تێکدانی ژینگە لە نێو هاوسەنگییەکی ناڕێکی سوود ـ تەوەر / ئەرسەلان بورنا*

کێشە و قەیرانە ژینگەییەکان وێڕای کاری کشتوکاڵی جڤاتە سەرەتایییەکان بۆ وەدەست هێنانی بەرهەمی زێدەتر بە تێپەڕبوونی زەمەن تووشی گۆڕانکاری بەرچاو هاتوونە. قەیرانە ژینگەییەکان لە گەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیی ڕەهەندی جیاوازییان بە خۆیانەوە گرت و جاروبار، کاریگەرییەکی بەبێ گەڕانەوەیان لە سەر ژیانی کۆمەڵگاکان و سرووشتی دەوروبەری ئێمە داناوە. بە جۆرێک کە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆکەیی لە گەڵ یەکێک لە سەرەکی ترین قەیرانەکان کە مێژوو بە خۆی دیتووە ڕووبەڕوو هاتوونەوە. هاوکات، ڕەوتی ئاسایی ـ سرووشتی لە پەیوەندی لە گەڵ ژینگە بە هۆی دەستدرێژییەکان و کەمترخەمی کۆمەڵگا و دەوڵەتەکان لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی تووشی لێک ترازان هاتووە و پەیهاتەکانی دەرکەوتوو لە ئەو بەباشی هەست پێ دەکرێن.
مێژووی چەند هەزار ساڵەی مرۆڤایەتی هاوتەریب لە گەڵ پێشکەوتن و گەشەکردنی خۆی ڕووبەڕووی لادانە کاریگەردانێرەکانیش هاتووەتەوە. کۆمەڵگاکان لە قۆناغە سەرەتایییەکانی شارستانییەت هەتا کۆتایی سەدەی ١٧ لە سەر هاوسەنگی پێداویست لە گەڵ ژینگەی دەوروبەری خۆیان پێداگرییان کردووە کە، لە سەر بنەوانی ئەم گرێدراوییە دوولایەنە پەروەردە و گەورە بوونە. هاوسەنگی هەبوو دوابەدوای پەرەسەندنی شۆڕشی پیشەسازیی و لە پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی چەوسێنەر؛ کۆمەڵگاکان بە مەبەستی بەهرەوەری زێدەتر خۆیان لە دژایەتی لە گەڵ سرووشتی دەوروبەری خۆیان پێناسە و جێگە داوە. ئاسەوارەکانی سەرچاوەگرتوو لە دەستدرێژی و کاولکارییەکانی پێکهاتوو، کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر پەیوەندییەکان داناوە. هەر بۆیە، لە داهاتوویەکی نە زۆر دوور ئەگەری دەرکەوتنی قەیرانە مرۆڤی، ژینگەیی، سیاسی و دەستپێکردنی شەڕەکان دوور لە چاوەڕوانی نییە.
جڤاتە مرۆڤییەکان لە گرێدراوییەکی سرووشتی لە گەڵ ژینگە کەڵکیان لێ وەرگرتووە کە وێڕای شۆڕشی پیشەسازیی و باوبوونی ” چاندی بەکاربەر “؛ پەیوەندییەکی لەم جۆرە سوود ـ تەوەر پێناسە کراوە و هەوڵی دێپۆکردنی زێدەتر دراوە. لە ڕاستیدا، بەکارهێنانی بی سەروبەرە هۆکاری داپچڕانی هاوسەنگی ئاماژە پێکراو بووە و شوێن پێ ئێمە لە کاولکارییەکانی نێو ژینگە بەباشی دەبینرێ. پێکهاتەکانی ئێستاکە بە شێوەیەکی بەردەوام هاوسەنگی نێوان کۆمەڵگاکان ـ ژینگەیان تووشی دابڕان کردووە کە دڵخۆشکەر نییە. لەم ڕوویەوە، کەڵکی نابەجێ لە سەرچاوە بەردەستەکان و دەستدرێژییەکان کاولکاری زۆرتری لێ کەوتووەتەوە و بارێکی قورس لە سەر ژینگە دادەسەپێنێ.
وێڕای سەرنجدان دەورگێڕانی ژینگەی دەوروبەرمان لە شێوەی ڕواڵەت پێدان بە جڤاتەکانی ئێمە؛ پێداویستە ئاماژە بەم خاڵە بدرێ کە قەیرانە ژینگەییەکان لە ئاستی ئێران زۆر مەترسیدارن. سەرەڕای ئەمەی کە ئەمساڵ لە بەراوورد بە ساڵانی ڕابردوو ئاستی بارینەکان لە وەرزی پاییز یەکجار کەم بووە بەڵام لە گەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستانیش دیسان بارینێکی ئەوتۆ بەدی نەکراوە. بارستای بارینەکان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و وێڕای گۆڕینی بارینەکان لە بەفرەوە بۆ باران لە لێواری کارەساتێکی گەورە جێگەمان گرتووە.
لێدانی بەنداو گرینگایەتی نەدان بە پەیهاتەکانی، ویشک بوونی تاڵاوەکان، خۆڵ بارین، ویشک بوونی پانتاییەکی زۆر لە دەریاچەی ورمێ، بە کارهێنانی لە ڕادەبەدەری سووتەمەنی، بڕینی دارەکان، گۆڕینی بواری ڕووبارەکان و ڕاگواستنی ئاوی ئەوان بۆ پارێزگانی دیکە بەبێ لە بەرچاوگرتنی بارودۆخی ژیواری ناوچەکە، کێشەی کەم ئاوی و بێ ئاوی، بە فیرۆدانی ئاو لە بەشەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی و هاوکات، دابەزینی بارینەکان ئیمەی لە دۆخێکی نەخوازراودا جێگە داوە.
بەدڵنیایی، قەیرانە ژینگەییەکان هیچ سنوورێک ناناسێ. ئەم پرسە لە ئێران نەک تەنیا لە لایەن دەوڵەتەکانەوە ڕێکارێکی گونجاو یان گەڵاڵەیەکی هەمەلایەنە بۆ چارەسەرکردنی ئەوان پێشکەش نەکراوە بەڵکوو ” ڕێکخراوەی پاراستنی ژینگە ” و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانیش تەنیا بڵیندگۆی دەوڵەت بوونە. قسەکانی ئەم دواییەی عیسا کەلانتەری کەمترخەمی بەرپرسان دەردەخات و لە بنەڕەتەوە، ئەم ڕێکخراوەیە لە پێناو کردەوەیی کردنی گەڵاڵە ژینگەییەکان و پاراستنی هەڵسوکەوت ناکات. سەرەڕای هەمووی ئەوانە، داوا لە تەواوی چینەکان کۆمەڵگا دەکەین کە بەرپرسایەتی مێژوویی خۆیان لە هەمبەر ژینگە جێبەجێ بکەن و لە دەست تێوەردان یان دەستدرێژی زۆرتر بۆ سەر ژینگە خۆبپارێزن.
ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی )