سەرچاوە ئاویییەکان تەنیا هێزی دابین کردنی ١٠٪ ئەم پێداویستییەیان دەبێ. لەم ڕوویەوە، بە درێژایی چواردەیەی ڕابردوو تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران بە بێ گوێدان بە مەترسییەکان دەستیان بە لێدانی بەنداو لەسەر ڕووبارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە.
ژمێرکۆ بڵاوکراوەکان نیشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە کۆی ئاوە شیرینەکان دابەزینی بە خۆیەوە دیتووە. ئەم ڕێژەیە بۆ عێراق کە دوو ڕووباری دیجلە و فڕات وەک دەمارەکانی ژیان چاویان لێ دەکرێ بە ڕادەی ۴/٣ لە سەدا کەم بوونەوەیان تۆمار کردووە. وێڕای سەرنجدان بە ئەوەی کە عێراق سەرچاوەیەکی هەرمێن یا گرینگی بۆ دابینی ئاوی پێداویستیی نییە و لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی بارینی کەم و جێی گرتنی لە پانتایی گەرم و ویشک ئەم دابەزینە خەسارێکی زۆری بۆ ژینگەی ئەم وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێ.
تورکیا لەم نێوانەدا لە ئاست بە وڵاتانی عێراق، سووریا و هەتا ڕادەیەک ئێران پێگەیەکی باشتری لە ڕێژەی بارینەکان و کۆ کردنەوەی ئاو لە پشتی بەنداوەکانی هەیە. ئەم وڵاتە بۆ باشتر بە کارهێنانی سەرچاوە ئاویییەکانی وەک دیجلە و فڕات دەستی بە لێدانی بەنداوی جۆراوجۆر لە سەر ئەوان کردووە. بە گشتی، ژمارەی بەنداوەکانی ئەم وڵاتە هەتا ئێستاکە زێدەتر لە ۵٠٠ بەنداوە و زۆربەی ئەوان لەسەر ڕووبارە نێو دەوڵەتییەکان دامەزراون. تورکیا نزیک بە ٢٨٪ ئاوی شیرینی کۆکراوە لە بەنداوەکانی قەرزداری دیجلە و فڕاتە. ئەم مژارە بە باشی ڕوونی دەکاتەوە ئەگەر یاسا نێودەوڵەتییەکان بەم شێوازە لە لایەن تورکیا یا وڵاتانی دیکەوە پێشێل بکرین قەیرانی بێ ئاوی و هەر وەها، قەیرانی مرۆڤی و ژینگەیی لەم هەرێمە دوور لە چاوەڕوانی نییە.
ئەمڕۆکە ” گەڵاڵەی گاپ ” لە تورکیا کە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و بە واتایەکی دیکە بۆ سەدەیەک ڕێزگرتن لە کۆماری تورکیا کاری لەسەر کراوە جیا لە قەیرانی ژینگەیی یا سڕینەوەی دیرۆکی نەتەوەیەک، ئاستی خەسارهێنەری ڕەهەندێکی هەرێمی و نێودەوڵەتیشی گرتووە. تورکیا لە چوارچێوەی گاپ ٢٢ بەنداو و ١٩ ئێزگەی ئاوی بە درێژایی دیجلە و فڕات لێداوە کە بە پێی خاڵە دەست نیشانکراوەکانی نێودەوڵەتی زۆربەیان نایاسایین.
” بەنداوی لیسۆ ” یەکێک لە بەنداوە درووستکراوەکانە کە ساڵی ٢٠٠۶ کۆتایی هات و زێدەتر لە ٩۶٩ هەزار هێکتار لە زەوی کشتوکاڵییەکانی عێراقی لە ئاو بێبەش کرد. جیاواز لە گەڵاڵە خەسارهێنەرەکانی تورکیا، دەوڵەتی سووریاش بە دەیان بەنداوی گەورە و بچووکی لە سەر ڕووبارەکان دامەزراندووە. لە ڕاستیدا، بەنداوەکانی ” ئەسەد “، ” بەعس “، ” تەشرین ” و ” حەلەب ” لە سەر ڕووباری فڕات بۆ عێراق قەیرانی ژینگەیی زۆری لە گەڵ خۆی هێناوە. ئەم چوار وڵاتە لە مەودای دەیەی ١٩٧٠ کە قەیرانی کەم ئاوی دەرکەوتووە دەستیان بە لێدانی دەیان بەنداو و کاناڵ کردووە. سەرەڕای ئەوەی کە دیجلە و فڕات دەمارە ژیانبەخشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چاویان لێ دەکرێ بەڵام کەڵک وەرگرتنی بێسەرەو بەرە خەسارێکی یەکجار زۆری وەک هەستانی تەپ و تۆز لە ویشکاڕۆکانی عێراق لێ کەوتووەتەوە کە بەرەو کارەسات دەڕوات.
قەیرانی کەم ئاوی و بێ ئاوی سێبەری خۆی لەسەر ئەم وڵاتانە زاڵ کردووە. زۆرێک لە بەشەکان بۆ دابین کردنی ئاوی پێداویست چاوەڕوانی بارینییەکانی هاوشێوەی ساڵانی پێشوونە. هەر بۆیە، لە شوێنی ڕێکارە زانستییەکان لێدانی بەنداو لەسەر ڕووبار وەک تەنیا ڕێگەچارە دەزانن. بەنداوەکان، بەشێوازی ڕاستەوخۆ هەڕەشە لەسەر ژینگەی نێوخۆیی ئەم وڵاتانە دەکەن و ناڕاستەوخۆ تەواوی هەرێمی مێزۆپتامیا دەخەنە ژێر مەترسی خۆیانەوە. خەسارەکانی ئەم ڕێکارە بۆ دابین کردنی ئاو یەکجار بەرچاو دەبێ و لە پێشەڕۆژێکی نە زۆر دوور دەتوانێ ناوچە بە تەواوی تووشی ئاڵوگۆڕ بکات. زۆربەی بەنداوەکان لە سەر ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان دامەزراون و دەست تێوەردانەکانی لەم چەشنە کاریگەرییەکی نەرێنی و هەمەلایەنەی لێ دەکەوێتەوە. بەدڵنیایی قەیرانی کەم ئاوی و بێ ئاوی و لە لایەکی دیکەوە، ئاڵوگۆڕە ژینگەیییەکان بەرۆکی وڵاتانی ناوچە دەگرێ و ئەگەر یاسا ئاماژە پێ کراوەکان بەم جۆرە پێشێل ببن دەرکەوتنی ململانێ و ناکۆکییەکان دوور لە چاوەڕوانی نییە.
ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی )