مهسعود بارزانی: ئەو دیمەنانەی لەعەفرین دەبینرێن ناخهەژێنن و کارێکی نامرۆڤانهیه

سهرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگهیاند، “جێگەی داخێکی زۆرە کە عەفرین تووشی شەڕ و ڕووداوی ناخۆش بووەتەوە و ژیان و ئاسودەیی خەڵک کەوتووەتە بەر مەترسی. ئەو دیمەنانەی لە عەفرین دەبینرێن ناخهەژێنن”.
بهبۆنهی جهژنی نهورۆزهوه مهسعود بارزانی سهرۆکی پارتی پهیامێکی بڵاوکردهوهو ڕایگهیاند، ” لە خەباتی خۆیدا گەلی کوردستان هەرگیز بژاردەی شەڕی هەڵنەبژاردووە بەڵکو تەنها بەرگریی لە خۆی کردووە و بەرگریکردنیش مافێکی ڕەوایە”.
هاوکات بارزانی پهیوهست بهڕیفراندۆم ئاماژهی بهوهداوه، “بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم چەندین جار ئەوەمان دووپات کردووەتەوە کە ئامانج، ئاشتی و نەهێشتنی ڕیشەیی گرفتەکانە و دەمانەوێ بە ئاشتی هەموو شتێک چارەسەر بکرێت. ئەوە مافێکە کە ڕەوایە و هەمیشە بوونی هەیە و کەس ناتوانێ لە گەلی کوردستان بستێنێ و دەبێ قسە لەسەر ئەوە بێت کە چۆن جێبەجێ بکرێت. بەداخەوە لەناوخۆیشدا هەندێ لایەن کە زۆر پەرۆشی ڕیفراندۆم بوون و سووربوون لەسەر ئەنجامدانی، دواتر خۆیان لە بەرپرسیارێتی و ئەنجام و لێکەوتەکانی بێبەری کرد، ئەوە لە حاڵێکدایە کە دەنگی گەلی کوردستان تاوان نەبوو و هەڵەیش نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی زوڵم و نەمانی شەراکەت بوو. بە دڵنیاییشەوە ئەگەر ڕێز لە شەراکەت و دەستوور گیرابا ئێستا کێشەکان کەمتر دەبوون و بارودۆخی عێراق باشتر دەبوو”.
دهربارهی عهفرینیش مهسعود بارزانی ڕایگهیاندووه، “جێگەی داخێکی زۆرە کە عەفرین تووشی شەڕ و ڕووداوی ناخۆش بووەتەوە و ژیان و ئاسودەیی خەڵک کەوتووەتە بەر مەترسی. ئەو دیمەنانەی لە عەفرین دەبینرێن ناخهەژێنن، شەر لەنێوان هێزە چەکدارەکان شتێکە و سووکایەتیکردن بە ئافرەت و منداڵ و هێما نەتەوەییەکانی میللەتێک و کوشتن و بڕینی هاووڵاتیانی بێ تاوان شتێکی ترە کە نامرۆڤانەیە”.
دهقی پهیامهکهی مهسعود بارزانی:
بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی کوردی و جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەم و هیوای شادی و خۆشی و بەختەوەری بۆ هەموو لایەک دەخوازم.
نەورۆز هەمیشە بۆ گەلی کوردستان مانای ئازادیخوازی و دەستپێکی نوێ دەدات. خەباتی گەلی کوردستان لەپێناو ئازادیدا بابەتێکی تازە نییە، لە دێر زەمانەوە هەیە و ئێستایش هەر بەردەوامە. لە خەباتی خۆیدا گەلی کوردستان هەرگیز بژاردەی شەڕی هەڵنەبژاردووە بەڵکو تەنها بەرگریی لە خۆی کردووە و بەرگریکردنیش مافێکی ڕەوایە. هەموو کات و لە گشت قۆناغەکانیشدا کوردستان ویستویەتی بە ئاشتی و دوور لە توندوتیژی کێشەکانی چارەسەر بکات و لە هەموو دەرفەتێکدا دەستی ئاشتی درێژ کردووە.
لەبارەی ڕیفراندۆمیشەوە، بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم چەندین جار ئەوەمان دووپات کردووەتەوە کە ئامانج، ئاشتی و نەهێشتنی ڕیشەیی گرفتەکانە و دەمانەوێ بە ئاشتی هەموو شتێک چارەسەر بکرێت. ئەوە مافێکە کە ڕەوایە و هەمیشە بوونی هەیە و کەس ناتوانێ لە گەلی کوردستان بستێنێ و دەبێ قسە لەسەر ئەوە بێت کە چۆن جێبەجێ بکرێت. بەداخەوە لەناوخۆیشدا هەندێ لایەن کە زۆر پەرۆشی ڕیفراندۆم بوون و سووربوون لەسەر ئەنجامدانی، دواتر خۆیان لە بەرپرسیارێتی و ئەنجام و لێکەوتەکانی بێبەری کرد، ئەوە لە حاڵێکدایە کە دەنگی گەلی کوردستان تاوان نەبوو و هەڵەیش نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی زوڵم و نەمانی شەراکەت بوو. بە دڵنیاییشەوە ئەگەر ڕێز لە شەراکەت و دەستوور گیرابا ئێستا کێشەکان کەمتر دەبوون و بارودۆخی عێراق باشتر دەبوو.
لایەنە عێراقییەکان لە بەرانبەر ئەو مافە ڕەوایەی گەلی کوردستاندا سەرەتا زۆر کراوە بوون و تێگەییشتنیان بۆ ئامانجی نیازپاکانە و ئاشتیانەی گەلی کوردستان هەبوو، بەڵام بەداخەوە بەشێکیان، دژایەتیکردنی مافە ڕەواکانی کوردستانیان بۆ مەرامی سیاسی بەکارهێنا و بە ئابڵۆقە و گوشار و زەبروزەنگ وەڵامی دەنگی ئاشتیانەی گەلەکەمانیان دایەوە. ئەمجارەیش دەرکەوت کە شەڕ چارەسەری کێشەکان نییە و ئومێدەوارین پەندی ئەمجارەیش لەگەڵ ئەزموون و پەندەکانی پێشوو، وا لە هەموو لایەک بکات کە بە دیالۆگ و ئاشتی و لەیەکتێگەییشتن هەموو گرفتەکان و، کێشەی گەلی کورد لە ناوچەکە چارەسەر بکەن.
ئەو بارودۆخەی لە کەرکووک و ناوچەکانی تر لە ئەنجامی خیانەت و سەپاندنی بە زۆر هاتووەتە کایەوە بە هیچ شێوەیەک نابێ ببێتە ئەمری واقیع و پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ماددەی ۱۴۰ ڕەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێت و هەروەها دەبێ ئیجرائاتی پێویست لە بەرانبەر ئەو دەستدرێژی و قەتلوعام و ئاوارەکردنە بکرێت کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا لەو ناوچانە و بە تایبەت لە خورماتو ئەنجام دراوە. ئێستا ئەو کرانەوەیەی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی بەغدا بە بابەتێکی ئیجابیی دەزانین و پێشوازیی لێ دەکەین و هیوادارین دیالۆگ و لێکتێگەییشتن بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئێمە بە باشی لە نیگەرانیی دەوڵەتانی دراوسێش دەگەین و مافی خۆیانە بیر لە بەرژەوەندییەکانیان بکەنەوە، بەڵام دوای سەد ساڵ کارەسات و قوربانیدان دەبێ ئەو مافەش بە خەڵکی کوردستان ڕەوا ببینن کە تەعبیر لە ڕای خۆی بکات و دەبێ ئەوەیشیان بۆ ڕوون بووبێتەوە کە شەڕ و توندوتیژی هیچ کاتێک بژاردەی گەلی کوردستان نەبووە کە بۆ هیچ لایەک سوودی نەبووە و ناشبێت.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە ناو هەرێمی کوردستان هەندێ کەس بۆ تێکدانی بارودۆخ هەموو ڕێگەیەکیان تاقی کردەوە و هەموو دەرگەیەکیان کوتا و بە شێوازی جۆراوجۆر کۆسپیان دروست دەکرد، بەڵام هیچیان بەدەست نەهێنا و بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەر لەسەر ئەو نەهجە بێ سوودە بەردەوام بن لە داهاتوویشدا هیچ بەدەست ناهێنن. هیواداریشم هەموو لایەک لە ناوخۆی کوردستاندا لەوە گەییشتبێت کە چارەسەری سەرەکی بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان یەکڕیزی و کۆبوونەوە لەژێر چەتری بەرژەوەندییە هاوبەش و باڵاکانی گەلەکەمانە، چارەسەر ئەوەیە هەموو لایەک لەناوخۆی کوردستاندا بۆ ویستی گەل بگەڕێینەوە کە یەکگرتوویی و برایەتی و تێکۆشانی هاوبەشە.
جێگەی داخێکی زۆرە کە عەفرین تووشی شەڕ و ڕووداوی ناخۆش بووەتەوە و ژیان و ئاسودەیی خەڵک کەوتووەتە بەر مەترسی. ئەو دیمەنانەی لە عەفرین دەبینرێن ناخهەژێنن، شەر لەنێوان هێزە چەکدارەکان شتێکە و سووکایەتیکردن بە ئافرەت و منداڵ و هێما نەتەوەییەکانی میللەتێک و کوشتن و بڕینی هاووڵاتیانی بێ تاوان شتێکی ترە کە نامرۆڤانەیە و پێویستە ڕێگا لەو ڕەفتارە نامرۆڤانەیە بگیرێت. هیوادارم کۆتایی بە کوشتن و ئاوارەکردنی خەڵک بێت و چارەسەری سەرەکییش ئەوەیە کە کێشەکان بە ئاشتی و ڕێکاری سیاسییانە چارەسەر بکرێن. ئومێد دەکەم لایەنە سیاسییە کوردەکانی سووریا بە یەکڕیزی و ڕێکاری ئاشتییانە و کوردانە بتوانن مافە سیاسییەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن و هەموو لایەک ڕێز لە مافی گەلی کورد لە سووریا بگرن.
لە کۆتاییدا لەو بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەدا ئومێد دەکەم لاپەڕەیەکی نوێی یەکڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێتە ئاراوە و هیوای خۆشی بۆ تاک تاکی هاووڵاتیانی کوردستان دەخوازم و سڵاوی تایبەت بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرم و نەورۆزی هەمووتان پیرۆز بێت