“یادێک لە حاج مامۆستا پارسا لە مەهاباد و نزای خێر بۆ شیفابوونی”

ئێوارەی رۆژی پێنجشەنبە ۲۳ی پوشپەڕی ۱۴۰۱، دەگەڵ کۆڕێکی مامۆستایان، سەردانی حاجی مامۆستا پارسامان کرد. بەداخەوە باری سڵامەتی و تەندروستیی مامۆستا زۆر جێگیر نەبوو و ناساز لە نێو جێ دابوو. دەنگی قوڕئان لە ماڵێ دەهات. هۆشی هەبوو بەڵام بەداخەوە هیچ هێزی دەبەر دانەمابوو. حاجی مامۆستا کەمتر ناسراوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئێمە کە کەمتر یەکتر و هەروەها پیاوەگەورەکانمان بەسەر دەکەینەوە.
مامۆستا لە مامۆستایانی قەدیمی و بە ئەزموونی ناوچەیە، کەسایەتەییەکی دڵسۆز، زانایەکی کەموتە، کە کەم وایە خۆ دەربخا. حاجی مامۆستا لەو مامۆستایانەیە کە بەڕاستی لەسەر ئەرکی مەلایەتی و جەماعەت و مزگەوت زۆری شایی بە کارەکەی بووە و لە سەری سوور بووە.
مەلایەتی وەک بەرپرسایەتی، بانگەوازی و بانگخوازی چاو لێ کردووە، نە وەک ئەرک و پیشە. لەبەر ئەوە کە باوەڕی قوڵی بە ڕێبازەکەی بووەە، کاک مەلا خلیلی کوڕی دەبەر خوێندنی ئایینی و فەقێیەتی دەنێ، کە سپاس بۆخودا، ئێستا وەک مامۆستایەکی خوێندەوار، ئەخلاقیی و بەرپرس بۆ کاری خۆی رێبازی مامۆستای بابی هەڵگرتۆتەۆە. وەکی بزانم مامۆستا ئیبڕاهیم، زۆریشی شایی بە نەوەکەی، واتا کاک مەلا سوهەیب هەیە، کە ئێستاکە خەریکی خوێندنی کتێبی “الوجیز” لە زانستی بنەما فیقهییەکانە و چاوەڕوانین لەم یەک دو ساڵەی داهاتو بینەریی وەرگرتنی مۆڵەتی مەلایەتی وی بین.
مامۆستا ساڵی ۱۳۱۸ی هەتاوی لە ئاوایی بادام و لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە دایک بووه. سەرەتای لاویی، وەک هەر هۆگرێکی خوێندن و ئایین لەو کوردستانە، دەنێردرێتە حوجرەکانی کوردەواری، و لە زۆرێک لە گوندەکانی موکریان دەستبەخوێندن دەکا.
دەورو بەری ساڵی۱۳۳۴ لە ئاوایی نەڵێوانی شنۆ لە لای خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا سەیید موحەممەدی واژی (باوکم) خوێندوویەتی. زۆری بیرەوەری ئەوکاتی بۆ دەگێڕامەوە. لە سەر خوێندن بەردەوام دەبێ و تاکو ساڵی ۱۳۴۳ کە لە ئاوایی ماسۆێ لە لای مامۆستا مەلا موحەممەدی ساڵحی ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ.یەکەم دێ کە مەلایەتی لێ کردووە، ئاوایی “سمایلەکەت”ی مەهاباد بووه. لەوێ دەستی کردووە بە سازکردنی مزگەوت. پاشان دێتە “تەنگ باڵەکەی” و تا ساڵی ۱۳۶۳ لەوێ دەبێ و هەر لەوساڵە دێتە مەهاباد و لە گەڕەکی زەمینەکانی شاردەرایی دەست دەکا بە ساز کردنی مزگەوت و ناوی ام المومنین عائیشه(رض) لە سەر دادەنێ.حاجی مامۆستا لە هەر جێگایەک بووە لە بواری دینی و کۆمەڵایەتی، سەرچاوەی خێر بووە.
هەر وەها کۆمەڵە تایەبەتمەندییەک هەن، کە کەسایەتی مامۆستا بەرچاو و سەرکەوتوو دەنوێنن؛ وەکو:
۱ـ حەول بۆ ساز کردنی مزگەوت لە سمایلەکەت و لە مەهاباد.
۲ـ حەول بۆ کاسبی کردن و کورد کوتەنی: چاو لە دەست و مست بوونی خۆ، نەک تەنیا بەرات و زەکاتی خەڵک بۆ مامۆستا.
۳ـ لەو ماوەی ۴۰ ساڵەی کە لە مەهاباد، لە گەڕەکی زەمینەکانی شارەداری و کانی سۆفی ڕەشید بووە، بە چالاکی بێ وچان، هاندەری کێشانی ئاو، بەرق، هەروەها قیرەتاوی شەقامەکانی ئەم گەڕەکانە بووە. خوا جەزای بداتەوە.
شارەداری بە مەبەستی پێ زانین بە کارەکانی حاجی مامۆستا ناوی شەقامەکەی نا “پارسا”هەروەها لە ڕاگەیشتن بە کار و باری سوڵح، گوژاندنەوەی ناکۆکی نێوان خەڵک، کاسپی کردن، وای لێ نەکردووە کە لە زانست و نوسینەوە دورکەوێتەە.ئەگەر ئاماژە بە هێندێک لە نوسراوەکانی بکەین، دەکرێ بلێین:
۱ـ شانی وەبەر وەرگێڕانی ئەو کتێبە سەختەی مەلایەتی، واتا “تهذیب الکلام”ی تەفتازانی لە زانستی کەلام و فەلسەفە دا داوە.
۲ – هەندەک بابەت لە کتێبی “گلنبوی برهان” و هەندکیش لە بابەتەکانی کتێبی”شرح المواقف” لە تیراژی دو هەزار بەرگ چاپ کراوە. حاجی مامۆستا مەڵا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان لە پێشەکی تهذیب الکلام، ئاماژە بە ئاستی زانایی مامۆستا پارسا دەکات.(چاپ کراوە).۲ـ کتێبی “ارث در اسلام” کە ئەمەش بابەتێکی ڕۆژە و زانستێکی قورسی سەبارەت بە دابەش کردنی میراتە.(چاپ کراوە)۳ـ وەرگێڕانی “مقولات عشر” لە زانستی فەلسەفەدا.(چاپ نەکراوە)۴ـ وەرگێڕانی کتێبی “ایساغوجی” لە زانستی مەنتیق(چاپ نەکراوە).۵ـ نوسینی کتێبی: “مجموعە قواعد نحوی سادە” بە زبانی فارسی، لە زانستی ڕێزمان(چاپ نەکراوە)۶ـ ساغ کرنەوەو و کۆ کرنەوەی کتێبی: “تجوید منظوم” نوسراوەی مولانا خالد شارەزور(نەقشبەند)ی لە زانستی چۆنیەتی خوێندنەوەی قوڕئانی پیرۆز(چاپ نەکراوە).۷ـ وەرگێڕان و شڕۆڤە لە سەر نامیلکەی “المعانی” لە زانستی بەلاغە(بەشێوەی فتوکوپی بڵاو کراوەتەوە)بەشێک لەم کتێبانە لە چاپ دراون و لە پەڕتوک خانەکان دەست دەکەون،
هیوادارم بنەماڵەکەی بتوانن ئەمانی دیکە چاپ کەن و یا ئەوانی چاپ کراون، دیسان چاپ بکرێنەوە، بەڵکوو ئێشاڵڵا، شوێنەواریان بەردەوام بۆ خوێنەران لە بەر چاوان بێ.
ئێستاکە، حاجی مامۆستا زیاتر لە دومانگە ناسازە. لە خوای بانی سەر دەخوازین شیفای بدات.با ڕێزی پیاوە گەورەکانمان بگرین.
ڕێکەوتی: ۱۴۰۱/۴/۲۵هەتاوی
۱۶ذی الحجه ۱۴۴۳کۆچی
۱۶ژوئیە ۲۰۲۲ زایینی.
کتێبەکانی ماموستا پارسا






✍سەیید موحەممەد ئەمین واژی