سیاسیمهمترین های هەواڵ

کورد؛ لە نێوان نەتەوەسازی و دەوڵەت سازیدا! / ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی)

کورد؛ لە نێوان نەتەوەسازی و دەوڵەت سازیدا!

ئەرسەلان بورنا*

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە درێژایی زەمەنێکی دوور و درێژ خاوەن پێگەیەکی بەهێز و ستراتیژیکی سیاسی، چاندی و ئابووریی دیاریکراو بووە. ئەم هەرێمە بە هۆی ئەو تایبەتمەندییانە دەورگێڕانێکی کاریگەردانێر و بەرچاوی لە سەر جڤاتە مرۆڤییەکان و کۆمەڵگاکان داناوە. شۆڕشی کشتوکاڵی، چیرۆکی گلگامێش، یاسای حەمۆرابی، ئیمپراتورییەکان، هێما و ئوستوورەکان تەنیا وەک بەشێک لە دەستکەوتەکان؛ باس لە مێژوویەکی چەند ڕەهەندی، دەوڵەمەند و هەر وەها، گرینگایەتی ئەم ناوچەیە و چاندی گەلانی ئەو دەکات. ئەمڕۆکە سەرەڕای هەمووی ئەوانە بەڵام دەست تێوەردان و سێبەری زاڵی هێژمۆنی جیهانی ڕۆژئاوایی هەڵگری زۆر خاڵی دژبەیەک و نەرێنی بووە.

جیهانی ڕۆژئاوایی بە درێژایی مێژوویەکی سەدان ساڵە چ لە سەر ناوی مەسیحییەت و چ لە ژێر بیرۆکەی لیبراڵ دیمۆکراسی هەوڵێکی زۆری داوە دزە و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لە سەر چاندی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گۆڕەپانی سیاسی ئەو ببێ. هەر بۆیە، دژایەتی لە گەڵ چاندی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە لە ڕیزبەندی سەرەوە جێگەی گرتووە. بە شێوەیەک کە هێژمۆنی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و لیبراڵ دیمۆکراسی کاریگەرییەکی کاولکارانەی لە سەر حەقیقەتی کۆمەڵایەتیی گەلان داناوە.

هەر وەک ئاماژەمان پێ داوە دژایەتی و دوژمنایەتی ڕۆژئاوا بنەچەیەکی مێژوویی هەیە بەڵام ئەمڕۆکە بە شێوازێکی تەکووزمەند لە ژێر ئاڵای دامەزراندنی دەوڵەت _ نەتەوە یا سەقامگرتوویی دیمۆکراسی و ئارمانەکانی ڕۆژئاوایی؛ زۆرترین بەریەککەوتن و ڕووبەڕووبوونەوەی بە خۆیەوە دیتووە. کەواتە، گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەر ناوی نەتەوەیی بوون باوەشیان بە ڕووی ئاسملاسیۆنی هەمەلایەنەدا کراوەتەوە. جیاواز لە ئەوانە، هەوڵدان بۆ سەقامگرتوویی نەتەوەپەرەستی و پەرەپێدانی ئەو، خێرایی بەم ڕەوتە داوە. جیهانی ڕۆژئاوایی لە سەر ستراتیژییەکی نوێ و کەم خەرجتر خەریکی تێکدانی ژینگەی مرۆڤیی ئێمەیە کە لە پێکەوە ژیان، ڕێزگرتن و ئازادی بەرەو کۆیلایەتی تاک و کۆمەڵگا لە چوارچێوەی سنوورە دەستکردەکان هەنگاوی هەڵگرتووە.

لە ڕاستیدا، چاندی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گەلانی نیشتەجێی تاکوو ئێستا لەوە تێنەگەیشتووە کە ئاکامەکانی ئەم بژاردەیەی ئەوان بە چ ڕادەیەک سامناک و مەترسیدارە. لەم ڕوویەوە، گرینگە هێرش کردن و دەست تێوەردانی چەکداری لە ئەفغانستان و دواتر ڕووخاندنی ڕژێمی بەغدا وەک هەنگاوی یەکەم لە دەست پێ کردنی قۆناغێکی نوێ تاوتوێ و لێکدانەوەی بۆ بکرێ. وادیارە، لە ناو بردنی دەسەڵاتداری سەددام حووسێن دەروازەی سەرەکی بۆ دزە کردن و لە لایەکی دیکەوە، دەبێ تراژیدیایەکی ناوچەیی لە هەمبەر پێکەوە ژیانی گەلانی هەرێمی و دەستکەوتێکی گەورەتر بۆ ڕۆژئاوا هەڵسەنگاندن و چاوی لێ بکەین.

لەم نێوانەدا، نەتەوەی کورد بە هۆی بە کارهێنانیان وەک کارتێکی گوشار و کاتی نەک جڤاتێکی مرۆڤی دژایەتییەکی زۆریان کراوە. حەقیقەتی کوردان لە چوارچێوەی پەیماننامە جۆراوجۆرەکان ڕووبەڕووی ئاسملاسیۆنی چاندی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بووەتەوە. بابەتەکانی لەم چەشنە ئەوانی هەتا لێواری لە ناوچوونی یەکجارەکی بردووە. ئەگەر چی نەتەوەی کورد خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەند و هەر وەها، هێزێکی بزوێنەر و کارا بە درێژایی دیرۆکی ئەم ناوچەیە _ دەورگێرانی لە سەردەمی نوێ بەردی، شۆڕشی کشتوکاڵی و دامەزراندنی شارستانییەتی ناوەندی _ بووە بەڵام ئەمڕۆکە کۆیلەی مێژوویەکی کورت، نەخوازراو و نەنووسراوەیە.

هەر چەند لەم قۆناغە نویەدا زۆرتر لە سەر لایەنی دەوڵەت _ نەتەوە بوون نەک ڕەهەندە گرینگەکانی دیکەی ڕاوەستە کراوە بەڵام لە ژێر ئاڵای تەکووزی نوێ نێودەوڵەتی دەستکەوتێکی ئەوتۆ و جێی سەرنجی بۆ ئێمە دەستەبەر نەبووە. وێدەچێ، هۆکاری سەرەکی لە ئەوەدا خۆی بدۆزێتەوە کە ئێمە حاشا لە مێژوویەکی چەند هەزار ساڵە دەکەین و پرسی کوردانمان لە مێژوویەکی دوو سەد ساڵە یا کەمتردا سنووردار و قەتیس کردووە. هەر بۆیە، بە شێوەیەکی گاڵتەجارانە لە نێو کابووسێکی هەمەلایەنە گیرمان خواردووە کە؛ تێدا ” خەڵک / گەل ” هەوڵی دەوڵەت سازی دەدەن و لە لایەکی دیکەشەوە، ” دەوڵەت ” خوازیاری نەتەوەسازییە و ئەمە، سەرەتای چیرۆکێکی تراژیدی و دڵتەزێنی ڕاستەکیی و گشتگیرە.

ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی )

تمامی مقالات ارسالی بیانگر دیدگاه نویسندگان آن می باشد

لینک ورود به کانال رسمی پایگاه خبری هه وال
نمایش بیشتر

دیدگاهتان را بنویسید

نوشته های مشابه

دکمه بازگشت به بالا