فرهنگیمهمترین های هەواڵ

لە هەولێر ڕێز لە سەلاح پایانیانی، دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان گیرا

بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا کۆتاهێنانی کارەکانی پڕۆژەی فەرهەنگی زارەکیی موکریانی نووسەر و فەرهەنگنووس “سەڵاح پایانیانی” راگەیاند و رێزی لێ گرت

لەم رێوڕەسمەدا گوتار، دیکۆمێنتاری، ستران و موزیک، رێزلێنان و گوڵی وەفاداری تێدا پێشکەش کرا و ئەو رێوڕەسمە لە هۆڵی بەشی راگەیاندن و رۆشنبیری هەولێر بەرێوە چوو

فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەرهەمی سەڵاح پایانیانییە، بریتییە لە ۱۵ بەرگ، ئەم فەرهەنگە کە زیاتر لە ۲۰ کەس بە ماوەی نزیک ۱۰ ساڵ کاریان لەسەر کردووە و لە دوو سەرچاوەی تەیاری وشەی کوردی پێش خۆی، واتە هەنبانە بۆرینە و فەرهەنگی فارسی_ کوردی زانستگەی کوردستان، کەڵکی وەرگرتووە و ۹۲ هەزار وشەی کوردی لە خۆ گرتووە، وەک ئامادەکاری فەرهەنگەکە دەڵێت، نموونەیەکی باشە بۆ لە محەکدانی فەرهەنگی زارەکیی موکریان و هاوکات دەرخستنی گۆشەیەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو فەرهەنگە لەچاو فەرهەنگەکانی وشە.

موکریان لە ڕووی جیۆگرافیاوە هەرچەند سنووری بە بست دیاری نەکراوە، بەڵام بەگشتی ناوچەیەکی هەراوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نێوان شارەکانی بۆکان، مەهاباد، سەردەشت، سەقز و میاندواو دەگرێتەوە و بەرەو شنۆ هەڵدەکشێ. لە کۆنەوە چەندان عێل و عەشیرەتی گەورەی تێدا نیشتەجێیە. لە ڕووی ئەدەبیات و وێژەوە بە ڕای خاوەنڕایان، ناوچەیەکی زۆر بەپیت و بەرەکەتە و زمانی کوردی لەوێندەرێ بواری هەناسە و گەشەی گەرموگوڕە.

سەڵاح پایانیانی پێشتر لە لێدوانێکیدا لەبارەی ناوەڕۆکی فەرهەنگەکەوە گوتی، دوای دیاریکردنی چوارچێوەیەکی پێشبینانە، بۆ سەرگرتنی ئەم پڕۆژەیە بە دوو شێوازی مەیدانی و کتێبخانەیی نووسراوە و دەنگی کار کراوە. پێشان هەموو کتێبە کوردییەکانی سەربە ناوچەی موکریان سەرلەنوێ تایپ کراون، پشکێنراون و ئاشتەبای وشە و مانا و نموونەی ناو ئەم کتێبانە دەستە کراون.

پایانیانی گوتی، هاوکات دەست کراوە بە سەردانی مەیدانی بۆ شار و دێهاتەکانی سەربە هەموو شارەکانی موکریان بۆکان، مەهاباد، سەردەشت، پیرانشار، پەسوێ، شنۆ، نەغەدە، ڕەبەت، خەلیفان و بەشێک لە سەقز کە نزیک ۱۰ ساڵی خایاندووە، ئێستەش نەپساوەتەوە و بەردەوامە و دانیشتن لەگەڵ خەڵک، بەتایبەت بەساڵاچووانی ناوچەکە و لێبیستن و کۆکردنەوەی زانیارییەکان، نووسین و تۆمارکردن دواتر پێکگرتن و لە بێژنگدانی داهاتەکە

لە کۆتاییدا بەرنامەکە بە ڕێزلێنان لە مامۆستا سەلاح پایانیانی و خاتوو لەیلا نوورانی هاوژینی ناوبراو کە لە کۆکردنەوەی ئەم گەنجینە پڕبایەخەدا هاوکار و پاڵپشتی بووە و بە پێدانی چەپکەگوڵی وەفا و ڕێزلێنان لەو دوو بەڕێزە کۆتایی پێهات.

نمایش بیشتر

دیدگاهتان را بنویسید

نوشته های مشابه

دکمه بازگشت به بالا