نەوت ئاگرەکە خۆش دەکات/ کەرکوک دەبێتە چەقی ململانێی هێزە کوردییەکان

نەوت ئاگرەکە خۆش دەکات
کەرکوک دەبێتە چەقی ململانێی هێزە کوردییەکان
لەوە ناچێت هێزە کوردییەکان بەبێ ململانێ لەگەڵ یەکتر بحەوێنەوە، ناکۆکی ئەمجارەشیان لەسەر نەوتەکەی کەرکوکەو دەیانەوێت بەنمایشی هێز خاوەندارییەتییەکەی بسەلمێنن.
لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی دەرەوە هێزە کوردییەکان وادەنوێینن تەباو یەکگرتوو بن، بەڵام لەناوەوە هاوپەیمانییەتییەکی فشەڵیان هەیە، کە بەرژەوەندی سیاسیو ئابووری بەئاسانی دەتوانێت بیخاتە بەردەم مەترسی.
هێشتا خەڵکی کەرکوک بەتەواوەتی مەترسی داعشیان لەسەر نەڕەویوەتەوە، بەڵام وادیارە دەبێت خۆ لەگەڵ ناکۆکییەکی تر بگونجێنن، کە سەرەداوەکانی بەدەست پارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوەیە، ئەگەر کەسە “عاقڵەکان”ی هەردوولا فریانەکەون، دوور نییە چەک بابەتەکە یەکلابکاتەوە.
رۆژی ۲ی ئەم مانگە (ئازار) هێزێکی چەکداری سەر بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان چونە ناو بارەگای کۆمپانیای نەوتی باکورو دەستیان بەسەر ئەو بەشەدا گرت، کە لێیەوە کۆنتڕۆڵی هەناردەکردنی نەوت دەکرێت، نەوتە دەرهێنراوەکان کۆدەکاتەوەو لەرێگای بۆریەکەی هەرێمی کوردستانەوە دەیگەیەنێت بە بەندەری جەیهانی تورکیا، ئەو هێزە دەڵێن تاکو ناکۆکی نێوان ئیدارەی کەرکوکو وەزارەتی نەوتی عێراق یەکلانەکرێتەوە ناکشێنەوە.
لەراستیدا بەرووکەش ئامانجی هێزەکە وادەنوێنێت، کە ناکۆکییەکەیان لەگەڵ بەغدا بێت، بەڵام لەناوەخندا پەیوەندی هەیە بەململانێی دوو هێزە سەرەکییەکەی کوردستان لەسەر ئەوەی کامیان دەتوانن لەم بارە ناجێگیرەی شەڕی داعشدا نفوزو دەسەڵاتی خۆیان بەسەر “زێڕە رەشەکە”دا بسەپێنن.
ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسیو بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی بە”نیقاش”ی وت “لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کۆنوسێک لەنێوان وەزیری نەوتی عێراقو پارێزگاری کەرکوک واژووکراوە، یەکێک لەخاڵەکانی باسی دروستکردنی پاڵاوگەیەکی نوێ کراوە بۆ کەرکوک، وەزارەتی نەوت ئەوەی بۆ خۆی باش بوو جێبەجێیکردو ئەوەی بەکەڵکی کەرکوکیش هان پشت گوێی خست”.
ئاسۆ مامەند وتیشی: “جوڵەکردنی هێزەکەمان پەیوەندی نییە بەململانێی سیاسی کوردستانەوە، بەڵکو شەڕی ئیستحقاقی کەرکوکەو تا داواکارییەکان جێبەجێنەکرێن ناکشێینەوە”.
لەگەَل ئەوەی یەکێتی جەختدەکاتەوە، کە ئەم جوڵەیە پەیوەندی بەناوخۆی کوردستانەوە نییە، بەڵام پێش حکومەتی ناوەند، پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەران بوو، بۆیە حەوت رۆژ دوای جوڵاپێکردنی هێزەکەی یەکێتی، مەسعود بارزانی “سەرۆکی هەرێمو فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی کوردستان”، هێزەکانی سەر بەپارتی جوڵە پێکردو لەکێڵگەی نەوتی بای حەسەن لەرۆژئاوای کەرکوک جێگیریکردن، زیاد لەسەرچاوەیەک لەناو هەردوو پارتە سەرەکییەکە بۆ “نیقاش”یان باسکردووە، کە هەردوولا نارەحەتن لەجوڵاندنی ئەو هێزانەو جەختیان لەوە کردەوە ئەوەی روودەدات بۆ یەکلایکردنەوەی خاوەندارییەتی سامانی شارەکەیە.
فەرماندەیەکی پێشمەرگەی سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستان، کە خۆی داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە بە”نیقاش”ی وت: “سەرۆکی هەرێم پرسی کۆنترۆڵکردنی کۆمپانیای نەوتی باکووری لەلایەن هێزێکی یەکێتییەوە لەگەڵ باسکردینو نیگەرانی خۆی دەربڕی”.
ئەو فەرماندەیە لەبەر ئەوەی راستەوخۆ ئاگاداری بڕیارە سیاسییەکان نییە، نەیزانی ئاخۆ پارتی یموکرات لەبەرانبەر یەکێتیدا هێزی جوڵاندووە، یاخود هۆکاری دیکەی هەیە.
هاوکات کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیو بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەلێدوانێکدا بۆ “نیقاش” رەتیکردەوە هاتنی هێز بۆ کەرکوک پەیوەندی بەو هێزەی یەکێتیەوە هەبێت، کە لەکۆمپانیای نەوتی باکوور جێگیرکراوە.
کەرکوکی وتیشی: “هێزی پێشمەرگە بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژیی حیزبی هەموویان ئامانجیان پاراستنی کەرکوکە، ئەگەر سەرۆکی هەرێم هێزی زیاتریش رەوانەی کەرکوک بکات تەنیا مەبەستی پاراستنی کەرکوکو شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی قەزای حەویجەیە تاکو کەرکوک لەچنگی چەکدارانی داعش بپارێزێت”.
هەروەها بەرپرسانی باڵای هەردوو حیزب بۆ میدیاکان نیازی راستەقینەی هێزەکان ئاشکراناکەن، بەڵام جموجۆڵەکان روونی ئامانجەکە دەردەخاتو پێشبینی دەکرا یەکێتی پێشتر کاردانەوەیەکی لەم شێوەیە بنوێنێت.
یەکێتی نیشتمانی، کە قورسایی جەماوەرەکەی کەرکوک لەگەڵییەتیو خاوەنی شەش کورسی کەرکوکە لەپەرلەمانی عێراق (لەکۆی ۱۲ کورسی)، خۆی بەخاوەنی پارێزگاکە دەزانێتو نیگەرانە لەوەی پارتی دەیەوێت لەرێی هێزەوە شوێنپێی خۆی بکاتەوە.
لەتەمموزی ۲۰۱۴ هێزێکی پاراستنی نەوتو گازی سەر بەوەزارەتی سامانەسروشتیەیکانی هەرێمی کوردستان، کە زۆرینەی پارتی بوون، هەردوو کێڵگەی نەوتی ئاڤانەو بای حەسەن لەنزیک قەزای دوبزی سەر بەکەرکوک کۆنتڕۆڵکرد، هاوکات بۆری نەوتی نێوان کەرکوک – خۆرمەڵەشی تێدابوو، کە لەو رێگەیەوە نەوتی کەرکوک بۆ تورکیا هەناردە دەکرێت.
هەڵوێستی روونو رەوانی ئیدارەی پارێزگاکە بەرانبەر جوڵەی هێزەکان دیارنییە، چونکە نە ۲۰۱۴و نە ئەمساڵیش هیچ کاردانەوەیەکی فەرمیان بەرانبەر جوڵەی ئەو هێزانە دەرنەبڕی.
نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەناوەراستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا رایگەیاند “ئیدارەی کەرکوک لەگەڵ بەغدا جارێکی دیکە وتوێژ دەکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو کۆنووسەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، کە لەنێوان کەرکوکو بەغدا واژوو کراوە”.
بەرپرسانی یەکێتیو پارتی لەدەرکەوتنە ئاشکراکاندا رەتیدەکەنەوە، کە هیچ کێشەیەکیان لەسەر کەرکوک هەبێت، بەڵام ئەوەی لەپشتی پەردەوە دەگوزەرێت، پشتیوانی پەیامەکانیان ناکات، بەتایبەتی هەندێک زانیاری نافەرمی باس لەوە دەکەن هەردوولا ئامادەسازی تەواویان هەیە بۆ جوڵاندنی هێزی زیاتر.
ئەوانەی لەنزیکیشەوە چاودێری بارودۆخی کەرکوکن، پێیانوایە ئەمەی روودەدات عەرزی عەزەڵاتی دوو هێزە سەرەکییەکەیە بەرانبەر یەکتر بۆ یەکلاکردنەوەی خاوەندارییەتی کەرکوک دوای شەڕەکەی داعش.
ئیسحان نەجم پارێزگاری پێشووتری کەرکوک لای دەسەڵاتی کوردی، یەکێکە لەوانەی پشتیوانی ئەم بۆچوونە دەکاتو پێیوایە ئەم جموجۆڵانە ئەگەر زوو چارەسەرنەکرێن، مەترسی زیاتر لەگەڵ خۆیان رادەکێشن، (پێش ۲۰۰۳ لەکوردستان پۆستێک هەبوو بەناوی پارێزگاری کەرکوک، کە لەشاری دەربەندیخانی سەر بەسلێمانی بەڕێوەدەبرا، بۆ چوار ساڵ ئەم پۆستە ئیحسان نەجم بەڕێوەی دەبرد).
ئیحسان نەجم بە”نیقاش”ی وت: “بۆ رێگری لەمەترسی دروستبوونی هەر پێکدادانێک پێویست بەدانانی پلانو رێککەوتنی پێشوەختە دەکات لەنێوان یەکێتیو پارتی، دواتر گەڕانەوە بۆ حکومەتو دەسەڵاتی ئیداری، کە رێگە نەدات هێزی سەربازی کاری ئیداریو شەڕی ئیستحاقی پترۆ دۆلاری شارەکە بکات”.
لەدێر زەمانەوە لەموفرەداتی پارتی کەرکوک “دڵی کوردستان”و لای یەکێتیش “قودسی کوردستان”ە، سەیر نییە ئەگەر ئەم دوو هێزە بەو گرنگییەوە تەماشای کەرکوک بکەن، چونکە سەرەڕای پێگە گرنگەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، بەرهەمهێنانی (۴۱۰) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە ئەوە دەهێنێت ئاوها بەپیریەوە بن./شارپریس