سیاسیمهمترین های هەواڵنقد و بررسی

مۆدێڕنسازی یا ڕۆژئاواییبوونی ئێمە… /ئەرسەلان بورنا*

مۆدێڕنسازی یا ڕۆژئاواییبوونی ئێمە…

ئەرسەلان بورنا*

ئەمڕۆکە هەوڵدان و گەیشتن بە پێوەرەکانی جیهانی ڕۆژئاوایی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیمۆکراتیک بۆ باشتر کردنی پێوەرەکانی ژیان داواکاری سەرجەم گەلانی هەرێمییە. لەم ڕوویەوە، گرینگایەتی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو بە باشی هەست پی دەکرێ بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە دەستەبژێران و چاکسازیخوازان خوێندنەوەیان لەمەڕ مۆدێرنسازی یا ڕۆژئاواییبوون چییە؟!

دوابەدوای شەڕی یەکەمی جیهانی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت _ نەتەوەکان؛ بابەتی مۆدێڕنسازی لە ڕیزبەندی سەرەوەی پرسەکان جێگەی گرتووە. سەرەڕای هەوڵەکانی ئەم بەرەیە و لە زۆربەی خاڵەکاندا یارمەتیدانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەڵام دەستکەوتە دڵخوازەکان وەدی نەهاتوونە. ڕوون و ڕاشکاوەیە وەڵامێکی تەواو پێچەوانەمان وەرگرتووە و لە ڕووی پەرەسەندنی ئابووری و پەرەسەندنی سیاسی دەرنجامێکی ئەرێنی و باشمان نەبووە. وادایارە، گەلانی هەرێمی لە دۆزەخی مۆدێڕنسازی و ڕۆژئاواییبوون گیریان خوارددووە کە دەربازبوونی ئەستەم وەبەرچاو دەکەوێ.

لەم ڕوانگەوە، شرۆڤەیەکی ڕێک و لۆژیکی لە لایەن بیرمەندی ئەمەریکایی ” سامۆیل هانتینگتۆن ” خراوەتە بەر دەستەوە کە دەڵێ: ” ئێمە مۆدێڕنسازی و ڕۆژئاواییبوونمان بە تەواوی تێکەڵ بە یەک کردووە و ناتوانین لێک جیایان بکەێنەوە “. کەواتە، بەپێی ئەم خوێندنەوەیە گەلانی هەرێمی و لەم نێوانەشدا نەتەوەی کورد؛ بەر لە ئەوەی کە کۆمەڵگا یا وڵاتێکی مۆدێڕن ببین خاوەن پێناسەیەکی تایبەت بە خۆمانین کە بەدرێژایی چەند هەزار ساڵ وێڕای کەموکووڕییەکانی ژیان کراوە و پێک هاتووە. هەربۆیە، لێرەدا گرینگایەتی و پەیوەندایەتی ئەم پرسە بە باشی دەردەکەوێ کە هەڵگری خاڵە نەرێنی و ئەرێنییەکانی خۆیەتی.

لە ڕاستیدا، مێژووی جیهانی ڕۆژئاوایی چ لە ڕووی دیرۆکی و چ لە ڕووی سیاسی _ ئابووری مێژوویەکی جێی شانازی و پڕ بایەخ نییە. ڕۆژئاوا لە سەدەی ١٨ و وێڕای سەرهەڵدانی ” شۆڕشی پیشەسازیی ” توانی گۆڕانکاری بنەڕەتی و گونجاو لە نێوخۆیدا پێک بهێنێ. جیاواز لە ئەوە، بۆ گەیشتن بەم پێگەیە نزیک بە ٢٠٠ ساڵ دەستی بە داگیرکەری و چەوساندنەوەی گەلانی ڕەسەن کرد و هەر وەها، دوو شەڕی جیهانی وەڕێ خستووە. سەرەڕای تەواوی ئەوانە بەڵام ئەمڕۆکە چەمکی گۆڕدران بۆ تێپەڕ بوون بە کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن پێوەرەکانی وەک پیشەسازیی، شارنشینی، بەرز بوونەوەی ئاستی خوێندەواری، پەروەردە، ژیانێکی باشتر و ئاستی سامانی وڵات و داهاتی تاکەکان گرینگایەتییەکی تایبەتی هەیە.

جیهانی ڕۆژئاوایی یا ڕەنگە باشترە بڵێن کۆمەڵگای مەدەنی ئەم وڵاتانە کە لە ئێستادا دەوڵەتە دیمۆکراتیکەکان نوێنەرایەتی ئەوان دەکەن بە باشی خوێندنەوەیان بۆ مێژوو، بابەتی جیا کردنەوەی کلێسە لە دەوڵەت، سەردەستی یاسا و … کردووە. جیاواز لە ئەمە، پرسێک کە وەک مۆدێڕنسازی دەێناسین زێدەتر چەمکێکی ڕۆژئاوایی نەک ڕۆژهەڵاتی پێناسە دەکرێ کە هەڵگری تایبەتمەندییەکانی خۆیەتی. ئەگەر چی وڵاتانی ناڕۆژئاوایی وەک ژاپۆن، کۆریا باشوور، سنگاپوور و … لە ڕیزی وڵاتە مۆدێڕن و پێشکەوتووەکانن بەڵام بە هۆی پاراستنی هیندێک دابونەریتی کۆنی خۆیان بە پێچەوانەی ئەوانی دیکە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لە سەر گۆڕانکارییەکان، چاند و گۆڕەپانی وڵاتانی بەرەو پێشکەوتن دانەناوە.

بەپێی ئەم خوێندنەوەیە لە وتەزاکانی ” مۆدێڕنسازی ” و ” ڕۆژئاواییبوون ” پێداویستە بە باشی لە سەر خاڵی یەکەم ڕاوەستە بکەین و پێوەرەکانی خۆمان کەم بایەخ نەزانین. ئەمڕۆکە جیهان یەک ڕەهەندی نییە و ناکرێ بەم جۆرەش بێ. کەواتە، تەکووزی نوێ جیهانی وێڕای سەرهەڵدانی ئەوانی دیکە لە سەر ناوی چاندە جیاوازەکان پێویستی بە گۆڕانکاری لە سەر بنەوانی بەرژەوەندییەکانی تەواوی تاقم و نەتەوەکان هەیە. لەم ڕوانگەوە، خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنە بۆ مۆدێڕنسازی نەک ڕۆژئاواییبوون دەتوانێ ئێمە بە ئاکام و دەستکەوتە دڵخوازەکان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک و پێشکەوتووتر یارمەتی بکات.

ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی )

تمامی مقالات ارسالی بیانگر دیدگاە نویسندگان آن می باشد

لینک ورود به کانال رسمی پایگاه خبری هه وال
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دکمه بازگشت به بالا