مامۆستای فیزیکی مەهابادی وەک باڵوێزی ئەنجومەنی فێرکاری زانستی ئەورووپا Scientix لە ساڵی ۲۰۲۲ هەڵبژێردرا

دکتور سولەیمان ڕەسووڵی مامۆستای فیزیکی مەهابادی ساڵی زایینی ڕابردوو وەک یەکەمین باڵوێزی ئەنجومەنی فێرکاری زانستی ئەورووپا Scientix لە ئێران هەڵبژێردرا. بە پێی راگەیێندراوی ئەنجومەنی فێرکاری زانستی ئەورووپا، بە هۆی چالاکی شێلگیرانە و شوێندانەری بەرزی ئەو مامۆستا بلیمەتە، ڕۆڵ و دەوری بەڕێزیان وەک باڵوێزی ئەنجومەنی Scientix لە ئێران بۆ ساڵی زایینی ۲۰۲۲ درێژ کرایەوە.
لە بەشێک لە ڕاگەیێندراوەکە بە واژۆی د.ئێڤلینا ئیوانوا، بەڕێوەبەری عەمەلیاتی پڕۆژەی دایرەی فێرکاری زانست – بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی Scientix ی ئەورووپا – بۆ دکتور ڕەسووڵی هاتووە:
«بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین دەوری بەڕێزتان وەک باڵوێزی ئەنجومەنی فێرکاری زانستی ئەورووپا بۆ ماوەی یەک ساڵ و تا کۆتایی ساڵی ۲۰۲۲ی زایینی درێژ کرایەوە. سپاس و پێزانینی خۆمان بۆ پشتگری بەڕێزتان دەردەبڕین و ئارەزومەندانە چاوەڕوانی درێژەی هاوکاری ئێوە لە ساڵی داهاتوو داین.»
شایانی ئاماژەیە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دکتور سولەیمان ڕەسووڵی بە بەڕێوەبردنی کارگەی زانستی و وێبینارگەلێکی بایخدار لە سەر فێرکاری زانست بە ڕێدۆزی نێوان بابەتی STEM لە شار و پارێزگاکانی تاران، تەورێز، مەهاباد، سنە، ئیلام، گیلان، هەمەدان، خۆراسانی باکوور و…. توانیویەتی لە پەرەپێدانی ئەو ڕێدۆزە پێشکەوتوانە و بردنە سەری ئاستی زانیاری مامۆستایان لە ئێران هەنگاوی شیاو و پێشڕەوانە هەڵێنێتەوە.
ئێستاش دکتور ڕەسووڵی وەک مامۆستای وانەی فیزیک لە قوتابخانەکانی حاجی عەبدوڵڵای ڕۆستەم زادە، تیزهووشانی شەهید بەهەشتی، شاهیدی شەهید برووجردی و هونەرستانی ئەمیرکەبیر دەرس دەڵێتەوە.