ڕەقا، سەرەتای دیمۆکراتیزاسیۆن/ ئەرسەلان بورنا

ڕەقا، سەرەتای دیمۆکراتیزاسیۆن
ئەرسەلان بورنا*
” هێزەکانی سووریا دیمۆکراتیک ” پاش چەندین مانگ شەڕ و بەربەرەکانی لە گەڵ تاقمی تیرۆریستی داعش دەستیان بە قۆناغی پێنجەمی ئوپراسیۆنی تووڕەیی فڕات کرد. ئەم هێزە لەم قۆناغەدا دەست بە ڕزگار کردنەوەی شاری ڕەقا دەکات کە وەک ناوەندی سەرەکی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا و عێراق دەناسرێ. ڕزگار کردنەوەی ئەم شارە لە ئاستی هەرێمی و جیهانی گرینگایەتییەکی تایبەت بە خۆی هەیە و یەکێک لە ستراتیژیکترین شارەکانی ئەم خەلافەتەیە. هاوکات لە گەڵ سەرکەوتنی ئەم قۆناغە دەبێ چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی زۆر و بنەڕەتی لە گۆڕەپانی سیاسی سووریا و سیاسەتەکانی وڵاتانی بەشدار بوو لە شەڕی نێوخۆیی سووریا بکەێن.
لە ڕاستیدا، هاوسەنگییەکان دوای تێکچوونی داعش بە تەواوی تووشی داڕمان دەبنەوە و ڕەقا بە شێوەیەک داهاتووی گەلانی ئەم وڵاتە و پرۆسەی چارەسەری پرسی سووریا دیاری دەکات. ڕەقا، کارتێکی گەورە و یەکلایی کەرەوەیە و سەقامگرتوویی سیاسی و گەشەی ئابووریی بۆ دامەزراندنی سووریایەکی دیمۆکراتیک وێڕای بەشداریی تەواوی گەلان دەست نیشان و مزگێنی دەدات.
وێدەچێ، داهاتووی یاریچییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان هەتا ڕادەییەکی زۆر بە سەرکەوتنی ئوپراسیۆنی تووڕەیی فڕات گرێدراو بێ. ئەم شارە یەکێک لە هەستیارترین و ستراتیژیکترین ناوچەکانی سووریا و عێراقە کە پەیهاتەکانی ئەم شەڕە پاش کۆتایی هاتنی زۆر بە ڕوونی دەردەکەون. هەر وەها، جێی ئاماژەیە کە سەقامگرتوویی کانتۆنەکان وەک قەوارەیەکی سیاسی – یاسایی ڕاستەوخۆ لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندی بەم شەڕەوە دەبێ.
ئەمڕۆکە کورد لە قەیرانی شەڕی نێوخۆیی سووریا بەرپرسایەتییەکی مێژوویی لە سەر شانە و ” خوسەری دیمۆکراتیک ” بە شێوازێک نەخشەڕێ سووریایەکی فرەچەشن و کراوە دەبێ. تێکشکاندنی داعش لە سەر دەستی هێزەکانی سووریا دیمۆکراتیک کە کورد _ یەپەگە و یەپەژە _ بەشی سەرەکی ئەو پێک دەهێنن دیمۆکراتیزاسیۆنی سووریا پێناسە و ڕێوەبەرایەتی دەکات. دەرنجام و ئاکامەکانی ئەم ئوپراسیۆنە کاریگەرییەکی ئەرێنی و باش لە سەر ژیانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست درووست دەکات و ئەم بابەتە پاش شەڕی ڕەقا و دەرکردنی تیرۆریستان لەم شارە خۆی دەردەخات.
هەستیاری ئەم پرسە بۆ ” هێزەکانی پاراستنی گەل ” کە ڕێبەرایەتی ئەم شەڕە دەکەن یەکجار گرینگ و چارەنووس سازە. بە پێی ئەم تێڕوانینەوە، گۆڕەپانی پێکدادانەکانی سووریا دەچێتە ئاستێکی مەترسیدارترەوە و هەموو یاریچییەکان شەڕی بوون و نەبوونی خۆیان دەکەن. بە واتایەکی دیکەوە، دوور لە چاوەڕوانی نییە کە قۆناغی دەرباز بوون لە سووریا پاش ڕزگار کردنەوەی ڕەقا دەست پێ بکات و ئێستاکە هەموو لایەنەکانی شەڕی نێوخۆیی سووریا هەوڵی ئازادکردنی ناوچەی زۆرتر دەدەن. کەواتە، کورد لەم قۆناغەدا وا باشترە بە شێوەیەکی لۆژیکی و ژیرانە مامەڵە لە گەڵ ئوپراسیۆنی ڕزگار کردنەوەی ڕەقا بکات تاکوو ڕێگە لە بەردەم هەر چەشنە ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراوە بگرێ.
کانتۆنەکان دوا بەدوای ئەم ئوپراسیۆنە بە سەقامگرتوویی سیاسی و گەشەی ئابووریی دەگەن. کورد وێڕای بە کار هێنانی ئەم کارتە دەتوانێ کار بۆ دامەزراندنی ” کۆمارێکی دیمۆکراتیک ” بکات و پێش لە چەقبەستوویی هێز و دەسەڵات لە ناوەند بگرێ. ئەم سەرکەوتنە لە سەر ناوی پێکەوە ژیانی گەلان دیمۆکراتیزاسیۆنی سووریا و گەلانی ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە و ئەمە سەرەتای گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنە دەرەخسێنێ. ئەزموونی خوسەری ڕۆژئاوا ئاڵترناتیڤی سووریایەکی ئازاد و دیمۆکراتیکە کە کورد پێشەنگایەتی ئەوی لە ئەستۆیە.
ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی )
سرنج: بابەتکانی نێردراو ڕای نووسەرانی بابەتەکەیە