کورد، خاڵە یاسایییەکان بەرز بکاتەوە نەک دروشمەکان/ ئەرسەلان بورنا*

کورد، خاڵە یاسایییەکان بەرز بکاتەوە نەک دروشمەکان
ئەرسەلان بورنا*
” سەرکۆمار ” لە گۆڕی دەقی یاسا تەنیا بەڕێوەبەری یاسای بنچینەیی وڵاتە کە لە بنەڕەتدا بەدرێژایی نزیک بە چوار دەیە کەم بایەخ و پشت گوێ خراوە. خاڵەکانی یاسای بنچینەیی سەرەڕای کەموکووڕی و لاوازییەکانی هەڵگری زۆر خاڵی ئەرێنی و کاریگەردانێرە. ئەم بابەتە دەتوانێ بە باشی ڕەنگدانەوەی لە سەر داواکارییەکان و مافە ڕەوا، یاسایی و شەرعییەکانی گەلانی ئێران هەبێ. بە واتایەکی دیکەوە، بەشێکی سەرەکی لە داخوازییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و چاندییەکانی ئەوان بە شێوەیەکی یاسایی و شەرعی دەکرێ دەستەبەر ببن. سەرکۆمار بە پێی ئەم خوێندنەوەیە لە یاسای بنچینەیی و بە هۆی پێگە و کەسایەتییەک کە پێی دەدرێ بە شێوەیەکی ئەخلاقمەند دەبێ لە گۆڕەپانی بانگەشەکانی هەڵبژاردن بەشداری و هەڵسوکەوت بکات.
ڕوون و ڕاشکاوەیە سەرکۆمار تەنیا دەتوانێ لە خاڵە پەسەند کراوەکانی یاسای بنچینەیی وڵات کەڵک وەرگرێ، جێبەجێ و بەرگرییان لێ بکات. لەم ڕوویەوە، بەرز کردنەوەی دروشمی جیاواز و خەڵک پەسەندانە یا وەدی هێنانی ئارمانە پۆپۆلیستییەکان تەنیا ئاماژەیەک بە هەڵخەڵەتاندنی خەڵک دەکات. سەرکۆمار لە دەرەوەی یاسای ئاماژە پێ کراو خاوەنی هیچ دەسەڵاتێکی بەڕێوەبەریی نییە و ئەمە، خەسارێکی گەورە لە ڕای گشتی دەدات. کەوایە، هەر چەشنە داپچڕان و بێ متمانەیی دەتوانێ کۆمەڵگا پەراوێز بخات و لە بەشداری سیاسیی کە پێشەڕۆژی بەرەی سیاسی وڵات دیاری دەکات دوور ببێتەوە.
مژاری گەلان و داواکارییە شەرعی، یاسایی و سرووشتییەکانی ئەوان و هەر وەها، گرینگایەتی پێدان و جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان یەکێک لە پرسە چارەنووس سازەکانی سیاسەتی نێوخۆیی ئێران و دەوڵەتە بە دەسەڵات گەیشتووەکان بە هەژمار دێ. تاوتوێ و ڕیزبەندی داواکارییەکانی گەلان لەم قۆناغەدا کە لە ئاستی ناوچەیی تێپەڕ دەبێ خاوەن پێگەیەکی تایبەتە کە پێداویستە وێڕای هەستیارییەکی زۆرتر هەڵسوکەوت و مامەڵەی لە گەڵ بکرێ. لەم نێوانەدا داواکارییە سیاسی، چاندی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد کە بە درێژایی زێدەتر لە چەند دەیە بەرەو پرسێکی ئاسایشی گۆڕدراوە خوێندنەوەیەکی لۆژیکی و وردتری پێداویستە.
جیاواز لە ئەمە، بەربژێرانی سەرکۆماریی هیندێک دروشمی ئارمانی بەرز دەکەنەوە بەڵام گەلی کورد وەک کۆمەڵگایەکی سیاسی وێڕای تایبەتمەندییە مێژوویی، چاندی و کۆمەڵایەتییەکانی وا باشترە خاڵە یاسایییەکانی خۆی بەرز بکاتەوە. هەر وەها، بەربژێرانی سەرکۆماری لە خولەکانی پێشوودا لە گەڵ بەرز کردنەوە و خستنەبەردەستی هیندێک خاڵ و بابەتی تایبەت بە شێوەیەک ئاستی داواکارییەکانی گەلانیان لە ئێران سەرتر بردووە کە خەسارێکی زۆری لێ کەوتووەتەوە. هاوکات لە گەڵ ئەم مژارەش حەقیقەتێک بوونی هەیە کە، ” یاسای بنچینەیی وڵات ” نەک دروشمەکانی بەربژێران خوێندنەوەیەکی زانستی و باشتری بۆ پرس و داخوازییەکانی گەلان تێدا بەدی دەکرێ.
هەر وەها، بەڕێوەبردن یا کردەوەیی کردنی خاڵەکانی ١۵، ١٩، ٢٠، ٢٣، ٢۴ یا هەر کام لە خاڵەکانی یاسای بنچینەیی کە بە شێوەیەک دەتوانێ کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر تاک و کۆمەڵگا ببێ گرینگایەتییەکی زۆرتریان هەیە. گەلی کورد وا باشترە لە ڕێگەی نیشاندان و بەرز کردنەوەی ئەم خاڵانە لە گۆڕی خوێندنەوەیەکی خۆماڵی بە داواکارییە یاسایی و شەرعییەکانی بگات. لە ڕاستیدا، دەستەبژێران، شارەزایان یا کەسانی لێهاتووی کورد لە بوارە جیا جیاکاندا پشت گوێ خراون و ئەمە، بارستای هێزی مرۆڤی گەلی کوردی بێ کاریگەر کردووە.
بە گشتی، هیچ کام لە بەربژێران یا دەوڵەتانی پێشوو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، چاندی و ئابووری تاک و کۆمەڵگای کوردی پێک نەهێناوە. بەستێنەکانی پیشەسازیی و سەرمایەگوزاری وەکوو بەستێنەکانی دیکە مەودایەکی زۆریان لە گەڵ داواکارییەکانی گەلی کورد هەیە. ئەم بابەتە پێچەوانەی بەرچاوگەی پەرەسەندنی سیاسی و پەرەسەندنی ئابووری وڵاتە. لەم ڕوانگەوە، هیچ کام لە دەوڵەتەکان یا بەربژێران مافی ئەوەیان نییە کەڵکی نابەجێی سیاسی لە ڕێژەی بەشداری سیاسی کورد وەک کۆمەڵگایەکی زیندوو و بزۆز وەربگرن. پارێزگا کوردنشینەکان خوازیاری پێشکەوتنی هەمەلایەنە، کەم ڕەنگ بوونەوەی دۆخی ئاسایشی و پێک هێنانی خاڵەکانی یاسای بنچینەیین. کەوابوو، ئێمەی کورد پێداویستمان بە سەرکۆمارێکی جێبەجێکاری یاسا هەیە نەک سەرکۆمارێکی ئارمانگەرای پۆپۆلیستی!
ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی )
توجە: مطالب ارسالی دیدگاە نویسندگان آن می باشد.