میوان و میوانداری لە کوردەواریدا

میوان و میوانداری لە کوردەواریدا
بەر لەوەی دەست بۆ ئەو بابەتە درێژ بکەین دەبێ پێناسەیەکی میوان بکەین کە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا چەندە ئازیز و خۆشەویستە، بۆیە دەبینین ماڵی بێ میوان هەمیشە لە وێرانە و کاولگە دەچێت، لەمبارەیەوەش پێشینیان گوتویانە میوان رزقی لەگەڵ خۆیەتی، بۆیە میوان و میوانداری لە نێو تەواوی خەڵکیدا دەبێتە سێ بەش یەکەمیان زۆر هەوەستی بە میوان دێت و هەر کاتێ یەکێک لە دەگایان بدات ئامادەیە وەک ڕێز لێنانێک حەیوانیان لەژێر پێ سەر ببڕێ، دووەمیان بە هاتنی میوان زۆر قەڵس و ناخۆش دەبێ و چاوی دەچێتە پشتی سەریەوە، سێیەمیشیان کەسێکی مام ناوەندیە و نەباشە و نە خراپ، بۆیە لەگەڵ ئەو باسەدا چەند ڕاستیەک سەبارەت بە میوان و میوانداری لە کۆمەڵگەی کوردەواری دەخەینە ڕوو بەو ئومێدەی ئێمە لە چینی یەکەم بین بۆ ئەوەی هەمیشە سەرفیراز و سەر بڵند بین.
میوانداری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەهێز دەکات
بەڵێ میوانداری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەهێز دەکات و خۆشەویستی لە نێوان تاکەکانی نێو کۆمەڵگە بڵاو دەکاتەوە، بۆیە ئەوانەی لەو پەیامە پیرۆزە گەیشتوون زۆر ڕیز لە میوان دەگرن و بە دیدار و دیدەنیەکانیان شاگەشکە دەبن، چونکە کوردەواری خۆمان گوتەنی ئەوەی لەبەر چاوان بێت لەبەر دڵانە.
بڕو بیانوی خانە خوێ لە دژی میوان
بە داخێکی زۆرەوە ئەوانەی هەوەستیان بە میوان نەیەت بڕو بیانوی بێ بنەما دەدۆزنەوە، یان خۆیان بە شتی لاوەکیەوە سەرقاڵ و خەریک دەکەن تا ئەو ڕادەیەی ڕوونەدەنە میوانەکە و ئەویش لەخۆی بێزار بێت و ماڵە جێ بهێڵی و جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە ئەو ماڵە، بەڕاستی ئەوەیان سیفەتێکی زۆر ناشیرینە و هەرگیز لەگەڵ داب و نەریتی ئێمەی کورد ناگونجێت، میللەتی کورد بە گشتی بە بەخشین و سەخاوەت و چاوتێرییەوە لە نێو هەموو لایەوە ناسراون.
میوانی ناوەخت
دەبێ لەو ئان و ساتەشدا باس لە هەندێ کەس بکەین کە لە کات و ساتی نە گونجاو دەچنە میوانداری و حیساب بۆ هیچ شتێک ناکەن، بۆیە بەوانە دەگوترێ میوانی ناوەخت، کوردەواری خۆشمان لەو بارەیەوە گوتوویەتی میوانی ناوەخت نانی لەسەر خۆیەتی، جا ئەوەی لە کاتی ناوەخت دەچێتە میوانداری با گلەیی لە خانەخوێ نەکات و تەنیا گلەیی لە خودی خۆی بکات.
بەخێر بێی میوانی چ جار نەهاتی؟!!
هەر لە کوردەواریدا ئەگەر یەکێک زوو زووە بچێتە ماڵی یەکێک خاوەن ماڵیش بەدەست خۆی نیە لەو جۆرە میواندارییە بێزار دەبێت، بۆیە بە تەوسەوە بە خێر هاتنی میوانەکە دەکات و دەڵێ: بەخێر بێی میوانی چ جار نەهاتی؟!! بەو مانا ڕاستەقینەی هەمیشە لەسەر و گێلاکی ئێمەی، بۆیە هەق نیە ئێمە وا لە خۆمان بکەین کە بەو جۆرە پێشوازیمان لێ بکەن مرۆڤ پێویستە نەهێندە شیرین بێ قووت بدرێ و نە هێندە تاڵ بێ فڕێ بدرێ.
خانە خوێی ڕەزیل
هەندێ جار خاوەن ماڵ یان بە کوردیە پەتیەکە خانە خوێی ڕەزیل لە کاتی خواردن و خواردنەوە بە میوان دەڵێ: ئەرێ میوان فڵانە شت دەخۆی یان فڵانە شت دەخۆیەوە؟ دیارە ئەوەش بە شتێکی عەیب و عار دادەنرێت، چونکە ئەگەر کەسی میوان برسیش بێت شەرم دەکات بڵێ برسیمە، یان بڵێ بەڵێ فڵانە شت دەخۆم، بۆیە دەبێ واز لەو جۆرە وشانە بهێنین کە میوان تووشی جۆرێک لە ئیحراج بوون دەکات.
خۆ دزینەوەی خانەخوێ لە میوان
هەندێ کەسی دیکەش هەن بە بیانووی هەبوونی میوان خۆیان لە زۆر شت دەدزنەوە، بەڵام لە بنچینەدا ئەوانە مێشیشیان میوان نیە.
ئەگەر میوان بە دەست و دیاری بچێتە میوانداری ئەوا جۆرە ڕیز و قەدرێکی تایبەتی دەبێت بە بەراورد لەگەڵ ئەو میوانەی کە بەدەستی بە تاڵ دەچێتە میوانداری.
کشە کشە مریشکە ڕەشە.. میوان جارێک دوو جار خۆشە
کشە کشە مریشکە ڕەشە.. میوان جارێک دوو جار خۆشە، ئەوەش پەندێکی کوردیە بۆ ئەوانەی بە تام و لە سنووری دیاریکراودا دەچنە میوانداری و خانەخوێ هەراسان ناکەن، بێگومان زۆر شتی شاراوەی دیکەش هەن سەبارەت بە میوان و میوانداری کردن کە ئێمە لەو نووسینەدا پەیمان پێ نەبردبێ، بەو ئومێدەی هەموو لایەک سوودی لێ ببینن و لە داهاتوودا بە سەرنج و تێبینیەکانیان دەوڵەمەندی بکەن.
میوان رزقی لەگەڵ خۆیەتی
ئەوانەی لە سیفەتی ڕەزیلی دوورن و هێندە بایەخ بە پارە و پول نادەن زۆر دڵیان بە هاتنی میوان خۆش دەبێ و دەڵێن یاخوا بەخێر بێن میوان رزقی لەگەڵ خۆیەتی جا ئەوانە هێندە خزمەتی میوان دەکەن بە جۆرێک چ جێگایەک نامێنێ ئەو میوانەی لێ دابنێن، بۆیە زۆر خۆشە هەموومان هەڵگری ئەو سیفەتە بەرزە بین و لە ئاست میواندا خاوەن ماڵ نەبین.



