مهمترین های هەواڵنقد و بررسی

ململانێی‌ ژێربەژێری‌ دوو ئامۆزا… ئایندەی‌ پارتی‌ بۆ کامیانە.. نێچیرڤان بارزانی‌ یان مەسرور بارزانی‌؟

لەناو حیزبەکانی‌ کوردستانی عیراقدا هیچ حیزبێک هێندەی‌ پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان لەناوخۆیدا تۆکمە نییە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە پاش پاشەکشەی‌ مەسعود بارزانی‌ ئەو حیزبە ئاوها یەکدەست بمێنێت.

لەنەریتی‌ سیاسەتکردندا لەکوردستان واباوە، کە هەموو هێزە سیاسییەکان تووشی‌ پەتای‌ باڵباڵێن دەبن‌و دەبن بەچەند کەرتێکەوە، بەڵام پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان بەدەگمەن ئەم نەخۆشییەی‌ گرتووە، رەنگە نهێنییەکەش ئەوە بێت، کە لەسەرەتاوە وەک حیزبێکی‌ بنەماڵەیی‌ هاتووەتە ئاراوەو دەسەڵات لەباوکەوە بۆ کوڕ گواستراوەتەوە.

بۆ نزیکەی‌ چل ساڵ دەچێت، بەدیاریکراوی‌ لەساڵی‌ ۱۹۷۹وە مەسعود بارزانی‌ لەهەرەمی‌ دەسەڵاتی‌ پارتیدایەو توانیوێتی‌ مەرکەزییەتی‌ ئەو حیزبە بپارێزێت، بەڵام لەمساڵانەی‌ دواییدا ململانێیەکی‌ ژێر بەژێر لەنێوان مەسرور بارزانی‌ کوڕی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ برازایدا هاتووەتە ئاراوەو لەسەروبەندی‌ ریفراندۆمەکەی‌ ئەیلولی‌ پاریشەوە هێڵەکانی‌ ئەو ململانێیە روونتر دەکەون.

پێش ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم، هەر شاندێکی‌ عێراقی‌‌و بیانی‌ سەردانی‌ هەرێمی‌ کوردستانی‌ بکردایە لەگەڵ مەسعود بارزانی‌ کۆدەبوونەوە، هەروەها هەر شاندێکی‌ فەرمی‌ هەرێم بچوایەتە بەغدا، یان وڵاتانی‌ جیهان، مەسعود بارزانی‌ سەرۆکایەتی‌ دەکرد، بەڵام لەمانگی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ ساڵی‌ پارەوە لەوەتەی‌ مەسعود بارزانی‌ دەستی‌ لەپۆستی‌ سەرۆکی‌ هەرێم کێشاوەتەوە، هەردوو ئامۆزاکە جۆرێک لەململانێیان هەیە بۆ شوێنگرتنەوەی‌ “بارزانی‌ گەورە”.

بەپێی‌ ئەو یاسایەی‌ لەپەرلەمانی‌ کوردستانەوە دەرچووە، بەشی‌ هەرە زۆری‌ دەسەڵاتەکانی‌ مەسعود بارزانی‌ گواسترانەوە بۆ سەرۆکی‌ حکومەت کە ئێستا نێچیرڤان بارزانی‌ لەو پۆستەدایە، بەڵام رەنگبێت سەرۆکی‌ حکومەت نەتوانێ‌ مومارەسەی‌ هەموو ئەو دەسەڵاتانە بکات، چونکە جگە لەوەی‌ لەحیزبەکانی‌ دیکە نەیاری‌ زۆرن، لەناوخۆشدا بەر دیواری‌ مەسرور بارزانی‌ ئامۆزای‌ دەکەوێت کە سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ ئاسایشەو هەموو سەرەداوەکانی‌ ئەمنیەتی‌ کوردستانی‌ بەدەستە.

چەند مانگێکە بارزانی‌ نە وەفدێکی‌ رەسمی‌ دەبینێت‌و نە بەسەردانی‌ رەسمی‌ دەچێتە دەرەوە، لەبری‌ ئەو نێچیرڤان بارزانی‌ ئەو ئەرکە رادەپەڕێنێت، بەڵام لە ماوەی‌ رابردوودا لەوە دەچێت مەسرور بارزانیش بیەوێت ببێتە بەشێک لەو گەمەیە.

عەلی‌ عەونی‌ ئەندامی‌ سەرکردایەتی‌ پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان هیچ حاڵەتێکی‌ نائاسایی‌ لەدەرنەکەوتنی‌ مەسعود بارزانیدا نابینێت‌و دەڵێت “سەرۆک بارزانی‌ پێشتر پۆستی‌ سەرۆکی‌ هەرێمی‌ هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو پۆستەی‌ نەماوە، بۆیە شاندەکانیش کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی‌ تری‌ هەرێم، وەک سەرۆکی‌ حکومەت‌و بەرپرسانی‌ تر دەکەن”.

عەلی‌ عەونی‌ بە”نیقاش”ی‌ وت “هۆکارێکی‌ تر ئەوەیە بارزانی‌ خۆی‌ نایەوێت بەشێک لەشاندەکان ببینێت”.

دواین جار نێچیرڤان بارزانی‌‌و مەسرور بارزانی‌ لەسەر ئاستی‌ نێودەوڵەتی‌ دەرکەوتن‌و لەجیاتی‌ مەسعود بارزانی‌ مامەڵەیان لەگەڵ کرا، بانگهێشتکردنیان بوو بۆ کۆنگرەی‌ ئاسایشی‌ میونیخ لەئەڵمانیا، کە لەناوەڕاستی‌ مانگی‌ شوبات ئەنجامدرا.

ململانێی‌ نیمچە دیاری‌ ئەم دوو کاراکتەرەی‌ پارتی‌ شتێکی‌ تازە نییە، بەڵام لەدوای‌ پاشەکشەی‌ بارزانییەوە ئەگەر سەرهەڵدانەوەی‌ بەهێزترە.

نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆکی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستانەو لەناو حیزبەکەشدا جێگری‌ سەرۆکی‌ پارتییە، هەرچی‌ مەسرور بارزانییە، راوێژکاری‌ ئەنجوومەنی‌ ئاسایشەو ئەندامی‌ مەکتەبی‌ سیاسی‌ ئەو حیزبەیە، هەریەک لەمانە رۆژانە لەرێی‌ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چالاکییە زۆرو زەوەندەکانی‌ سەردان‌و پێشوازی‌ وەفدەکان بڵاودەکەنەوە.

ئەم دوو کەسایەتییە لەناو حیزبەکەیان‌و دەرەوەی‌ ئەو حیزبەش هێزو دەسەڵاتێکی‌ زۆریان هەیەو زەحمەتە لەئێستادا بتوانرێت باڵادەستی‌ یەکێکیان بەسەر ئەوی‌ دیکەیاندا دەربخرێت.

لەسەر ئاستی‌ میدیا نێچیرڤان بارزانی‌ خاوەندارێتی‌ کەناڵی‌ تەلەفزیۆنی‌ (رووداو) دەکات کە گەورەترین کەناڵی‌ کوردییە، ئەمە جگە لەهەفتەنامەو دەزگای‌ رۆشنبیری‌ دیکەش، لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی‌ خاوەنی‌ کەناڵێکی‌ دیاری‌ وەک (کوردستان ۲۴) دەکات دیسانەوە لەگەڵ هەفتەنامەو چەند ناوەندێکی‌ میدیایی‌‌و رۆشنبیری‌ دیکە.

زانکۆی‌ کوردستان هی‌ نێچیرڤان بارزانییەو زانکۆی‌ ئەمەریکی‌ لەدهۆک هی‌ مەسرور بارزانییە، نێچیرڤان بارزانی‌ “دەزگای‌ روانگەی‌” خێرخوازی‌ هەیەو مەسرور بارزانیش خاوەنی‌ “دەزگای خێرخوازی بارزانی”یە.

بۆ هەموو سێکتەرو بوارەکانی‌ دیکەش بەم شێوەیەیە، بەڵام رەنگە دیارترینیان ئاستی‌ ئەمنی‌‌و سەربازی‌ بێت، کە لەمەیاندا مەسرور بارزانی‌ باڵادەستتر دەنوێنێت، چونکە مەسرور بارزانی‌ دەسەڵاتی‌ بەسەر دەزگاکانی‌ ئاسایش‌و دژەتیرۆری‌ کوردستان‌و هێزەکانی‌ زێرەڤانی‌‌و بەشێکی‌ زۆر لەلیواکانی‌ یەکەی‌ هەشتای‌ سەر بەپارتی‌ هەیەو نێچیرڤان بارزانیش لەرێگەی‌ رەوان ئیدریس بارزانی‌ برایەوە دەسەڵاتی‌ بەسەر چەند لیوایەکی‌ پێشمەرگە هەیە.

عەبدوڵڵا حەوێز رۆژنامەنووس لەدیسکی رۆژهەڵاتی ناوەرٍاستی تۆڕی‌ “بی بی سی”‌و لێکۆڵەری دیراساتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەزانکۆی کینگس کۆلێج لەلەندەن، دەڵێت: “هەبوونی میدیاو زانکۆ‌و دەزگای جیاواز‌و کۆمپانیا‌و وەبەرهێنانی جیاواز هەمووی ئاماژەی‌ بوونی‌ باڵی جیاوازن لەناو پارتیدا”.

عەبدوڵڵا حەوێز، کە بەوردی‌ چاودێری‌ ناوخۆی‌ پارتی‌ دیموکرات دەکات بە”نیقاش”ی‌ وت “هەریەک لەنێچیرڤان‌و مەسرور لەدنیابینی‌و شێوەی سیاسیەتکردنیشیدا جیاوازن، کە ئەوەش ململانێکانی‌ نێوانیان زیاتر دەکات”.

ئەو توێژەرە نموونەی‌ بەوە هێنایەوە، کە دنیابینی گروپی مەسرور بارزانی‌ “نەتەوەپەرست‌و توند‌و تەقلیدین، زیاتر رێکخراوترن‌و دسپلینیان زیاترە، عەسکەرتارن‌و باوەڕیان بەزمانی زبر هەیەو لەناو ئەندامانی پارتیش زۆرینە پشتیوانیانە”، بەپێچەوانەوە دونیابینی گروپی نێچیرڤان بارزانی‌ “لیبراڵ‌و نەرم‌و نزیکن لەتورکیاو زیاتر گرنگی‌ بە بازرگانی‌ دەدەن”.

وەک هەموو حیزبەکانی‌ دیکەی‌ کوردستان لەکاتی‌ ئامادەبوونی‌ کەسی‌ یەکەمدا بەدەگمەن باسی‌ شوێنگرەوە دەکرێت، بۆ پارتیش بەهەمان شێوەیە، بەڵام لەدوای‌ پاشەکشەی‌ مەسعود بارزانییەوە زۆر کەس پێیان وایە جموجۆڵە ناوخۆیی‌‌و نێودەوڵەتییەکانی‌ ئەو دوو ئامۆزایە بۆ ئەوەیە وەک شوێنگرەوەی‌ “بارزانی‌ گەورە” خۆیان نمایش بکەن.

لەمانگی‌ ئۆکتۆبەری‌ رابردووەوە گرژی‌‌و پێککدادانی‌ سەربازی‌ لەنێوان پێشمەرگەو هێزەکانی‌ عێراقدا روویدا، ئەوکات رۆڵی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ زیاتر کەوتە بەرچاوان‌و لەچوارچێوەی‌ هەوڵەکانیدا بۆ کردنەوەی‌ دەرگا داخراوەکانی‌ هەرێم، چەند جارێک سەردانی‌ بەغداو وڵاتانی‌ دراوسێ‌‌و ئەوروپای‌ کرد، بەڵام ئەم جموجوڵە دیبلۆماسییانە بێ وەڵام نەبوون، مەسرور بارزانیش بەسەردانێکی‌ چاوەڕواننەکراو لە ۲۲ی‌ شوبات سەردانی‌ ئەمریکای‌ کردو لەکۆشکی‌ سپی‌ لەگەڵ بەرپرسانی‌ ئەمریکا کۆبووەوە.

هێمن هەورامی‌ راوێژکاری‌ سیاسی‌ مەسعود بارزانی‌، جوڵە دیبلۆماسییەکانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌‌و مەسرور بارزانی‌ بە “جوڵەی‌ ئاسایی” دەزانێت‌و بۆ “نیقاش” وتی‌ “ئەوان تەنیا بۆ کرانەوەی‌ هەرێم بەڕووی‌ دنیای‌ دەرەوەدا هەوڵ دەدەن، ئەوەش دوای‌ ئەو کاردانەوە سیاسی‌‌و دیبلۆماسییەی‌ لەسەر هەرێم دوای‌ پرۆسەی‌ ریفراندۆم دروستبوو”.

هێمن هەورامی‌ رەتیکردەوە، جوڵەی‌ بەرپرسەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان پەیوەندی‌ بەناوخۆی‌ پارتی‌ هەبێت‌و دەشڵێت: “ئەوان بۆ ئەوە کاردەکەن، کێشەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان چارەسەربکەن، نەک کێشە دروستبکەن، وەک ئەوەی‌ هەندێک باسی‌ دەکەن”.

بەڵام کامەران مەنتک مامۆستای‌ زانکۆی‌ هەولێرو چاودێری‌ سیاسی‌ ئەو جوڵانە بەجوڵەی‌ ئاسایی نابینێت‌و بۆ “نیقاش” وتی‌ “کێشەو ململانێی‌ نێوان نێچیرڤان بارزانی‌‌و مەسرور بارزانی‌ کێشەیەکی‌ لەمێژینەیەو بەدرێژایی مێژووی‌ پارتی‌ بەردەوامی‌ هەبووە”.

وتیشی‌ “کەمبوونەوەی‌ رۆڵی‌ بارزانی‌ لەسەر ئاستە جیاوازەکان، رێگەی‌ بۆ تووندبوونەوەی‌ ململانێکان زیاتر کردووەو ئەگەر هەیە لەداهاتووش ئەو ململانێیانە زیاتر بن، بەتایبەتی‌ ئەگەر مەسعود بارزانی‌ نەگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانەکە… هەموو جوڵە ناوخۆیی‌و دەرەکییەکانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌‌و مەسرور بارزانی‌ بۆ ئەوەیە جێگەی‌ مەسعود بارزانی‌ بگرنەوەو پەیوەندی‌ زیاتر دروستبکەن، چونکە ئەوە پاڵپشتی‌ بەهێز دەبێت بۆ ئەوەی‌ لەداهاتوو ببنە کەسی‌ یەکەمی‌ هەرێم”.

تەنانەت لەبابەتی‌ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆمیشدا ئەو دوو سەرکردە دیارە بۆچونیان جیاواز بوو، مەسرور بارزانی‌ بەسەرسەختانە لەگەڵ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆمدا بوو، نێچیرڤان بارزانیش خۆی‌ دوورەپەرێز گرتبوو.

عەبدوڵڵا حەوێزی‌ رۆژنامەنووس لەو بارەوە دەڵێت: “جیاوازی‌و ناکۆکیەکانیان لەبارەی ریفراندۆم بەشێوەیەک بوو کە مەسرور بەمەکینەی پشت ریفراندۆم دادەنرێت، بەڵام نێچیرڤان ئەنجامدانی ریفراندۆمی لەم کاتە پێباش نەبوو”.

ئەو وتیشی‌: “دوای شکستهێنانی ریفراندۆمیش مەسرور لەگەڵ ئەوە بوو ئەگەر بەهێزیش بێت تەنیا پارتی دەسەڵاتی لەسنوورەکانی فیشخابوورو ئیبراهیم خەلیل هەبێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ گفتوگۆو رێککەوتنە، بەشێوەیەک بەهاوبەش لەنێوان هەولێرو بەغدا بەڕێوەببرێن”.

لەگەڵ ئەوەی‌ لەزۆربەی‌ ئاستەکاندا ململانێی‌ دوو ئامۆزا دیارە، بەڵام تائێستا هەردوولا دەستیان بەمەرکەزییەتی‌ پارتییەوە گرتووەو لەتۆکمەییدا کەوتونەتە پێش حیزبەکانی‌ ترو رەنگە لەئایندەشدا بەپێچەوانەی‌ حیزبەکانی‌ دیکەوە لەسەر جۆرێک لەدابەشکردنی‌ دەسەڵات رێک بکەون کە بەرژەوەندی‌ هەردوولایان بپارێزێت. / شارپریس

نمایش بیشتر

هـه‌ژار رحـیـمـی

علاقه مند به ترجمه و نوشتن در حوزه های تخصصی IT ، سیاست ، اقتصادی و اجتماعی

دیدگاهتان را بنویسید

نوشته های مشابه

دکمه بازگشت به بالا