هەڵبژاردنی مامۆستای فیزیکی مەهابادی وەک باڵوێزی ئەنجومەنی فێرکاری زانستی ئەورووپا Scientix لە ئێران

د.سولەیمان ڕەسووڵی بە بەشداری چالاکانە لە چەندین خولی زانستی فێرکاری کە لە لایان ئەنجومەنی فێرکاری زانستی ئەورووپا Scientix و ئاکادێمیای قوتابخانەکانی ئەورووپا Schoolnet Academy بەڕێوەچوو و بە وەدەست هێنانی بەڵگەنامەی هاوپەیوەند توانی وەک تەنیا باڵوێزی هەڵبژاردەی ئەم ئەنجومەنە لە ئێران دیاری بکرێ، تا تاکە کەسێک بێ کە ناوی ئێران لە سەر ماڵپەڕی ئەم ئەنجومەنە ناسراوە جیهانییە بەرز بکاتەوە.
سەفیرانی ئەنجومەنی فێرکاری زانستی ئەورووپا وێڕای یارمەتی بە هاوبەش کردنی چالاکێکانیان لە ئاستی نەتەوەیی، دەورێکی چالاکیان لە پشتگری لە داهێنانی نوێی STEM واتا زانست(فیزیک، کیمیا، بونەوەرناسی و زەوی ناسی و…)، تێکنۆلۆژی، ئەندازیاری و بیرکاری لە وڵاتانی خۆیان هەیە. چالاکی ئەم سەفیرە زانستی و فێرکاریانە بۆ گشتگیری و سەقامگیری کۆمەڵگایەکی زانستی- فێرکاری مامۆستایان لە تەواوی خولەکان دا شوێندانەر و بنەڕەتییە کە شێوازی نوێ و گونجاوی فێرکاری لە قوتابخانەکان بە تایبەت لە بواری STEM پەرەپێدەدەن تا ئەرخەیان بن فێرکاری شوێندانەر بۆ بەرەی داهاتووی قوتابیان مسۆگەر بووە و لێهاتوویی و کارامەیی پێداویست وەدەست دێنن کە وەک شارۆمەندیکی سەرکەوتوو لە سەدەی بیست و یەکەم دا ژیان بەرنە سەر.
سەفیرانی ئەنجومەنی فێرکاری زانستی ئەورووپا Scientix چەند چالاکی تریش بۆ گەشەی فێرکاری زانست وەستۆ دەگرن کە بریتین لە:
پەرەپێدانی داهێنانی نوێی زانستی فێرکاری ئەنجومەنی Scientix لە ئاستی میللی و لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یا بەشێوازی حزووری
یارمەتیدان بە ئاڵوگۆڕی زانست و شێوازی خەللاقانە و داهێنەرانەی فێرکاری زانست
پشتگری و چاکسازی فێرکاری زانست بە شێوەی گشتی و بۆ کۆی بەردەنگەکان
جێگای ئاماژەیە وەکی دەرەنجامی تاقیکاریەکانی نێونەتەوەیی تیمزی ۲۰۱۹ ئاشکرای کردووە، گرینگایەتی پێداهاتنەوە لە شێوازی فێرکاری زانست، بیرکاری و تێکنۆلۆژی لە ئێران حاشا هەڵنەگرە و د. سولەیمان ڕەسووڵی وەک تەنیا باڵوێزی هەڵبژاردەی ئەنجومەنی فێرکاری زانستی ئەورووپا لە ساڵی داهاتوو حەول دەدا پەرە بە چالاکی زانستی خەللاقانەی زانست و بەهێزکردنی مامۆستایان و قوتابیانی ئێران بدات.
د. سولەیمان ڕەسووڵی مامۆستای هەڵبژاردەی وڵاتە کە بۆ ماوەی ۲۵ ساڵە لە پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد وانەی فیزیک دەڵێتەوە و هەروەها براوەی خەڵاتی HST2017 لە CERN واتا ناوەندی توێژینەوەی ناوەکی ئەورووپایە کە بڕوانامەی دکتوڕای فیزیکی ناوەکی هەیە و مانگی ڕابردوو وەک سکرتێری گشتی کۆمیتەی زانستی بیستەمین کۆنفڕانسی فێرکاری فیزیکی ئێران و دەیەمین کۆنفڕانسی فیزیک و تاقیکاری هەڵبژێردراوە کە بڕیارە مانگی گەلاوێژی ۱۴۰۰ لە لایان یەکێتی ئەنجومەنە زانستی و فێرکارێکانی مامۆستایانی فیزیکی وڵات و بە میوانداریەتی پەروەردەوبارهێنان و ئەنجومەنی زانستی مامۆستایانی فیزیکی ئیلام بەڕێوە بچێ