
گەورەترین تاڵاوی باشووری دەریاچەی «ورمێ» و یەکێک لە بەنرخترین ژینگەی جۆرەکانی پەلەوەر لە باکووری رۆژئاوای ئێران بەھۆی ساکاری تاقمێکی نەزان و ھەڵپەرست لە ئاگردا سووتا
وەکوو دیارە لە بەیانی ڕۆژی ١۴ گەڵاڕێزان ٢٧٢٠ دا بە دوای دیتنی دەستەیەک لە ڕاوچی ئیزن پێنەدراوەکانی ناوچەی شامات لە لایەن پسپۆرانی مەھابادی و ژینگەپارێزانی تاڵاوی کانی بەرازان، پەلامار دەدرێن و لە ئەنجامدا لە بەشی قامیشەڵانی ڕۆژھەڵاتی تاڵاودا کە ڕێگەیان لێ دەبەسترێ لە داو دەکەون و خۆیان حەشار دەدەن. ھەر بۆیەش بۆ سەرقاڵ کردن و بە لاڕێبردنی ژینگەپارێزان بنج و دەوەنی گیابەرگی ئەم بەشە ئاگر تێبەردەدەن کە بەم شێوە کارە بتوانن ڕێگەیەک بۆ دەربازبوونی خۆیان بدۆزنەوە.
ئەم تاڵاوە بەهۆی ھەبوونی ڕادەی ئاوی پێویست و هەمیشەییەوە، جێگەی ژیانی هەموو جۆری پەلەوەری کۆچکەر و باڵندەی ناوخۆیی پێک ھێناوە و ھەر ئەم خاڵەش بۆتە ھۆی وەیکە دەرفەتێکی باش بۆ کەسانێکی سوودخۆر و بەھەل بۆ ڕاوی ئاژەڵان پێک بێنێ و سرنجیان ڕابکێشێ. کە بەداخەوە لەم ڕووداوەدا نزیک بە ١۵ ھێکتار لە قامیشەڵان و گیای بەشی ڕۆژھەڵاتی تاڵاوەکە و ھەروەھا ھێلانە و شوێنی چەندین گیانلەبەری نێو مێرگەکان لە ئاگردا سووتان.
تاڵاوی نێونەتەوەیی کانی بەرازان یەکێک لەو ناوچە گەشتیارییانەی ناوچەی شاروێرانی مەھابادە کە ساڵانە سرنجی خەڵکانێکی زۆڕ لە کوردستانی موکریان، ناوچەکانیتری ئێران و تەنانەت لە دەرەوەی وڵات بەخۆی ڕادەکێشێ. بووژانەوەی ئەم تاڵاوە و ھەبوونی زۆریی جۆری باڵندە لە ناو تاڵاوەکەدا، ھەرە لە گرینگترین خاڵەکانن کە دەتوانێ سرنجی کۆمەڵگایەک کە حەزیان لە ژینگە و پەلەوەرە، بۆ لای خۆی ڕابکێشێ.
تاڵاوی نێودەوڵەتی کانی بەرازان، بە پانتایی زیاتر لە ٩٢٧ هیکتار لە ٣٠ کیلومەتریی باکووری مهاباد و لە نێوان دوو گوندی «خۆرخۆرە» و «قەرەداغ» هەڵکەوتووە. ئەم تاڵاوی لە بنارەی کێوی شاخەڕەش دایه کە ساڵانه پەلەوەرێکی زۆری کۆچەری وەک چەشنە جۆراو جۆرەکانی مریاوی، قاز، قورینگ و… دەبنە میوانی ئەم تاڵاوە. هەر ئەمەش بۆته هۆی وەیکە خەڵکێکی زۆر بۆ دیتنی ئەم وێنە بێ وێنانه رووی تێبکەن.
ئەمە لە حالێک دایە کە ھەموو ساڵێ بە ھاتنی وەرزی سەرما تاقمێک لە ڕاوچێکانی خۆ ھەڵپەرست، بە بێ یاسا و ھیچ بەڵگەیەک لە وەرزی ناڕەوا و لە ناوچە ئیزن پێنەدراوەکانی شاروێران، بە قەدەغە ڕاوێ دەکەن. جێی خۆیەتی کە دەزگاکانی حکومی و ناوەندەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە، یاسا و قانوونێکی نوێ دابڕژن و پێداچوونەوەی توندیان لەگەڵ کەسانی تاوانبار ھەبێ تا چیدیکە بینەری ئەم ڕووداوە دڵ ھەژێنانە لە ناوچەمان نەبینەوە.
لە ناوچەی شاروێران و لە تاڵاوی کانی بەرازان تا ئێستا ۴۵ جۆری گژوگیا لە ٣۵ رەگەز و ١٧ بنەماڵەی گیایی تۆمار کراوە کە ئەم گژوگیایە ٢١ کۆمەڵگەی گیایی پێک دێنن. کە زۆر بەداخەوە بەھۆی ئاگردانی، زیاتر لە نیوەی قامیشەڵان و گیاوگۆڵی بەشی ڕۆژھەڵاتی ئەم تاڵاوە سووتا و مەفع بۆوە. جێی ئاماژەیە کە لە ٣ ساڵی ڕابردوو دا ئەمە بۆ ۴مین کەرەتە کە بینەری ئاگردان و سووتانی ژینگەی کانی بەرازان دەبین.
لە کۆتاییدا شایانە کە دەستخۆشی لە ناوەندی فەرمانداری مەھاباد، بەخشداری ناوەندی، ناوەندی ژینگەپارێزی مەھاباد، لێپرس و پۆلیسی پازگای دارەلەک، پاسەبانانی ژینگەپارێزی کانی بەرازان، ستافی ئاگرگوژێنەوەی مەھاباد و قونقەڵا، بەڕێوەبەر و کرێکارانی لاوی کانگای بەردی قوڵەسەن، ژینگەپارێزانی ناوچەی شاروێران، خەڵکی بەشەڕەفی قەرەداغ و خوڕخوڕە و ئەمەگناسانی گوندەکانی دەورووبەر بکەین کە بێ درەنگی و ڕاوەستان بۆ گوژانەوەی ئاگرەکە قۆڵیان ھەڵماڵی و خەمخۆرانە نەوەستان.
🖊 ئارام ھیدایەتنیا (شاروێران)