شۆڕا .. بەرپرسایەتی بۆ خزمەت یا تاڵانکاری/ئەرسەلان بورنا*

شۆڕا .. بەرپرسایەتی بۆ خزمەت یا تاڵانکاری/ئەرسەلان بورنا*
هەڵبژاردنەکانی شۆڕای شار و گوندەکان لە ئاستی سیاسەتی نێوخۆیی ئێران بۆ دامەزراندن و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و بە ڕێکخستنکراو گرینگایەتییەکی یەکجار زۆری هەیە. لەم ڕوویەوە، بۆ دەستەبەر کردنی مافە ڕەوا، یاسایی و سرووشتییەکان پێداویستە خوێندنەوەیەکی ورد و هەمەلایەنەمان لە پرسی هەڵبژاردنەکان، بەشداری کردن و چۆنایەتی بە کار هێنانی دەنگەکان ببێ تاکوو شایەتی ڕێوەبەرایەتییەکی کارامە و داهاتوویەکی باش بۆ شارەکەمان ببین. کەواتە، دەنگدان بە کەسانی کارناس، لێهاتوو و شارەزا دەتوانێ بەرپرسێکی وەڵامدەر لە شوێنی گونجاو دانێت و لە ئاستی پەیهاتە قورس و نەرێنییەکانی سەر تاک و کۆمەڵگا کەم بکاتەوە.
لە ڕاستیدا، شۆڕای شار و گوندەکان لە بنەڕەتەوە بەرپرسایەتییەکی دژوار و هەستیار لە ئەوستۆ دەگرن کە زۆرترین پەیوەندایەتییان لە گەڵ کۆمەڵگا و چینە جیا جیاکانەوە دەبێ. ئەم دامەزراوەیە لە ئاستی ئێران تەنیا ڕێکخراوەیەکی دەستڕۆیشتوویە کە باشترین هاودەنگی لە گەڵ خەڵک و کۆمەڵگا تێدا بە دی دەکرێ و ئەمە سەرەتایەکی باش و هەر وەها، دەرفەتێکی لەبار بۆ جڤاتەکان و کۆمەڵگای مەدەنی بە هەژمار دێ. لە لایەکی دیکەوە، هەر چەند بەربژێرەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکان و لە سەر ناوی چینێکی دیاریکراو بەشدار دەبن بەڵام خەڵک و دەنگدەران گرینگە زۆرترین سەرنج بە بوارەکانی ڕێوەبەرایەتی، چاندی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بدەن تاکوو بتوانن داواکارییەکانیان لە ئاستی تاک و کۆمەڵگا ڕەنگدانەوەی ببێ.
شاری مەهاباد هاوشێوەی زۆربەی شارە کوردنشینەکان لە خزمەتگوزاری، ژێرخانە ئابوورییەکان بۆ گەشە و پێشکەوتن و یا ڕاکێشانی سەرمایەگوزاران بە هۆی دەنگۆی نەبوونی ئاسایش بۆ وەبەرهێنەران بە ڕادەیەکی بەرچاو پشت گوێ خراوە. ئەگەر چی ئەم شارە بەستێنێکی گونجاوی بۆ سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان هەیە بەڵام ئەمڕۆکەش داکەوتوویی لە تەواوی بوارەکان بەدی دەکرێ. سەرەڕای تەواوی ئەوانە بێکاری، نەبوونی کارگە پیشەسازییەکان و ئاوڕنەدانەوە لە بەشی کشتوکاڵ ژیانی خەڵکی ڕووبەڕووی زۆر قەیرانی دیکە کردووە. هەر وەها، کەڵک وەرگرتن لە ” هێزی کاری ” ناوچەکانی دیکە لە کارگەکانی وەک ” کۆمپانیای پێترۆکیمیای مەهاباد ” کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر قووڵ بوونەوەی ئەم دۆخە و بێ هیوایی لە نێو خەڵک داناوە کە جێی تێڕامانە.
کەڵکەڵەکانی خەڵک بە ڕادەیەک لە سەر یەک کەڵەکە بوونە کە دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک لە ئاست بە نوێنەرانیان لە تەواوی پرسەکاندا بەرز بووەتەوە. جیاواز لە دەنگی ناڕەزایەتی شەقام؛ ئەمەی کە بۆ هەڵبژاردنی پێشەڕۆژ خوێندنەوە و تێگەیشتنی ڕاستەقینەی بەربژێرەکان لە پرسەکان و کۆمەڵگا چ ببێ داهاتووی ئەوان دیاری دەکات. کەوایە، ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم هەڵبژاردنە بە باشی هەست پێ دەکرێ و ڕەنگدانەوەیەکی هەمەلایەنەی دەبێ. لەم ڕوویەوە، ناکارامەیی خولەکانی پێشوو کارتێکەرییەکی نەرێنی پەرەی پێ داوە کە پێداویستە بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی هیندێک پێوەر و پێناسەی دیاریکراو لە سەر بنەوانی داهاتوو و ئاکامی هەڵبژاردن، داواکاری و وەڵامدەری بەربژێرەکان و هەر وەها، بژاردەکان بۆ نهێشتنی گەندەڵی، خێڵایەتی، پەیوەندایەتی و خزمایەتی ڕەچاو و ڕاوەستەیان لە سەر بکرێ.
بە گشتی، بە پێی هەڵسەنگاندنی خولەکانی پێشوو ئاماژەدان بە هیندێک خاڵ گرینگە هەتا خەڵک لە گۆڕی ناسینی بەربژێرەکان و کێشە و گرفتەکانی نێو کۆمەڵگا دەنگی خۆیان بخەنە سنووقەوە. لەم ڕوانگەوە، بۆ هەڵبژاردنی نوێنەران دەبێ لە ڕێکار و دابونەریتە کۆنەکانی وەک ” دەنگی گەورەی بنەماڵە، گوێدان بە کەسانی دەستڕۆیشتوو، خێڵایەتی و عەشیرەگەری ” خۆپارێزی بکەین. کەواتە، وێڕای لە بەرچاو گرتنی پێوەرە شیاوەکان کە دەتوانن کاریگەرییەکی باش و ئەرێنی لە سەر کۆمەڵگا پێک بهێنن دەست لە هەڵبژاردن بدەین. بە کورتی، گرینگە وەک کۆمەڵگای مەدەنی لە سەر ناوی تەواوی چینە جیاوازەکانەوە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆمان خاوەن پێوەرە دیار و دیمۆکراتیکەکان ببین هەتا بە بژاردەیەکی باوەڕ پێ کراو بۆ خزمەت کردن، پەرەسەندن و پێشکەوتنی کۆمەڵگا بگەین.
ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی )



