” کۆمەڵگایەکی سیاسی ” لە ئازادی و یەکسانی نزیکتر دەبێتەوە!

” کۆمەڵگایەکی سیاسی ” لە ئازادی و یەکسانی نزیکتر دەبێتەوە!
ئەرسەلان بورنا*
بە درێژایی مێژوویەکی دوور و درێژ پەیوەندییەکانی نێوان ئازادی و دیمۆکراسی هەردەم جێی باسوخواس و خوێندنەوەیەکی تایبەت بووە. هەر بۆیە، ئەمە بابەتێکی تێکچنراوەیە کە مشتومڕێکی زۆری لێ کەوتووەتەوە. لە ڕاستیدا، دوا بە دوای شۆڕشی پیشەسازی و زاڵ بوونی هێژمۆنی دەوڵەت _ نەتەوە لە کۆتایییەکانی سەدەی ١٨ تاکوو ئەمڕۆکە بە پێی شێوازەکانی دەسەڵاتداریی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و تەنانەت نەرێنی و پێچەوانەیان لە سەر هەڤ دوو داناوە. وادیارە، لە ئاکامی ئەم گرێدراوییە پەرەسەندنی هەر کامیان لایەنی هەڤبەریی بەهێز کردووە یا گەشەی پێ داوە. لە لایەکی دیکەوە و گرێدراو بەم دوو چەمکە پەیوەندیی نێوان سیاسەتی کۆمەڵایەتی لە گەڵ ئازادی دێتە ئاراوە کە ناتوانین ئەم بابەتە جیاواز لە دیمۆکراسی یا وەدی هێنانی ئەو شرۆڤە بکەین.
جێی دوودڵی نییە کە باشترین شێوازی سیاسەتی کۆمەڵایەتی سیاسەتێکی دیمۆکراتیکە کە بایەخێکی زۆرتر لە چەمکی دەوڵەتی دیمۆکراتیک بە ژیانێکی ئازاد دەدات. بەپێی ئەم پێناسەیە؛ چەمکی سیاسەتی دیمۆکراتیک یارمەتییەکی باش بە ئەوە دەکات کە بە هەر ڕادەیەک کە کۆمەڵگا لە ڕووی سیاسی وشیار بکەێنەوە بە هەمان ڕادەیەش بە ئازادی و پێوەرەکانی ژیانێکی ئازاد و دیمۆکراتیک نزیکتر دەبینەوە. کەواتە، پەیوەندییەکی دوولایەنە و گرینگ لە نێوان ئەم دوو چەمکە بەدی دەکرێ. هەر وەها، گرێدراو بەم پرسە زۆر بەستێنی کۆمەڵایەتی جیاوازتر بوونیان هەیە کە یارمەتی بە ئازادی و سیاسەت دەدەن.
جیاواز لەم پێناسە کورتەیە لە مەڕ سیاسەت و ئازادی؛ دوو وڵاتی بەریتانیا و ئەمەریکا بە درێژایی نزیک بە سێ سەدە لە ڕێگەی پەرە پێدان و سەقامگرتوویی دەوڵەتی دیمۆکراتیک هەوڵیان داوە ئاسایش و هێمنایەتی بۆ خەڵکانی جیهان دەستەبەر بکەن کە هەتا ئاستێکی باش بەم ئامانجە گەیشتوونە. سەرەڕای تەواوی دەستکەوتە وەدی هاتووەکان وێدەچێ تەنیا کاتێک بتوانین بایەخ بە جیاوازییەکان بدەین کە پەیوەندییەکی واتادار لە نێوان یەکسانی و ئازادی دامەزرێنن کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی کۆمەڵایەتیش بە هەژمار دێ. هەر بۆیە، دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت ئەمەریکا لە سەر ناوی لیبراڵ دیمۆکراسی هەوڵی خستنە بەردەستی پێناسەیەکی جیاوازتریان لە گۆڕی ئارمانەکانی خۆیان داوە. ئەم سەرچەشنە وێڕای سەرهەڵدانی یاریچییە نویەکان ڕووبەڕووی زۆر کێشە هاتووەتەوە کە لە ئێستادا وەڵامدەری ویست و داخوازییەکانی گەلان و کۆمەڵگای مەدەنی بە گشتی نییە.
جیهانی ڕۆژئاوایی بە پێشەنگایەتی ئەمەریکا هەوڵی داوە کە چەمکی ئازادی لە دوو وتەزای ” ئازادی ئەرێنی ” و ” ئازادی نەرێنی ” پێناسە و کورت بکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا بایەخ پێدانی لە ڕادەبەدەر بە ئازادی تاکەکەسی و تاکەکەسگەرایی خەسارێکی زۆر و هەمەلایەنەی لە ئازادییە گشتییەکان داوە کە کۆمەڵگا و تاکی مرۆڤی لە دوو مەتەرێزی دژ بە یەک جێگە داوە. تاکەکەسگەرایی سەرەڕای خەسارەکانی بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگا هەڵگری زۆر دیاردەی کۆمەڵایەتی دیکە بووە کە بەرچاوترینی ئەوان پەروەردە کردنی تاک و کۆمەڵگایەکی کۆیلە بووە. بە گشتی، تاکەکەسگەرایی کە سەرچاوەی لە لیبرالیزمدا گرتووە هۆکاری داڕزانی سیاسەت لە نێو جڤاتە مرۆڤییەکان و سنووردارکردنی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان بووە.
ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی )
تمامی مقالات ارسالی بیانگر دیدگاه نویسندگان آن می باشد