جلی کوردی دەوڵەمەندی مێژوو و پشتگوێ خراوی ئێستا / سه‌یران فه‌ره‌جی

جلی کوردی دەوڵەمەندی مێژوو و پشتگوێ خراوی ئێستا
سه‌یران فه‌ره‌جی- مەهاباد
جلوبه‌رگی گشتی خه‌ڵکی کورد، جلوبه‌رگێکی ده‌گمه‌ن و بێ وێنه‌ی کوردییه، ئه‌و جلوبه‌رگه‌ی له‌نێوان هه‌زاران جلوبه‌رگی جۆراوجۆری جیهاندا وه‌ک جوانترین و ڕازاوه‌ترین و گونجاوترین جلوبه‌رگه‌کان ده‌یناسن و یه‌ک له ڕاکێشه‌رییه فه‌رهه‌نگییه‌کانی خه‌ڵکی کورد جلوبه‌رگی تایبه‌تی کوردییه.
جلوبه‌رگی کوردی چ ژنانه و چ پیاوانه‌ی به‌پێی ناوچه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان ناویان بۆ هه‌ڵبژێردراوه؛ ده‌توانین بۆ جلوبه‌رگی ژنانه ئاماژه بده‌ینه جۆره‌کانی هه‌ورامی، سه‌قزی، کوردی سنه‌یی، مه‌ریوانی، بانه‌یی و … و هه‌روه‌ها له‌نێو جلوبه‌رگی پیاوانیشدا ده‌توانین ئاماژه بده‌ینه چۆخه‌وڕانک، که‌واپاتۆڵ، مرادخانی، مه‌له‌کی، شه‌کاکی، هه‌ورامی و هتد. ده‌کارهێنانی جۆراوجۆری جلوبه‌رگی کوردی بۆته هۆی ئه‌وه‌یکه له‌باری فه‌رهه‌نگی، پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، بۆنه تایبه‌ته‌کان و جێژنه‌کان له‌نێوان پیشه‌کاران و چالاکانی بواری جلوبه‌رگ ئه‌م پرسه گرنگ بێت و ئاوڕدانه‌وه‌ی تایبه‌تیان له‌سه‌ر هه‌بێت.
جلوبه‌رگی کوردی ناوچه‌ی هه‌ورامان وه‌ک یه‌ک له ڕه‌سه‌نترین جلوبه‌رگه کوردییه‌کانه و له هه‌مووی ناوچه‌کانی کوردستاندا ده‌به‌ر ده‌کرێ و ته‌نیا جلوبه‌رگێکه که ده‌توانین بڵێین تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی پاراستووه.
تاوتوێکردن و لێکۆڵینه‌وه‌ی چڕوپڕی ئه‌م پرسه نه‌ک له یه‌ک وتاردا بگره به سه‌دان کتێب و وتار و گۆڤار و … کۆتایی نایه‌ت، له‌م ڕاپۆرته‌دا هه‌وڵ دراوه کورته‌یه‌ک سه‌باره‌ت به شاری مه‌هاباد، مه‌ڵبه‌ندی فه‌رهه‌نگ و زمانی کوردی بخرێته به‌ر باس. شێوازی له‌به‌رکردنی جلوبه‌رگی کوردی له‌نێوان ژن و پیاوی مه‌هابادیش وه‌ک ناوچه‌کانی دیکه گۆڕدراوه و مودێڕنیته و نویخوازی کاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر جلوبه‌رگی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش داناوه و به داخه‌وه له‌به‌رکردنی جلوبه‌رگی پیرۆزی کوردی ته‌نیا بۆ بۆنه و جێژنه‌کان سنووردار کراوه‌ته‌وه و ئه‌ڵبه‌ت خاڵی نه‌رێنی دیکه‌ی ئه‌م پرسه، ڕه‌وتی ئه‌و گۆڕانکارییه‌یه که جلوبه‌رگی کوردی خستۆته ژێر کاریگه‌ری خۆی و ئه‌م گۆڕانکارییه‌ش زۆر جار دیمه‌نێکی ناشیرینی داوه‌ته جلوبه‌رگی ڕه‌سه‌نی کوردی.
کورد وه‌ک ڕه‌سه‌نترین و کۆنترین نیشته‌جێی ئێران، ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی له زۆر بواردا پاراستووه به‌ڵام به داخه‌وه له‌م پرسه‌دا ئه‌رکی خۆی به جێ نه‌هێناوه و که‌موکوڕی زۆر به دی ده‌کرێ و به‌پێی گۆڕانکارییه‌کانی زه‌مه‌نی، جوگرافیایی، فه‌رهه‌نگی و هه‌روه‌ها گۆڕانی داواکاری و خواسته‌کانی نه‌وه‌ی نوێ و گه‌نجان و له‌هه‌موو گرنگتر وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی گونجاو بۆ پێداویستییه‌کانی گه‌نجان و فه‌رهه‌نگسازی له‌م بواره‌دا، گۆڕانکارییه‌کانی جلوبه‌رگی کوردی گونجاو نه‌بووه و بگره زۆر جاریش دیمه‌نی ناشیرینی له‌خۆ گرتووه.
ژنه ڕه‌سه‌نه‌کانی موکریان گله‌یی بێ له هه‌مووتان؛ له‌به‌رچی جلوبه‌رگتان ئه‌وه‌نده گۆڕاوه؟ له‌به‌رچی چیدی که‌وا و سوخمه و کوڵنجه له‌به‌ر ناکه‌ن؟ له‌به‌رچی ده‌رپێی کوردی ده‌بێ کورت بێته‌وه و ده‌رقاچه‌ی بگاته سه‌ر ئه‌ژنۆتان؟ یه‌خه‌ی جله کوردییه‌کان که ئه‌ڵبه‌ت یه‌خه نییه و ناوی نازانم بۆ ئه‌وه‌نده کراوه‌یه؟ لبه‌ه‌رچی شه‌ده و گێل گێله و یان هه‌ر ئه‌و کڵاوه جوان و ڕازاوه له‌سه‌ر سه‌ری ژنان نابینرێت؟
ئه‌و کڵاوه ڕازاوه‌یه ئه‌وه‌نده په‌راوێز خراوه که ئێستا ته‌نیا له‌گونده دووره‌ده‌سته‌کان و له‌سه‌ر سه‌ری ئه‌و ژنانه‌ی ده‌بینرێت که ته‌مه‌نیان له‌سه‌ره! ئه‌م پرسه ته‌نیا ژنان له خۆ ناگرێ و هه‌مان چیرۆک و به‌سه‌رهات جلوبه‌رگی پیاوانیشی خستۆته ژێر کاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌کانی خۆی، ئه‌و گۆڕانکارییه ناشیرینانه‌ی که ئێستا له‌نێو ڕا‌نک و چۆخه‌دا کراون و ناشیرینیان کردووه و به داخه‌وه وه‌ک تی شێرت ده‌رده‌که‌وێ و ته‌نیا ده‌توانین بڵێین، مه‌خابن و به‌داخه‌وه…
زۆرن ئه‌و باوک و دایکانه‌ی که منداڵانی خۆیان له‌سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ جلی کوردی ڕادێنن و زۆرن که‌سانی دڵسۆز و خه‌مخۆری فه‌رهه‌نگی ڕه‌سه‌نی کورد وه‌ک به‌ڕێز پۆڵا ئاغاز که له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا چالاکی کاریگه‌ری هه‌بووه‌و ده‌وری گێڕاوه بۆ پاراستنی فه‌رهه‌نگ، مێژوو و پێشینه‌ی جلوبه‌رگی کوردی وه‌ک شانازییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی.
سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌کانه و لێره به پێویستی ده‌زانم گله‌ییه‌کی دیکه‌ش بکه‌م…! له‌به‌رچی هه‌ر چوار ساڵ جارێک به‌ربژێره‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ونه‌وه یادی جلوبه‌رگی کوردی و شه‌ده‌و گێل گێله ده‌رده‌که‌ونه‌وه؟ له‌به‌رچی هه‌مووی پۆسته‌ر و به‌نێره‌کان چوار ساڵ جارێک مێژوو و ڕه‌سه‌نایه‌تی جلی کوردیمان وه‌بیر دێننه‌وه و پاشان هیچیان نامێنێ؟ ئه‌ڵبه‌ت هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ده‌لاقه‌یه‌کی هیوایه، هه‌ر چوار ساڵ جارێک له‌به‌ر سیاسه‌تیش بێ خه‌ڵک ده‌که‌ونه‌وه یادی فه‌رهه‌نگ و ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆیان!
ئه‌گه‌ر باسه‌که ببه‌ینه سه‌ر شه‌قامه‌کان و تۆسقاڵێک له‌پرسه‌که ورد بینه‌وه و چاو له جلوبه‌رگی ئێستای کورده‌واری بکه‌ین، ته‌نیا یه‌ک وشه هه‌یه هێورکه‌ره‌وه‌یه و سوکناییمان پێ ده‌به‌خشێ: به داخه‌وه… به داخه‌وه… له‌به‌رچی جلوبه‌رگی دڕا‌و له‌به‌ر ده‌که‌ن؟ له‌به‌رچی ده‌رپێکان ئه‌وه‌نده کورت بوونه‌ته‌وه؟ له‌به‌رچی وای لێهاتووه جلوبه‌رگێک له‌به‌ر ده‌کرێت که به‌شێک له جه‌سته‌ی ژنان به ئاسانی که‌وتۆته ده‌رێ و دیاره؟ له‌به‌رچی ژن مافی خۆی له کۆمه‌ڵگادا پێشێل ده‌کات؟
به داخه‌وه ئه‌و مه‌هاباده‌ی که وه‌ک نگینی ڕۆژاوای ئازربایجانی ڕۆژاوا به‌ناوبانگ و ته‌نانه‌ت له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا ناوبانگی هه‌یه، ئێستا ده‌بینێت یه‌ک له هێما سه‌ره‌کییه‌کانی فه‌رهه‌نگی خۆی که هه‌ر ئه‌و جلوبه‌رگه ده‌گمه‌ن و بێ وێنه‌یه‌ی کوردییه، خه‌ریکه له‌بیر ده‌کرێ و ڕۆژ له دوای ڕۆژیش دۆخه‌که خراپتر ده‌بێ و پرسه‌که له هه‌ڵدێر نزیک ده‌بێته‌وه.
پێشکه‌ش به هه‌موو ژنانی کورد: کەسانێک کە نانیان لەبەر دەست دایه نایانهەوێ بزانن کە نان چۆن دەکرێت. ئەوانه دەیانهەو‌ێ شوکری خوا بکەن، نە نانەوا! بەڵام کەسێک کە نان دەکات، دەزانێت تا شتێک نەجووڵێنی، ناجووڵێت! (ژیانی گالیله، بێرتولت بڕێشت)
چاره‌سه‌ر چییه و ده‌بێ چ بکه‌ین؟
ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه چاوه‌دێری له‌سه‌ر دوورین و وه‌به‌رهێنانی جله کوردییه‌کانمان بکه‌ین؟ ئایا کاتی ئه‌وه نییه که جامخانه بێ ڕه‌نگ و گران و به دوور له هه‌ر چه‌شنه ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ک کۆ ببنه‌وه و چیدی ڕێگا نه‌ده‌ین کێشه ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان زیاتر له‌مه گه‌ش بکه‌ن؟
کاتی ئه‌وه‌یه ستراتیژی گونجاو بۆ ئه‌م پرسه هه‌ڵبژێرین، له‌به‌رکردنی جلوبه‌رگی کوردی له‌لایه‌ن چالاکانی فه‌رهه‌نگی و خه‌ڵکی بازاڕی و … له فرمانگه و دووکانه‌کانیان ده‌توانێ ڕێگایه‌کی چاره‌سه‌ری گونجاو بێت له‌م بواره‌دا، لێره‌دا ده‌توانین ئاماژه بده‌ینه به‌ڕێز جه‌لال مه‌حموودزاده نوێنه‌ری به‌ڕێزی شاره‌که‌مان که هه‌میشه جلی کوردی له‌به‌ره و ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی پاراستووه و خه‌ڵک به جله کوردییه‌کانییه‌وه ده‌یناسن.
هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ی فه‌رهه‌نگی ڕۆژاوا توانی له‌ڕێگای پڕوپاگه‌نده و میدیاوه کاریگه‌ری له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و به‌تایبه‌ت جلوبه‌رگی ئێمه دا‌نێت بێ گومان ئێمه‌ش ده‌توانین له ده‌فرایه‌تییه‌کانی خۆمان له‌م بواره‌دا که‌ڵک وه‌رگرین و میدیا جۆراوجۆره‌کانی وه‌ک ته‌له‌فیزۆن و ڕۆژنامه و گۆڤار و کتێب و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که ئێستا گرنگترین ده‌ور له کۆمه‌ڵگادا ده‌گێڕن ده‌کار بێنین. به خۆشحاڵییه‌وه ده‌توانین بڵێین ته‌له‌فیزۆنی مه‌هاباد له‌م بواره‌دا کاریگه‌ری ئه‌رێنی و گونجاوی هه‌بووه و هه‌ر لێره‌وه ده‌ستخۆشی له کاربه‌ده‌ستان و ستافی ئه‌و ته‌له‌فیزۆنه ده‌که‌م. له کۆتاییدا ده‌ڵێم زۆر به داخه‌وه و مه‌خابن بۆ کۆمه‌ڵگایه‌ک که بۆ خۆی خاوه‌نی شارستانییه‌تی چه‌ند هه‌زار ساڵه بێت و جوانترین و ڕازاوه‌ترین جلوبه‌رگی جیهانی هه‌یه و که‌چی فه‌رهه‌نگ و ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی خستۆته په‌راوێزه‌وه و پشتی له‌خۆی کردووه، هیوادارین دۆخه‌که بگۆڕێ و ئه‌و هه‌له‌ی بڕخه‌سێت کۆمه‌ڵگا بۆ جارێکی دیکه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕیشه و ڕه‌چه‌ڵه‌کی خۆی و ئه‌ڵبه‌ت مه‌ولانا وته‌نی:
هر کسی کاو دور ماند از اصل خویش
باز جوید روزگار وصل خویش
که واته هه‌موومان ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه له ڕه‌چه‌ڵک و ڕێشه‌ی خۆمان دوور بکه‌وینه‌وه به‌ڵام سه‌رده‌مێک دێ که ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و ڕه‌گ و ڕیشه سه‌ره‌کییه‌ی خۆمان