کورد له کوێی ده‌ستووری ئێستا و کۆنی تورکیایه؟

کورد له کوێی ده‌ستووری ئێستا و کۆنی تورکیایه؟
یاساناسێک: ناکرێت کێشه‌ی کورد ببه‌ستینه‌وه به سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تی
هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستووری تورکیا له‌ناو په‌رله‌مان باسوخواسێکی گه‌رمی رۆژه‌ڤی تورکیا بوو، به‌ڵام کاتێک هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستوور به هاوکاریی ئاک‌پارتی و مه‌هه‌په به کۆی ۳۴۰ کورسی له په‌رله‌مان تێپه‌ڕی، ئیدی شه‌ڕه‌که گواستراوه‌ته‌وه بۆ ناو خه‌ڵک و پارته سیاسییه‌کانی تورکیا.
هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستووری تورکیا، گۆڕینی سیسته‌می ئێستای تورکیایه له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆکایه‌تی، که ئاک‌پارتی له پاکێجێکی ۱۸ ماده‌ییدا پێشکه‌شی په‌رله‌مانی کرد و مه‌هه‌په‌یش به رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ئاک‌پارتی له‌ناو په‌رله‌مان پشتگیریی لێ کرد.
هه‌ده‌په و جه‌هه‌په‌یش ئه‌گه‌رچی شه‌ڕێکی زۆر سه‌ختیان کرد تا رێگه له‌وه بگرن هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستوور بخرێته ریفراندۆمه‌وه، به‌ڵام وا تێپەڕێنرا و له رۆژی ۱۶ نیسانی ئه‌مساڵدا ده‌خرێته ریفراندۆمه‌وه.
هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستوور که خۆی له ۱۸ ماده ده‌دات، له هیچ له ماده‌یه‌کدا باس له کێشه‌ی کورد و نه‌ته‌وه‌ی کورد ناکات، بۆیه هه‌ده‌په هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی بڵاو کرده‌وه پێویسته هه‌موو کوردێک دژایه‌تیی ئه‌و سیسته‌مه سه‌رۆکایه‌تییه بکات، وه‌لێ له به‌رامبه‌ردا هه‌ندێک بۆچوونی دیکه هه‌یه پێیان وایه له سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تیدا رێگه ده‌درێت کورده‌کان ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵیان هه‌بێت، وه‌کو ئه‌مریکا که سیسته‌مه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تییه و به‌سه‌ر ده‌یان ولایه‌تدا دابه‌ش بووه.
ئایه ئه‌و سیسته‌مه سه‌رۆکایه‌تییه‌ی ئاک‌پارتی و مه‌هه‌په پشتگیریی لێ ده‌که‌ن چی بۆ کورد تێدایه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه که هه‌موو تاکێکی کورد له باکوور ده‌یکات و وه‌ڵامه‌که‌یشی به لایانه‌وه شاراوه‌یه، چونکه ئاک‌پارتی پێی وایه له سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تیدا کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کرێت و هه‌ده‌په‌یش پێی وایه له سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تیدا شتێک نامێنێته‌وه به ناوی کورد. بۆیه هه‌ده‌په بایکۆتی ریفرانۆدمی نه‌کردووه، به‌ڵکوو داوا له جه‌ماوه‌ره‌که‌ی ده‌کات که بچنه سه‌ر سندوقی ده‌نگدان و به (نه‌خیر) ده‌نگی بۆ بده‌ن.
هه‌ده‌په له لایه‌ک خه‌ڵک هان ده‌دات به (نه‌خێر) ده‌نگ به سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تی بده‌ن، چونکه باسی له کێشه‌ی کورد نه‌کردوه، له لایه‌کی دیکه‌وه دروشمی ئه‌و پارته بۆ پروپاگنده هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به کورده‌وه نییه، دروشمه‌که‌ی هه‌ده‌په به‌م شێوه‌یه‌یه: “له پێناو کۆمارییه‌کی دیموکرات و وڵاتێکی یه‌کگرتوو با هه‌موومان بڵێین (نه‌خێر)”.
فه‌ریده لاچین یاساناس و ئه‌ندامی سه‌ندیکای پارێزه‌رانی ئامه‌د، پێی وایه سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تی ته‌نیا بۆ کورد نا، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو پێکهاته‌کانی تورکیا خراپه.
ئه‌و له لێدوانێک ده‌ڵێت: “ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکاری و دادوه‌ری و په‌رله‌مانی له ده‌ستی یه‌ک که‌سدا کۆ ده‌بێته‌وه ئه‌مه‌یش مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه. ئه‌م سیسته‌مه له به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایه‌ن و پێکهاته‌یه‌کدا نییه، به تایبه‌تی بۆ کورد هیچ شتێکی تێدا نییه”.
عه‌لی فوئاد بوجاک سه‌رۆکی پێشووی سه‌ندیکای پارێزه‌رانی روحا، پشتگیری له بۆچوونی لاچین ده‌کات و ئه‌وه‌یش دژی سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تییه، به‌ڵام ئه‌و پێی وایه کێشه ئه‌وه نییه ده‌سه‌ڵاته‌کان له ده‌ستی یه‌ک که‌سدا کۆ ده‌بێته‌وه، به‌ڵکوو کێشه‌ی گه‌وره جیانه‌کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و جێبه‌جێکاری و په‌رله‌مانییه له یه‌کتری.
باس له‌وه‌یش ده‌کات ئه‌گه‌ر له سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تیدا شتێک نه‌مێنێته‌وه به ناوی دیموکراتی، ئیتر باسکردن له فیدڕاڵی بۆ کورد و ئۆتۆنۆمی بۆ کورد مانایه‌کی نامێنێته‌وه.
به‌ڵام هه‌ندێک له شاره‌زایانی بواری سیاسه‌ت پێیان وایه جارێ ده‌ستووری تورکیا به ته‌واوه‌تی گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هاته‌وه، به‌ڵکوو گۆڕینی ده‌ستوور ده‌که‌وێته دوای ریفراندۆم و ئه‌وکات پێویسته بوونی کورد له‌ناو په‌رله‌مان به‌هێز بێت و مافه‌کانی کورد جێگیر بکرێت. ئه‌و کوردانه‌یشی له‌ناو ئاک‌پارتی به‌رپرسیاره‌تییه‌کان هه‌یه وه‌کو وه‌حده‌دین ئینجه، پێیان وایه له سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تیدا کێشه‌ی کورد زیاتر ده‌چێته پێشه‌وه و زیاتر به‌ره‌و چاره‌سه‌ری ده‌ڕوات، بۆیه گرنگه کورده‌کان به (به‌ڵێ) ده‌نگی بۆ بده‌ن.
وڵات ئه‌ڵان که ئه‌ویش هه‌ر یاساناسه پێی وایه له ریفراندۆمدا (نه‌خێر و به‌ڵی) گرنگ نییه، به‌ڵکوو گرنگ ئه‌وه‌یه چۆن عه‌داله‌ت له وڵاته‌که‌دا په‌یڕه‌و ده‌کرێت و کاری پێ ده‌کرێت.
وڵات ده‌ڵێت: “له تورکیا کورد هه‌میشه زوڵمی لێ کراوه و خراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی هاوکێشه‌که‌وه، له هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستووریش به هه‌مان شێوه شتێکی تێدا نییه بۆ کورد، به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد پێویستمان به دیموکراتییه‌کی هه‌میشه‌یی هه‌یه. بۆیه ده‌ڵێم ناکرێت ئێمه کێشه‌ی کورد به سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تییه‌وه ببه‌ستینه‌وه و ده‌بێت ئێمه بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه چۆن دیموکراتی له تورکیا بهێنینه ئاراوه”.
سه رچاوه: باس نیوز