بۆچی بوومەلەرزە روودەدات؟

لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کە ناوەندەکەی ناوچەی بازاڕجخی سەربە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان (کوردستان تورکیا) بوو وێرانکاری روویدا، جگە لە گیانلەدەستدانی نزیکەی ۲۶۰۰ کەس، سەدان باڵەخانە وێران بوون. گوڕی بوومەلەرزەکە ۷٫۷ پلەی رێختەربوو.

پسپۆڕان دەڵێن، هەر گوڕێکی بوومەلەرزە زیاتر لە ۷ پلە بێت، هێزەکەی یەکسانە بەوەی ۱۰۰ هەزار کیلۆ ‘تی ئێن تی’ لەژێر زەوییەکەدا بتەقێندرێتەوە.

د. بەختیار قادر، پسپۆڕی جیۆگرافی باس لەوە دەکات ئەو شوێنەی بوومەلەرزەکە تێیدا روویداوە، بوومەلەرزە لێی چاوەڕوانکراوە، چونکە “درزێکی گەورەی تێدایە، ئەم درزە گەورەیە چالاکە و وزەیەکی زۆری تێدا کۆدەبێتەوە، بەهۆی جوڵەی توێکڵی زەوییەوە، ئەم وزەیە رۆژێک لە رۆژاندا پێویستی بە دەرپەڕاندنە بۆیە چاوەڕوانکراوە بوومەلەرزە لەو ناوچەیە رووبدات”.

بەگوێرەی ئامار و پێشبینییەکان، ئەو بوومەلەرزانەی گوڕەکەیان سەروو ۷ پلەیە، پێنج ساڵ جارێک لە یەکێک لە وڵاتانی جیهاندا روودەدەن.
د. ئارام نامیق، پسۆڕی جیۆفیزیا باس لە هۆکاری روودانی ئەو بوومەلەرزەیە دەکات و دەڵێ “بوومەلەرزەکە لە ئەنجامی جووڵاندنی ئەو پلێتانەیە، کە پەیوەندیی بە پلێتی تورکییەوە (پلێتی ئەنازۆڵی) هەیە. ئەم پلێتە لەگەڵ پلێتی عەرەبیدا پێکدا دەدەن و لە ئەنجامدا کۆمەڵێک هێز بەرەڵا دەبن، ئەو هێزانە دەبنە هۆی روودانی بوومەلەرزەکە”.
پلەی رێختەر کە پێوانەی بوومەلەرزەی پێدەکرێت، کۆتا پلەی ۹ پلەیە، تاوەکو ئێستا لە جیهاندا رووینەداوە، بە رووداوی لەهەر شوێنێکیش، ناوچەکە بەتەواوی وێران دەکات و ژیانی تێدا ناهێڵێت.

بەگشتی بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە تائێستا لە کوردستان، تورکیا و سووریا، نزیکەی ۳۰۰۰ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ۱۵ هەزار کەسیش بریندارن/ rudaw