یه‌په‌گه و سوپای سوریا له‌باره‌ی عه‌فرینه‌وه گه‌یشتنه ڕێککه‌وتن

یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) له‌گه‌ڵ سوپای سوریا گه‌یشتنه ڕێککه‌وتن، به‌مه‌به‌ستی ڕێگه‌دان به‌سوپای سوریا که بچێته عه‌فرین.
ئاژانسی فورات نیوز له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌کی تایبه‌ته‌وه بڵاویکرده‌وه، یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) و سوپای سوریا له‌باره‌ی چونه ناوه‌وه‌ی چه‌ند یه‌که‌یه‌کی سوپای سوریا بۆ عه‌فرین ڕێککه‌وتوون.
سه‌رچاوه‌که‌ی فورات نیوز ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، قۆناغی یه‌که‌می دانوستانه‌کان به‌ئاماده‌بوونی فه‌رمانده‌کانی یه‌په‌گه‌و سوپای سوریا له‌حه‌له‌ب بوه، به‌ڵام ئاسته‌نگ بۆ گفتوگۆکان دروستببوه ئه‌ویش به‌هۆی ڕوسیاوه که ڕێگربووه له‌به‌رده‌م ڕێککه‌وتنه‌که.
به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گه‌ڕی یه‌که‌می دانوستانه‌کانی یه‌په‌گه‌و سوریا، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه به‌و ئه‌نجامه کۆتایهاتووه، که بنکه‌ی ئاسمانی سوریا له‌عه‌فرین بێت، هه‌روه‌ها چه‌ند یه‌که‌یه‌کی سوپای سوریاش له‌سه‌ر سنوره‌کان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له‌هێرشی تورکیا بۆسه‌ر عه‌فرین بکات.
سه‌رچاوه‌که ڕه‌تیکردووه‌ته‌وه ڕێککه‌وتنه‌که بواری سیاسی یان ئیداری له‌خۆ بگرێت، مه‌رجی یه‌په‌گه‌شی ئاشکراکردوه که ده‌بێت ته‌نیا چه‌ند یه‌که‌یه‌کی سوریا له‌سه‌ر سنور بێت.
به‌وته‌ی چاودێرانی سه‌ربازی، گه‌ر ئه‌و ڕێککه‌وتنه بکه‌وێته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌و ڕێگری له‌فڕۆکه‌کانی تورکیا له‌ئاسمانی عه‌فرین بکرێت، ئه‌وا تورکیا له‌سه‌دا ۸۰ی هێزی خۆی له‌و ناوچانه له‌ده‌ستده‌دات.