بەڕێوەچونی رێوڕەسمێک بۆ رێزلێنان له “مامۆستا هێمن” لە شاری نەغەدە

رۆژی پێنجشەممە، ۲۹ی خاکەلێوەی ساڵی ۹٨ی هەتاوی، رێوڕەسمێک بۆ رێزلێنان له “مامۆستا هێمن” ئەستێرەی گەشی ئاسمانی ئەدەبی کورد له لایەن ئەنجومەنی ئەدەبی بارانی نەغەده له ساڵۆنی فەرهەنگ و ئیرشادی ئەو شارە گیرا.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز لە لایەن لاوی دەنگخۆش کاک “ئیسماعیل دەرویش مەجید” و سرودی میللی دەست پێکرا.
پاشان “خانم سەرهەنگی”، رەئیسی ئیدارە ئیرشاد بەخێرهاتنی میوانانی کرد و سپاسی بەڕێوەبەرانی ئەو رێوڕەسمە کرد.
لە درێژە دا بەرنامەکە بەم چەشنە بەڕێوە چوو.
بڕگەی یەکەم:
بەڕێز “خدر بەهرامبەیگی” مامۆستای کلاسەکانی فێرکاری ئەنجومەن، لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبێوە بەخێرهاتنی ئەدیبان و ئەدەب دۆستان و قوتابیانی کلاسەکانی فێرکاری ئەنجومەنی کرد.
دوکتور “قوربان عەبباسی” گوتاری خۆی لەژێرناوی “بۆ بەرەوپێش چوون بۆچی پێویستمان بە میراتی پێشینیان هەیە” پێکەشی بەشدار بووان کرد.
دوکتور “خالق جەلیلنژاد”، دانیشتووی شاری مەهاباد، لەبواری کۆمەڵناسێوە شێعرەکانی مامۆستا هێمنی خستە بەر باس و لەبواری تاریخی و ئەدەبێوە باسی بەرەکانی شێعری کوردی و بەتایبەت بەرەی موکریانی کرد و ماموستا هێمنی وەک پێشەنگێکی بەرەی سێهەمی شێعری موکریان ناساند و ئاماژەی به تایبەتمەندییەکانی شێعری مامۆستا کرد…

لە بڕگەی دووهەم دا عاشیق “محەمەد عەلی مەحموودی” موسیقی سوننەتی بە دوو زمانی تورکی و کوردی پێشکەشی بەشداربووان کرد.
بڕگەی سێهەم:
رێزدار “ساڵح رەحیمی” شێعرەکانی خۆی بە دوو زمانی فارسی و تورکی پێشکەش کرد.
بەڕێر “مستەفا ئیلخانیزادە” بەرپرسی بنکەی ئەدەب لە بۆکان دەستخۆشی هەوڵ و ماندووبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبی بارانی کرد و خۆشحاڵی خۆی لە بەڕێوەچونی کۆڕی موشتەرەکی لەم چەشنە دەربڕی و پاشان شێعرێکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.
کاک “کەماڵ رامووز” وەک مودیر مەسئولی ئەنجومەنی ئەدەبی بەخێرهاتنی میوانان کرد و دەستخۆشی لە تەواوی ئەو دۆستانە کرد کە لە بەڕێوەچوونی بەرنامەکە دا زەحمەتیان کێشاوە و پاشان دوو شێعری بە زمانی کوردی و فارسی خوێندەوە.
خاتوو “شللێر خاکی” گوتارێکی لەژێرناوی “گەشتێکی کورت دە تاریک و روون و ناڵەی جودایی ماموستا هێمن” لە نووسینی کاک “عەلی سولەیمانی” ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبی باران پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
لەم بەرنامەیە دا هەروەها سپاسی خاتوو “شوعلە ئەحمەدی پور” نگارکێشی لاوی نەغەدەیی و دانیشتووی ئێستای شاری مەهاباد کرا بۆ کێشانەوەی وێنەی ماموستا هێمن و پێشکەش کردنی ئەم پۆرترە بەنرخە بە ئەنجومەنی ئەدەبی باران.
کاک “سامان سەید مەحموودیان” ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبی باران شێعرێکی کوردی پێشکەش کرد.
لە کۆتایی ئەم بەشە دا خاتوو “عیرفان جەواهیری” خەلکی شاری شنۆ شێعرێکی کوردی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
بڕگەی چوارەم:
لەم بەشە دا چریکەی دەنگی کاک “حوسێن مەولودی” و کەمانچە بێوێنەکەی کاک “جەلال حەللاج” کۆرەکەی رازاندەوە.
پاش پەزیرایی لە میوانان لە بڕگەی کۆتایی دا، بەشدار بووانی کلاسەکانی فێرکاری ئەنجومەنی ئەدەبی رێزیان لێ گیرا و بە گرتنی وێنەیەکی یادگاری قووتابیان، کۆتایی رێوڕەسمەکە راگەیەندرا.
“له لایەن دەستەی بەڕێوبەرانی ئەنجومەنی ئەدەبی باران سپاسی دووبارەی خۆمان ئاراستەی تەواوی ئەو دۆستانە دەکەین کە لە رێگای دوور و نیزیکەوە تەشریفیان هاتبوو و بەشداری ئەو رێوڕەسمە بوون، هەروەها تەواوی ئەو بەڕێزانە لە بەرێوەچوونی رێوڕەسمەکەدا زەحمەتیان کێشابوو.”



